سەندیكا و ڕێکخراوەکانی ڕۆژنامەنووسان داوای ئاشكراكردنی چارەنووسی سلێمان ئەحمەد دەکەن

سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عێراق و سەنتەری میترۆ ئیدانەی بێسەروشوێنکردنی ڕۆژنامەنووس، سلێمان ئەحمەد دەكەن. ھەروەھا داوای ئاشكراكردنی چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەكەن، كە ماوەی پێنج ڕۆژە لەلایەن هێزەكانی پەدەكەوە لە دەروازەی فیشخابوور دەستگیركراوە.

ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، هاوڵاتییەكی ڕۆژئاوای كوردستانە و ماوەی پێنج ساڵە لە هەرێمی كوردستان كاری ڕۆژنامەوانی دەكات، دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بۆ دیدار لەگەڵ بنەماڵکەی سەردانی شاری حەلەبی کردووە لە کاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان، لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن هێزەكانی پەدەكەوە دەستگیركراوە  و ماوەی پێنج ڕۆژە چارەنووسی نادیارە.

لەبارەی بێسەروشوێنکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە د. ئەرادە جبوری، بەرپرس لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی عێراق بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە، ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، كە هەواڵسازی بەشی عەرەبییە لە ئاژانسی ڕۆژنیوز ئیدانە دەكەین، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین چارەنووسی ئاشكرا بكەن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەوڵەكان بۆ بێدەنگ كردن و ڕاوەدوونانی ڕۆژنامەنووسان لە هەولێر و دەروازە سنوورییەكانی ژێر دەسەڵاتی پەدەكە زیادی كردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد سیستماتیك و نایاساییە.

ھاوکات سەنتەری میترۆ، بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس، سلێمان ئەحمەد ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان کرد، چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاشكرا بكات.

لە ڕاگەیاندراوەکەی سەنتەری میترۆدا داواش کراوە، "ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، بە سەلامەتی بگەڕێتەوە شوێنی کارەکەی".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەنتەری میترۆ راوێژكاری یاسایی خۆی راسپاردووە بە مەبەستى بەدواداچوونی كەیسی (سلێمان ئەحمەد)، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی رۆژنیوز، لەگەڵ هەر پێشكەوتنێك لە كەیسەكەدا ڕای گشتی ئاگادار دەكەینەوە.

پێشتر ئاژانسی ڕۆژنیوز، وێڕایی ئیدانەکردنی دەستگیركردنی سڵێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنوسی ئاژانسەكەیان، داوای لە پەدەكە کردبوو چارەنووسی ئاشكرا بكات و دەستبەجێ ئازادی بكات، چونكە وەک ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە، تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەبارەی  چارەنووسی بەردەست نییە.