سلێمان ئەحمەد یەکێک لە هەواڵسازانی ڕۆژنیوز، ڕۆژی 1ی تەشرینی یەکەم بە ڕەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی سەردانی بنەماڵەکەی لە ڕۆژئاوا کردبوو، بەڵام ڕۆژی 25ی تەشرینی یەکەم لە گەڕانەوەدا، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە ڕفێندراوە.
چەندین ڕۆژە هیچ زانیارییەک لێی وەرنەگیراوە و بەهۆی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتییەوە، پەدەکە ناچار بوو دانی پێدا بنێت کە ئەو ڕۆژنامەنووسەیان دەستبەسەر کردووە. بەڵام تا ئێستا نازانرێت لە کوێیە و لە چ بارودۆخێکدا زیندانی کراوە. سەرەڕای هەوڵی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پارێزەرانیش، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد نەدراوە.
دەبێت بەبێ مەرج ئازاد بکرێت
کۆمیتەی بەگریی لە لە ڕۆژنامەنووسان ڕۆژی چوارشەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای کردووە دەستبەجێ شوێنی سلێمان ئەحمەد ئاشکرا بکرێت و بەبێ مەرج ئازاد بکرێت و کۆتایی بە فشاری سەر ڕۆژنامەنوسان بهێنرێت.
ڕێکخەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای سی پی جەی شەریف مەنسوور لە واشنتۆن ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی:"پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق دەستبەجێ شوێنی ڕۆژنامەنووس سلێمان محەمەد ئەحمەد ئاشکرا بکەن و ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵی هەڵبوەشێننەوە و بەبێ مەرج ئازادبکرێت."
بە شێوەیەکی پلانبۆداڕێژراو و نایاسایی ڕۆژنامەنووسان دەست بەسەردەکرێن
مەنسوور وتی:"لە کوردستانی عێراق ڕۆژنامەنووسان بە شێوەیەکی پلانبۆداڕێژراو و نایاسایی دەستبەسەر دەکرێن، ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبنەوە، ئەمەش قبوڵکراو نییە، پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان بدەن بە ئازادی و بێ ترس کاری خۆیان بکەن."