"تا ئێستا هەرێمی کوردستان باجی لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم دەدات"

مەسعود عەبدولخالق ڕایگەیاند: "لەدەستدانی ناوچەکانی مادەی ١٤٠، لاوازیی پێگەی هەرێمی کوردستان و لەشکرکێشی تورکیا بۆناو خاکی هەرێم، لێکەوتی ڕیفراندۆمن".

مەسعود عەبدولخالق نووسەر، ڕووناكبیر، چاودێری سیاسی و بەرپرس و ڕاوێژکاری دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن، کە ناوەندێکی تایبەتە بە ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر پرسە سیاسییەکان لە کوردستان و ناوچەکە، ناوبراو لەساڵیادی ڕیفراندۆمەکەی باشوری کوردستان سەبارەت بە لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم و چەند پرسێکی گرێدراوی ڕیفڕاندۆمەکەی ساڵی ٢٠١٧ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

بەهۆی ناشارەزای دەسەڵاتی کوردی ڕێفراندۆم لێکەوتی خراپی هەبوو

مسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی و شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی، سەبارەت بە ریفڕاندۆمی ساڵی ٢٠١٧ی باشوری کوردستان و کاریگەری و لێکەوتەکانی ووتی: "گەلی کورد وەکو گەلانی (فارس، عەرەب و تورک) مافی خۆیەتی ژێردەستە نەبێت و خاوەن دەوڵەتی خۆی بێت، کە ئەمەش مافی هەموو نەتەوەیەکە بەپی یاسای نێودەوڵەتی، بەڵام دەسەڵاتی کوردی بەهۆی ناشارەزای و گەندەڵی ڕێگایەکیان هەڵبژارد، کە ڕێگەی دەوڵەت بوون نەبوو، کە ریفراندۆمێکیان ئەنجامدا بەبێ پرس و ڕاوێژی نێودەوڵەتی، لەڕێگەیەکی یاسایی ریفراندۆم ئەنجام نەدرا بۆیە زەرە و زیانێکی زۆر بەر گەلی کورد کەوت کە تاوەکو ئێستا لێکەوتەکانی ئەو زەرەو زیانە بەردەوامە".

ئەو ڕیفراندۆمە دەوڵەتی کوردی لەباربرد

 هەروەها ئەو چاودێرە سیاسیە ووتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا سڕبوونەکەی لەسەر ریفڕاندۆم هەڵنەگرتووە هەروەها دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا ئەنجامی ئەو ریفڕاندۆمە هەڵبوەشێتەوە کە ئەو بڕیارەش زەرەو زیانی زۆربوو لەسەر دەسەڵاتی کوردی لە باشوری کوردستان، لەدوای لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم زانایەکی یاسایی نەمساوی قسەیەکی جوانی کرد کە ووتی، "ئەو ڕیفراندۆمە دەوڵەتی کوردی لەباربرد و عێراقیش کە دەوڵەت نەمابوو بووەوە دەوڵەت".

ئەمەش لێکەوتی هەڵەی ئەنجامی ڕیفراندۆم

سەبارەت بە لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم، مەسعود عەبدولخالق ڕایگەیاند: "بوونی سوپای تورکیا بەوشیوەیە و لەشکرکێشیەکانی بۆناو خاکی باشوری کوردستان، لەدەستدانی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ و لاواز بوونی پێگەی هەرێمی کوردستان هەموو ئەمانە لێکەوتەکانی ئەو ڕیفراندۆمەن کە بەشیوەیەکی هەڵە ئەنجامدرا".

مانەوەمان لەگەڵ عێراق باشترە

هەروەها سەبارەت بە گرنگی گەڕانەوە بۆ عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەو چاودێرە ئاشکرای کرد: "لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی کورد پێویستە لایەنی کوردی باشوری کوردستان لەئێستادا هۆشیاربن و لەگەڵ بەغدا لەژێر دەستوری عێراقی کاربکەن بۆ عێراق و کورد وە ملکەچی هیچ لایەنێکی دەرەکی نەبن، لەئەگەری هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەنێوان عێراق و تورکیا بێ گومان مانەوەی لەگەڵ عێراق باشترە، چونکە لەدەستوری عێراق زۆر ماف دراوە بە کورد وەکو هاوبەش ناویهاتووە لەکاتێکدا لە دەستوری تورکیا هیچ بوونێکی کورد دانیپێدا دانەنراوە، بۆیە پیویستە هێچ کات وەکو ویلایەتی موسڵ نەچینە سەر تورکیا و مانەوەمان لەگەڵ عێراق باشترە".

تورکیا چاوەڕوانی دۆخێکە بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان

لە کۆتایدا مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی و شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەوڵە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکە بەناوی ویلایەتی موسڵ، ووتی: "سەڕەڕای لەشکرکێشیەکی زۆری تورکیا بۆناو خاکی باشوری کوردستان مەترسی تورکیا ئەوەیە لە ئێستادا باسی چەند کەیسێک دەکات لەڕیگەی چەند کەیسێکی کە هەندێکیان یاسایی، مێژووی یان پرسن، تەواوی ئەمانەش مانای ئەوەی دەگەینێت کە تورکیا تەماحی داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستانی هەیە، لەئێستادا تورکیا چاوەڕوانە کە دەوڵەتی عێراق دۆخێکی بەسەردا بێت یان هەرێمی کوردستان جیاببێتەوە تا دەست بگرێت بەسەر باشوری کوردستان و ناوچەکانی بەناو ویلایەتی موسڵ".

ژ.ت