یادی شەهیدی ڕۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە کرایەوە

لە سلێمانی بە ئامادە بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامەوان، نوسەران و چالاکوانان یادی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە کرایەوە.

دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەر و ڕۆشنبیران لە هۆڵێ هۆتیل تایتانیکی شاری سلیمانی  یادی ١٥ هەمین ساڵیادی شەهیدی قەڵەم و ١٤ هەمین ساڵیادی خەڵاتی سۆرانی مامە  حەمە کرایەوە.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان دەستی پێکرد و دواتر لەسەر ناوی سەرپەرشتیاری مەراسیمە دکتۆر ئەحمەد میرە قسەی بۆ ئامادە بوان کرد و وتی:" بە داخەوە ئەم ساڵیادە هاوکاتە لەگەڵ زووڵمێکی تری دەسەڵات بەرامبەر کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان و ئازادیخواز لە بادینان."

لە درێژەی قسەکانی ئەحمەد میرە وتیشی:" زیندانی کردنی بە ناحەقی بەرامبەر ڕۆژنامەوانان لە هەرێمی کوردستان زیاتر سیمای هەرێمی کوردستان ناشیرنتر دەکات."

هەر لە مەراسیمەکە وتاری بنەماڵەی شەهید سۆرانی مامە حەمە خوێندراوەیە کە تێدا ئاماژە بەوەکراوبوو:"ئێمە وەک بنەماڵەی شەهید  بە هیچ شێوەیەک سازش لە کەیسی شەهید سۆران ناکەین بە پشتیوانی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان بەردەوام دەبین تا سزادانی بکوژانی ئەو سۆرانی مامە حەمە."

لە پەیامەکەت بنەماڵەی شەهیدی قەڵەم ئەوەش هاتبوو:" هەرچەندە لامان ڕوونە کە حزبێکی دیاریکراو و لە هەرێمی کوردستان کە هەوڵ دەدادت بۆ دەسەڵاتێکی تۆتالیتار و بنەماڵەی لە پشت ئەم کەیسەوەیە، بەڵام ئێمە درێژە بە تێکۆشانەکەمان دەدەین تا بە سزا گەیاندنی بکوژان گەراندانەوەی دادوەری بۆ دادی کوردستان."

لە درێژەی  مەراسیمەکە چەند بەرهەمی شیعری و ئەدەبی پێشکەش کرا لە لاین ئامادەبووانەوە کە تایبەت کرابوو بە مەراسیمەکەی شەهیدی قەڵەم.

لە درێژەی مەراسیمەکە خەڵاتی ١٤ مین سۆرانی مامە حەمە بەخشرایە هەر یەکە لە شاعێری نەتەوەی  و هەست ناسک مامۆستا لەتیف هەڵمەت و چالاکی بواری ژنان ڕووناک شوانی.

هەروەها ناوبراو وتیشی:" هەرچەندە ساڵیادی  سۆرانی مامە حەمە بە ئازارە ئەوەندەش زیاتر ڕووی ڕەشی دەسەڵاتمان بیر دەخاتەوە".

لە کۆتای قسەکانی ناوبراو وتیشی:" هەرچەندە ئێمە بەدەیان شانامە ڕەخنەمان ئاراستەی ئەو دەسەڵاتە کردووە بەڵام ئەوان گوێ  لە هیچ ڕەخنەیەک ناگرن، بەڵام ئەوە بە واتای ئەوە نایەت ئێمە بێدەنگ بین و دەست هەڵبگرین لە ڕەخنە گرتن و ئاشکرا کردنی ڕاستیەکان."

سۆرانی مامە حەمە یەکێک بوو لە ڕۆژنامەنوس و نوسەرە دیارەکانی باشوری کوردستان کە بە تەمەنێکی گەنج خاوەن دەیان بەرهەمی شیعر و وتاری تایبەت بە خۆی بوو، هاوکات ڕۆڵێکی گرینگی هەبوو لە ئاشکرا کردنی ڕاستی بەرچاو ڕونکردنەوەی گەل لە تاوانەکانی دەسەڵات، لە تەمەنی ٢١ ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری کەرکوک  لە لایەن پیاوەکانی دەسەڵاتەوە تیرۆر کرا و تا ئیستا کەیسەکەی بە کراوەی ماوەتەوە بکوژانی دەستگیر نەکراون.