ئامینە مۆرادی؛ شەهید رێزان هەمیشە بۆ من و گەلی كورد فەرماندە بوو

دایكە ئامینە مۆرادی، بەبۆنەی یادی ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان، رێزان جاوید كە لەشەشی ئاب لەرۆژئاوای كوردستان لەگەڕەكی سەناعە شەهید بوو بۆ ماڵپەڕی كژار قسەی کرد.

هەمیشە لەتێكۆشاندا بوو

دایكە ئامینە مۆرادی لەسەرەتای ئاخاوتنەكانیدا، هەموو شەهیدانی رێگای ئازادیخوازی گەلی كوردستان بەبیردێنێتەوە و دەڵێت:"سەری هەموو گەلی كورد، گەریلا و شەرڤانانی ئازادی ساخ بێت. ئێمە هەمیشە خاوەن ئەو بیروباوەڕەین كە لەچیاكانی كوردستاندا، گەنجانی كورد"گەریلا"، بۆ تۆڵەسەندنەوە و بەرخۆدان، كاروخەباتی گەورە بەرێوە دەبەن. یەكێك لەو گەنجانەش كە هەمیشە بۆ ئازادی كوردستان تێكۆشانی كرد، شەهید رێزان جاوید بوو. یەكەم جار، كە شەهید رێزانم بینی، هیوایەكی مەزنی پێ بەخشیم. هەمیشە بۆ من و بۆ هەموو گەلی كورد فەرماندە بوو. كاتێك كە شەهید زانیار لەزینداندا بوو، شەهید رێزان هەمیشە بەمنی دەووت؛ سەبر بكە، با سەربڵند بی. راستە سەرمان هەمیشە سەربڵندە.

ئێمە بەشەهیدبوونی منداڵانمان بەهێزتر دەبین

لەبەردەوامی ئاخاوتنەكانیدا دایكە ئەمینە مۆرادی كە هەمیشە بەتێكۆشان، بەرخۆدان و بەشەهادەتی منداڵەكانی سەربڵندە و وەها دەڵێت:"وەكو دایك، هەمیشە بەشەهیدبوونی منداڵانمان سەربڵندین. هاوكات شەهادەتی شەهید رێزانیش، هاوكات بەشەهیدبوونی ئەو و هاوكات بەهەبوونی دایكیشی پڕ بەختەوەرم. چونكە ئەو دایكە كۆڕێكی وەهای هێناوەتە سەر ئەم دنیایەوە. هەر لەتەمەنی گەنج بوونیەوە سەری نا بەچیاكانی كوردستانەوە و بۆ گەلەكەی و وڵاتەكەی تێكۆشانی بەرێوە برد. هەڤاڵ رێزان تا ئەو كاتەی گەیشتە كاروانی شەهیدان هەمیشە لەسەر ئەم رێبازە بەبێ وچان بەرخۆدانی كرد. منیش وەكو دایكی كاتێك هەواڵی شەهید بوونیم بیست، لەدڵەوە هەژام. وەكو دایك و هاوژینێكی شەهید، بەشەهید بوونی هەڤاڵ رێزان شانازیی دەكەم. من لەتێكۆشان و شەهیدبوونی هێز وەرگرت. بێگۆمان لەو هەلومەرجانەدا، هەمیشە دایكان بەهێزتر دەبن. ئێمە بەشەهادەتی منداڵەكانمان بەهێزتر دەبین.

پێشەنگی كوردان دەكرێنە ئامانج

دایك و هاوژینی شەهید، دایكە ئامینە مۆرادی لەبەردەوامی ئاخاوتنەكانیدا دەڵێتیش:"دۆژمنی كوردان هەمیشە بۆ لەناوبردنی كوردان لەهەوڵدان. بەرۆژان هەموو شوێنێكی كوردستان بۆردوومان دەكەن. باشور و رۆژئاوای كوردستان رۆژانە تۆپباران دەكەن. ئامانجیان لەو هێرشانە بێگۆمان نەتەنیا داگیركردنی خاكی كوردستانە. ئامانجیان لەناوبردنی گەلی كوردە، هەمیشە ترسی دۆژمنی گەلەكەمان لەگەلی كورد هەیە كە هەر چوار بەشی كوردستان بگەنە یەكدی و مافی خۆیان بەدەستبهێنن. لەم بابەتەشدا بێگۆمان لەناوچوونی خۆیان دەبینن. بۆ ئەوەی كوردان نەگەنە مافەكانیان رۆژانە پیلان و پیلانگێڕی چەپەڵ دادەڕێژن بۆ لەناو بردنی پێشەنگانی گەلی كورد. هەمیشە ئەو دۆژمنانەی گەلەكەمان و مرۆڤایەتی شەرمەزار و روورەش و ریسوا بن. هێزە دەسەڵاتدارەكان تاكۆتایی لەم شەڕە بێ پێوانەدا لەهەموو بوارێكدا هاوكاری دەوڵەتی فاشیستی تورك دەكەن. ئەگەر هاوكاریەكان بۆ دەوڵەتی تورك نەبووبا، رۆژانە فرۆكەكانی رژێمی توركی داگیركەر نەیدەتوانی لەئاسمانی كوردستان بسۆڕنەوە و هێرشی نامرۆڤانە پێكبهێنن.

ئێدی بەسە

بانگەوازی لەهەموو دام و دەزگاكانی مافی مرۆڤ، نەتەوە یەكگرتووەكان و دنیا دەكەم، ئێدی بەسە. مەگەر ئێمەی گەلی كورد چیمان كردوە. ئێمە كوێمان تاڵان و داگیركردوە، ئەوەی كە خاكەكەی و وڵاتەكەی داگیركراوە ئێمەین، كوردین. من داوا لەنەتەوە یەكگرتووەكان و هەموو دام و دەزگاكانی مافی مرۆڤ دەكەم كە، لەپێش ئەو هێرشانەوە راوەستن و خاوەن هەڵوێست بن. ئاخر تا كەس منداڵانمان و خاكەكەمان رووبەرووی هێرش و داگیركەری ببنەوە، بكۆژرێن، تاڵان بكرین و كۆچبەر ببین.

ئەوەی كە ئەو كوڕە خۆڕاگرەی هێناوەتە دنیا، ئەو دایكە

دایكە ئامینە مۆرادی لەكۆتایی ئاخاوتنەكانیدا، سەرەخۆشی لەبنەماڵەی شەهید رێزان جاوید، ئەندامانی دەستەی بەرێوەبەری كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان"كۆدار"كرد. هاوكات داوای لەدایكی شەهید رێزان كرد، ئەو هێزیان پێ بدا و هیچ كاتێك بەهۆی ئەم شەهید بوونەوە تەنگاو نەبێ و هەمیشە شانازی بە شەهادەتی كوڕەكەیەوە بكات؛ چونكە ئەو كوڕە خۆڕاگرەی بەساڵانە لەسەر چیاكانەوە تێكۆشان دەكات، ئەو هێناویەتیە سەر ئەم دنیایە.