یەپەژە دووەم ساڵیادی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەرزڕاگرت

یەپەژە سڵاوی لە سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' کرد و بانگەوازی لە هەمووان کرد لە دەوری فەلسەی 'ژن، ژیان، ئازادی' گردببنەوە و وتی: "تێكۆشان لە دژی سیستەمی پیاوسالاری یەکێکە لە گۆڕەپانەکانی تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ."

یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) بە بۆنەی دووەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی'یەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوە و لە کەسایەتیی ژینا ئەمیندا هەموو شەهیدانی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' یادکردەوە و وتی: "ژنانی کورد لە تێکۆشانی ٥٠ ساڵەدا چەندین دەستکەوتی گرنگی بۆ ژنان بەدەستهێناوە. یەکێک لە گۆڕەپانەکانی تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشانە لە دژی عەقڵیتی پیاوسالاری، لەسەر ئەو بنەمایە ژنان بە ئایدۆلۆژیای ژنەوە بووە خاوەنی ئایدۆلۆژیا، ڕێکخستن، هێزی پاراستن، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و زانستی ژنۆلۆژی."

'ژنانی کورد و ئێران دەیان ساڵە لە تێکۆشاندان'

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا باس لە تێکۆشانی هاوبەشی ژنان لە دژی سیستەمی پیاوسالاری ڕژێمی ئێران دەکات و هاتووە: "لە هەموو گۆڕەپانە ژیانیەکاندا ژنان لە نێو تێکۆشانی هاوبەشدان. لەدژی ئەمەش ڕژێمی پیاوسالاری ئێران بێ ئۆقرەبووە و بە توندترین شێوە وەڵام دەداتەوە."

"شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' تا بەدەستهێنانی خواستەکانی بەردەوام دەبێت."

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەدەکات شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بووە هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشەکە و دەڵێت: "ڕژێمی ئێران بە توندی دژی سەرهەڵدانەکە وەستایەوە و بەدەیان کەس کوژان و هەزارانیش خرانە زیندانەکانەوە. وێڕای هەموو ئەمانەش بە مانای ئەوەنیە ناڕازیبوونی گەل بەرامبەر ئەو ڕژێمە دژە-دیموکراتیکە کۆتایهاتبێت. بە پێچەوانەوە شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' تا بەدەستهێنانی خواستەکانی بەردەوام دەبێت."

لە کۆتاییدا بانگەوازی بەردەوام بوون و پاڵپشتی لە شۆڕشەکە دەکات و هاتووە: "وەک یەپەژە لە دژی سیستەم، زهنیەت و هێرشەکانی دەسەڵاتی پیاوسالاری بە ئیرادەی جەوهەری ژنەوە تێکۆشانی پاراستن دەکەین. تێکۆشانی ژنان لە هەموو جێگەیەکی جیهاندا یەکێکە و دەرنجام بۆ ئازادی ژنە. پشتگیری خۆمان بۆ تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو جیهان دەردەبڕین."