ئێشکگری لەسەر سنووری نسێبین بە پێشەنگایەتی تەژەئا و دەبەپە و دەم پارتی لە ١٣ ی کانوونی یەکەمەوە دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا بەردەوامە. ئەمڕۆ ڕێکخستنەکانی تەژەئا و دەم پارتی و دەبەپەی سلۆپی و جزیر و مێردین هاتنە سەر سنوور و پشتگیری چالاکییەکەیان کرد. چالاکوانی تەژەئا گوڵسەرەن یەڵدرم تیشکی خستەسەر هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا، گوتی: "شەڕی سەر گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا قبووڵ ناکرێت. شۆڕشی ڕۆژئاوا بووەتە نموونەی جیهان و مرۆڤایەتی. شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی بەهاکانی مرۆڤایەتییە. شۆڕشی ئازادکردنی بەهاکانی مرۆڤایەتییە. لەم شۆڕشەدا یەکسانی و ئازادی و قبووڵکردنی هەموو ناسنامە و باوەڕەکان هەیە. یەکسانی هەموو پێکهاتەکان هەیە".
"ستەمکاران شکستیان هێنا"
گوڵسەرەن ڕایگەیاند ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر ڕۆژئاوا ژنکوژ و منداڵکوژن، ماف و یاسا ناناسن، تیشکی خستەسەر شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین و جەختی کردەوە ئەوان تەنها ڕاستی و حەقیقەتیان دەگواستەوە، گوتی: "لە مێژوودا هەردەم ستەمکاران شکستیان هێناوە. ئێوەش هاوشێوەی ئەسەدن، ئێوەش کە نکۆڵی لە ئەوانیتر دەکەن و دەیانکوژن، چارەنووستان هەر شکستە. گوتی: " بەڵام ئەمڕۆ گەلی کورد لەسەر خاکی خۆی تێکۆشان بۆ هەبوون و ئازادی دەکات. دەیەوێت بە زمان و ڕەنگ و ناسنامەکەیەوە ستاتۆیەکی هەبێت. بۆچی کاتێک باس دێتە سەر کورد، نەیارانی گەلی کورد ئەوەندە دەترسن؟ ئێمەی کورد ئەو پەیامە دەدەین کە باوەڕمان پێی هەیە. ئایا باشتر نییە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لەبری هاوکاریکردنی چەتەکانی وەک داعش، ئاشتی و ڕێککەوتن لەگەڵ گەلی کورد بکات؟ بۆچی ئەمڕۆ دەسەڵات ئەو چەتانە هەڵدەبژێرێت. بۆچی نەیارێتی گەلی کورد دەکات؟ گەلی کورد لە هەموو هەلومەرجێک و لە هەموو کاتێکدا داوای ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک دەکات. گەلی کورد هەمیشە ئامادەیە بۆ دیموکراسی و چارەسەری دیموکراتیک. بەڵام دەسەڵات گوێی داخستووە. تەنیا بە فێڵ و تەڵەکە لە گەلی کورد نزیک دەبێتەوە".
کورد شکۆی مرۆڤایەتییان پاراست
پەرلەمانتار زەکی ئیرمەز تیشکی خستەسەر تێکۆشانی ڕۆژئاوا دژی چەتەکانی داعش، گوتی: "ئەوکات کورد مرۆڤایەتی پاراست. شکۆی مرۆڤایەتی پاراست. لە کۆبانێ داعشی تێکشکاند. گەلی کورد لە هەموو لایەک بەرگری کرد. هەموو دوژمنانی مرۆڤایەتی و گەلی کورد شکستیان هێنا. سەدام دوژمنایەتی کوردی کرد، ڕووخا. بەشار ئەسەدیش بەهەمانشێوە".
زەکی ڕایگەیاند ئەگەر دەسەڵاتی ئاکەپە_مەهەپەش دوژمنایەتی کورد بکات، شکست دەهێنێت؛ گەلی کورد مافدارە، ئەگەر کۆمەڵکوژی لەسەر گەلی کورد بسەپێنن شکست دەهێنن و دەڕووخێن؛ داوای لە گەلی کورد کرد لەم قۆناغەدا یەکێتیی خۆیان بنیات بنێن و بە یەکڕیزی بچنە دیمەشق، گوتی: "هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا شکست دەهێنن. ئەگەر ئەم یەکێتی و هاوپەیمانییە بێتەدی، نەوەک هەر بۆ گەلی کورد، بەڵکو ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی گەلی کورد لە چوارپارچەی کوردستان لەگەڵ گەلانی دی بەشێوەیەکی دیموکراتیک و ئازاد بژی".
"ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان فەرزە"
زەکی ئیرمەز گوتی: "بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دیدگایەکی بۆ دەسەڵاتی ئاکەپە_مەهەپە نیشاندا. گوتی "ئەگەر هەلومەرج گونجاو بێت، ئامادەم بۆ ڕاوەستاندنی شەڕ و دەستپێکردنی پرۆسەی یاسایی و سیاسیی".
پێویستە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دەستبەجێ دەرگاکانی ئیمراڵی بکاتەوە. پێویستە دیدارێک لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان ئەنجام بدرێت. بۆ ئەوەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێشبکەوێت و تورکیا دیموکراتیک بێت، ئازادی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان فەرزە. ئەگەر تورکیا کوشتن و قڕکردن و نکۆڵی بەسەر گەلی کورددا بسەپێنێت، چیتر کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەمە قبوڵ ناکەن. تا کۆتایی دژی ئەمە بەرخۆدان دەکەین. لە ساڵی ٢٠١٤ کە ئەبو لەیلا دروشمی "بژی بەرخۆدانی کۆبانێ"ـی لە کۆبانێ لە دژی داعش بەرزکردەوە، ئەمڕۆ هەمان دروشم لە تشرین و کۆبانێ و ڕۆژئاوا هەیە. ئەم بەرخۆدانە لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە. پێویستە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دەستبەجێ ئەم هێرشانە بۆ سەر ڕۆژئاوا ڕابگرێت. بەتایبەت لەگەڵ گەلی ڕۆژئاوا و ڕێکخستنەکانی ڕۆژئاوا دابنیشێت. ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ هەموو گەلان بە ئاشتی و ئازادی بژین".