ئێشکگری لەسەر سنووری کۆبانێ: بەرامبەر هێرشی سەر کۆبانێ بێدەنگ نابین

لە ئێشکگری لەسەر سنووری پیرسوس_کۆبانێ دووپاتکرایەوە گەلی کورد بەرامبەر هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا بێدەنگ نابێت و گوترا: "هەرگیز ژیانێکی بێ ستاتۆ قبووڵ ناکەین".

ئێشکگری لەسەر سنوور

ئێشکگری لە ناوچەی پیرسوسی ڕحا لەسەر سنووری کۆبانێ دژی هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ٣ ڕۆژە بەردەوامە. پەرلەمانتاری دەم پارتی فەرید شەنیاشار و چەندین ئەندامی پارتەکە و ئەندامانی مەجلیسی دایکانی ئاشتی بەشداری چالاکییەکە بوون.

جەماوەر لەسەر ڕێگەی کۆبانێ کۆبوونەوە و ماوەیەکی زۆر هەڵپەڕین. لە چالاکییەکەدا پانکارتی "ڕۆژئاوا شکۆی ئێمەیە" و "ڕۆژئاوا هێڵی سووری ئێمەیە" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" هەڵگیرا.

"ژیانێکی بێ ستاتۆ قبووڵ ناکەین، بەرخۆدان بەردەوام دەبێت"

چالاکوانی تەژەئا عەدلە فیدان گوتی: "ئاسایشی ڕۆژئاوا، ئاسایشی ئێمەیە". عەدلە فیدان شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگینی بیرهێنایەوە، گوتی: "هێرشەکان بۆ ئەوەیە کورد بێ ستاتۆ بهێڵنەوە. دەیانەوێت دەسکەوتەکانی لەوێ نەهێڵن. بەڵام کەس ناتوانێت کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بێ ستاتۆ بهێڵێتەوە. بەرخۆدانمان دژی ئەمە بەردەوام دەبێت. ژیانێکی بێ ستاتۆ قبووڵ ناکەین. ژیان لە ڕۆژئاوا بە شۆڕشی ژنان بنیاتنراوە. ئێمەی ژنان، خاوەنداری لەم ژیانە دەکەین".

هاوسەرۆکی دەم پارتی سەمسور حوسەین جۆشکون گوتی: "ئەم هێرشانە دژی دەسکەوتەکانی کوردانە".

هاوسەرۆکی دەم پارتی پیرسوس، موستەفا کورت بانگەوازی کرد بۆ یەکێتی دژی هێرشەکان و گوتی: "ئێستە بە دەستی چەتەکان هێرش دەکەن، هێرشەکانی سەر گەلی ڕۆژئاوا قبووڵ ناکەین".

پەرلەمانتاری دەم پارتی فەرید شەنیاشار ڕایگەیاند هێرشی پاشماوەکانی داعش بۆ سەر گەلانی ڕۆژئاوا قبووڵ ناکەن، شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگینی شەرمەزار کرد و گوتی: "تا ئەم هێرشانە بەردەوام بێت، بەرامبەر هێرشەکان بێدەنگ نابین. چونکە بێدەنگی دژی شکۆی مرۆڤایەتییە. خەڵکی ڕۆژئاوا بە تێکۆشان دژی داعش لەنێو ڕای گشتی ناسرا. خەڵکی ڕۆژئاوا هەڕەشە نین بۆ سەر تورکیا. هەردەم پشتگیری لە گەلانی ڕۆژئاوا دەکەین".

چالاکییەکە بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" کۆتایی هات.