ئومید: دەبێت هەموو کوردێک لە دژی داگیرکەران پێگەی خۆی بە گوێرەی خۆپاراستن دیاری بکات

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە هێلین ئومید سەرنجی راکێشا بۆ سەر دژواربوونی شەڕ لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتی، "هەموو کوردێک، هەموو ژنێکی کورد دەبێت لە دژی کۆلۆنیالیزمی قڕکەر خۆی وەک هێزێکی شەڕ بونیادبنێت".

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە هێلین ئومید لە میانی بەرنامەیەکی تایبەتی میدیا خەبەردا هەڵسەنگاندنی بۆ شەڕ لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوین کرد.

دەبێت مرۆڤ پێگەی خۆپاراستنی خۆی لە دژی قڕکردن دیاری بکات

جەند خاڵی بنەڕەتی هەڵسەنگاندنەکانی هێلین ئومید بەم جۆرەیە:

"لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا شەڕ بە دژواری بەردەوامە. لەبەر ئەوەی لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیشدا بڵاوبووەتەوە، کۆمەڵگای کوردیش دەکرێتە ئامانج، ڕەنگە جاروبار دوابکەوێت، بەڵام دەتوانرێت بوترێت هەموو رۆژێک چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت، بۆمبی قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت، واتە تاوانی شەڕ دەکات. لە دژی ئەوەش گەریلا چالاکی ئەنجام دەدات. تادێت شەڕ دژوار دەبێت. لێرەوە بەدوا، وا دیارە شەڕەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین زیاتر بڵاودەبێتەوە، پێکدادانەکان زیاتر دەبن. دەوڵەتی تورک ئەوە بە دەرفەتێک دەزانێت و هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکان زیاتر دەکات.

بۆیە پێویستە کوردەکان لە هەموو شوێنێک خۆپاراستن وەک ئەرک ببینن. دیدگای هەڤاڵ رۆژهات و ئەرداڵ ئەمەیە. لەنامەی هەردوو هەڤاڵەکەشەوە دەردەکەوێت کە لە بەرامبەر خیانەتدا چەند توڕە و بێزارن. بەتایبەتی، لەلایەک شرۆڤەی کەسایەتی خۆیان دەکەن، لەلایەکی تر ئەو سیخوڕانە نەفرەت دەکەن کە لەناو کورددا دەرکەوتوون. لەبەر توڕەییان بەرامبەر بە خیانەت چالاکییەکی لەم جۆرەیان بە ئەنجام گەیاند. دوای بەرخۆدانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بریاریاندا ببنە فیدایی.

ئەوەی تیایدا دەژین، لەگەڵماندان. مێژووی پەنجا ساڵی رابردوو لەگەڵماندایە. دەبێت هەموو کوردێک، بە گوێرەی پاراستنی جەوهەری لە دژی داگیرکەران، کۆڵۆنیالیستە قڕکەرەکان پێگەی خۆیان دیاری بکەن.

شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین لە چوارچێوەی جەنگی جیهانی سێیەمدا بەڕێوەدەچێت

ئەو شەڕەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەڕێوەدەچێت، شەڕێکی نوێ نییە. ڕێبەرایەتی، لە پارێزنامەی خۆیدا، ڕابردووی ئەم شەڕە دەگەڕێنێتەوە بۆ شەڕی تەڕوادە. ڕۆژئاوا چۆن دەستوەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەکات؟ ڕێبەر ئاپۆ هەندێک مێژووی دیاری کردووە. ڕێبەر ئاپۆ یەکەم کەس بوو، کە شەڕی جیهانی سێیەمی هەڵسەنگاند. نازانم ئەگەر کەسانێک هەبن پێش ئەو ھەڵسەنگاندنیان بۆ کردبێت. لە دۆخێکدا نین کە بەدواداچوون بۆ ھەڵسەنگاندنی هەموو ڕۆشنبیرەکان بکەین، بەڵام ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین ڕێبەر ئاپۆ هەڵسەنگاندن بۆ شەڕی جیهانی سێیەم دەکات و مێژووەکەی دەستنیشان دەکات و دەڵێت: لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی پێکردووە. ئاماژەی بەوەشکردوە، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت، پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی گەورە بۆتە ڕۆژەڤ و لەسەر ئەو بناغەیە دەستوەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەنجامدراوە.

دەتوانین بڵێین، لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی گەورەوە دەستی پێکردووە. ئەو شەڕە ڕەنگە بە پێی تایبەتمەندی خۆی شەڕێکی بەش بەش بێت، بێ پسانەوە پچڕپچر ھاتووەتە ئاراوە، بەڵام بزوتنەوەکەمان هەڵسەنگاندنی لەبارەیەوە هەیە. ئەو شەڕە هاوشێوەی شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم، بۆ هاوسەنگی شەڕی ئەتۆمی بەڕێوەناچێت. بەش بەش بەڕێوەدەچێت. لایەنی ئابووری و سەربازیی تێکەڵ دەبن. هەر جارەو یەکێکان دەخرێتە پێش. بەڵام لە چوارچێوەی شەڕێکی جیهانیدا بەڕێوەدەچێت. ئەو شوێنەی تێیدا شەڕی جیهانی هەڵدەگیرسێت، ڕۆژهەڵاتی ناوینە.

ئەوەش هۆکاری مێژوویی، جڤاکی و چاندی لە پشتەوەیە. ڕۆژهەڵاتی ناوین وەک چۆن لانکەی مرۆڤایەتییە، سەرچاوەی سامان و دەوڵەمەندییە، لە هەمان کاتدا پاشخانی چاندی خۆی هەیە. مۆدێرنیتەی ئەوروپی بە قۆناغێکی پەرەسەندندا تێپەڕبووە لەسەر بناغەی داژیەتیکردنی ئەم بەهایانە، هێشتاش ئەم پەرەسەندنە بەردەوامە. هەر هێزێک کە ڕۆژهەڵاتی ناوین کۆنتڕۆڵ نەکات، ناتوانێت بانگەشە بۆ هەژموونداری بکات. ئێستا شەڕی هەژموونگەراییە. لە لایەک ئەمریکا، بەریتانیا، ئیسرائیل و یەکێتی ئەوروپایە و لە لایەکی دیکەوە، ڕوسیا، چین، ئێران، هیندستان، بەرازیل و هتد ھەیە. مرۆڤ ناتوانێت بڵێت جەمسەرگیرییەکی ھاوشێوەی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم بوونی هەیە، بەڵام بەرەی جیاواز لەیەک بوونیان هەیە. ئەوەش ململانێیەکی ناوخۆیی سیستمە. هیچ هێزێک بۆ خستنەڕووی جێگرەوە بوونی نییە. کام هێز توانای پێشکەشکردنی ئەڵتەرناتیڤی هەیە؟ تەنها تەڤگەری ئێمە لەڕێگەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکەوە دەتوانێت بانگەشەی ئەو ئەڵتەرناتیڤە بکات.

شەڕی سێیەمی جیهانی تا دێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین زیاتر تەشەنە دەستێنێت. ئێستا کەمێک ڕوونتر بۆتەوە. شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین بەم جۆرە دەرکەوت. بەڵام ئیسرائیل چییە، چ جۆرە دەوڵەتێکە، دەبێت مرۆڤ باش ئەوە بزانێت. پێویستە بزانین چۆن دروست بووە و بۆچی دروست بووە و بە چ پرۆسەیەکدا تێپەڕیوە. ئەمە هەڵسەنگاندنێکی تەسکە. زۆر بە ڕوونی دەبینین لەو پرۆسەیەی کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە دەستی پێکرد، دیزاینکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوو لەپێناو دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل. ئیسرائیل لە ڕاستیدا ناوکی هەژموونگەراییە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە پێناسەی دەکات. بە واتایەکی تر، ئیسرائیل هێزی سەرەکی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. لەو قۆناغەدا کە بە شەڕی جیهانی سێیەم یان پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە ناومان ناوە، ئەو دەوڵەتانەی لەگەڵ ئیسرائیل- ڕێککەوتن، لەنێو سیستەمی گشتی دەوڵەتاندا قبووڵکران. بەڵام ئەو دەوڵەتانەی قبوڵیان نەدەکرد بە شێوازی جۆراوجۆر ڕووبەڕووی دەستوەردان بوونەوە، عێراق و سوریا و سودان وەها بوون. ئێستەش نۆرەی ئێرانە.

ئەو قۆناغەی ئێمە تێیداین، بەڕاستی قۆناغێکی نوێی جەنگی جیهانی سێیەمە، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا توندتر بووەتەوە. بە واتایەکی تر قۆناغێکی دەستی پێ کردووە. مەترسی تەشەنەکردنی پێکدادانەکان زۆرە. بۆچی ئەمە دەڵێم؟ چونکە ئەو بزوتنەوانەی کە بەناوی فەلەستین و ئیسرائیلەوە کاردەکەن؛ نەتەوەپەرست و ئایین‌پەرستن. ئایدۆلۆژیای نەتەوەپەرەستی و ئایین‌پەرەستیش بێگومان ململانێ بەرهەم دەهێنن. مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەسەر ئەم بناغەیە دەوڵەت-نەتەوە پەرە پێ دەدات و لەسەر ئەم بناغەیە گەلان و جڤاکەکان دەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. بۆ نموونە عەرەب جڤاکێکە، بەڵام ٢٢ دەوڵەتیان هەیە. لەپێناو دابینکردنی ئاسایشی ئیسرائیلدا بچووک و پارچە پارچە کراون. تورکەکانیش بەم جۆرەن، هەبوونی تورکەکان لە هەرێمەکە و پێکهاتەی تورکەکان بچووک کراونەتەوە.

ئەم سیاسەتی بچووککردنە و دابەشکردنە بەردەوامە، تا ئەو کاتەی باڵادەستی ئیسرائیل دەچەسپێت. سوریا و عێراقیان پارچە پارچەکرد. بێگومان ئەمە خراپتریش تەشەنە دەسێنێت.

ڕێگەی چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیکە

ڕێبەر ئاپۆ لەبری چارەسەری دەوڵەت-نەتەوە، مۆدێلی چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک دەخاتەڕوو. نەتەوەیی دیموکراتیک ڕەوشێکی زیهنی و فەلسەفەیەکی جیاوازە. شێوازی بە ڕێکخستنبوونەکەشی، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکە. لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، گەل دەبنە خۆبەڕێوەبەر، بەپێی جیاوازییەکانیان ئیرادەی خۆیان دەردەبڕن و ئەگەر یەکتر بناسن و لە یەک تێبگەن دەتوانن پێکەوە بژین. بەڵام لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا ئاڕاستەیەک هەیە. لەبەرامبەریشدا هەڵوێستێکی توندی وەک داعش‌ئاسا هەیە. نابێت هەڵوێستی هەردوولا قبوڵ بکرێت. نامەوێت ئەوە بڵێم. دەرکردنی فەڵەستینیەکان لە سەر خاکی خۆیان بەم جۆرە، مایەی قەبوڵ نییە. مەگەر گەلی فەڵەستین لە دێرزەمانەوە لەسەر ئەم جوگرافیایە نەبووە؟ گەلێکە کە نیشتمانی خۆی دروست کردووە. نابێت ئەوە قبووڵ بکرێت، لەڕێگەی توندوتیژی و فشاری سەربازی و هێرشی ئیسرائیلەوە، ناچاربکرێن خاکەکەیان جێبهێڵن. بەڵام کردەوە تیرۆریستیەکانی حەماسیش ناکرێت قەبوڵ بکرێت. حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمدا لە ژێر ناوی زریانی ئەقسا هێرشی کرد، ئێمەش بینیمان. ئێمە ئەوەمان لە هێرشەکانی داعشدا بینی. لە شەنگال کورد باش دەزانن. ناکرێت مرۆڤ ئەوە قەبوڵ بکات. بە مانایەکی تر، زیهنیەتی حەماس لە هەمان ئایدۆلۆژیاوە سەرچاوە دەگرێت. مرۆڤ ناتوانێت قبووڵی بکات.

دەبێت گەلانی ناوچەکە توانای یەکگرتنیان هەبێت

تادێت چارەسەری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک زیاتر لە هەرێمەکە جێی خۆی دەکاتەوە. چونکە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ناتوانێت چارەسەرێک بخاتەڕوو بۆ هاوسەنگی و پەیوەندییە نێوخۆییەکان. تادێت شەڕ بە گوڕتر دەبێت، زیاتر خوێن دەڕێژرێت و کەسانێکی زیاتر گیانیان لەدەست دەدەن. جگە لەوە ئاشتی ئەستەمە. لە دۆخی ئێستادا ئیسرائیل وردە وردە دەیەوێت کە بەرەو ئیمپراتۆریەتی هەرێمی هەنگاو بنێت. دەوڵەتانی هەرێمی بەرامبەر بەم هەوڵە بەرخۆدان دەکەن. ڕەنگە شەڕ لە دژی ئێران بەرپابکرێت. بەمەش ڕێگە لەبەردەم قۆناغێک دەکاتەوە کە هێندەی پێکدادان و هێرشی ئەتۆمی مەترسیدارە. من ئەمە تەنیا بۆ ئێران ناڵێم. ڕەنگە ئیسرائیلیش بۆ ئاسایشی خۆی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت. هەست بە شتێکی وەها لەلای ئیسرائیل دەکرێت، قۆناغەکەش خەریکە بەرەو ئەو ئەگەرە دەچێت.

بێگومان تورکیا و عەرەب لەم ڕەوشەدا پشکی خۆیان دەبەن

دەمەوێت ئەمە بە تورکیا، ئێران، سوریا و عێراق بڵێم. ئەگەر دەتانەوێت لە دژی هێرشەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری یان ئیمپریالیستەکان بەرخۆدان بکەن، نابێ بە هاوپەیمانی گەلان بڵێن نەخێر. دەبێت گەلی هەرێمەکان بتوانن هاوپەیمانی و یەکڕیزیی خۆیان دروست بکەن. لە تورکیا ئەمە لە ڕیگای هاوپەیمانی نێوان تورک و کورد ئەنجام دەدرێت. ئەگەر تورکیا بتوانێت ئەمە ئەنجام بدات، ئەوا دەتوانێت بەرەنگاری هێرشەکانی دەرەوە بێتەوە. ئەگەر ئێران بتوانێت هاوپەیمانی لە نێوان کورد و فارسدا دروست بکات، ئەوا دەتوانێت بەرەنگاری هێرشەکانی ئیمپریالیزم ببێتەوە. ئەگەر نەتوانێت ئەم هاوپەیمانییە درووست بکات، ڕووبەڕووی سیاسەتی بچووککردن، پارچەکردن، دابەشکردن و بەکار هێنانیان بۆ شەڕ دەبێتەوە، لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی ناوچەیی کاریگەرییەکی زۆر بەهێزی دەبێت. ئەردۆغان دەڵێت: ئێمە بەم شێوەیە بەرامبەریان دەوەستینەوە، ئێمە گەلێکی وەهاین: ئەمانە چیرۆکن. وڵاتتپارێزە ڕاستەقینەکان، ئەوانەی بەڕاستی وڵاتەکەیان خۆشدەوێت، بەڕاستی نەتەوەیین، یان گەلپارێزن، سەرەتا لە ناو خۆیاندا هەوڵی درووستکردنی ئاشتی دەدەن. مێژوو هەر ئەمڕۆیە. ئەگەر بە تەواوەتیش ئەمڕۆ نەبێت، ئەوا ٪90 بۆ ٪95 هەر ئەمڕۆیە. لە مێژوودا دەرکەوتنی فارسەکان، لە ڕێگەی کۆنفیدراسیۆنی ئومەتەوە بوو و تا ئێستاش بەردەوامە. ٩ سەد ساڵ لەمەوبەر، لە ڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ کورد هاتنە ناو ئەنادۆڵ و تا ئێستاش بەردەوامە. لەو شەڕەوە کە پێی دەوترێت شەڕی ڕزگاربوونی نەتەوەکان، هاوپەیمانی کورد و تورک بەردەوامە. کورد و تورک پێکەوە بەرخۆدان دەکەن. کۆمار بەم شێوەیە دروست بوو. پاشان دەستیان بەسەردا گرت، سیستەمی نکۆڵی و لەناوبردن دامەزرا. لێرەدا کۆنگرەی سێواز و ئەرزەڕۆم، جاڕنامەی ئاماسیە، گفتوگۆ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، دەستووری بنەرەتی ساڵی ١٩٢١، ئەمانە هەموویان نیشانەی چین؟ سەرەتای دامەزراندنی کۆمار بناغەیەکی وەهای هەبوو. پاشان، ئەو ڕۆژەی کە ئەمە بە پیلانگێری لەناوبرا، سەد ساڵە کۆمارێکی خوێناوی دروست بووە. ئەگەر خواستی چوونە دەرەوە لەم دۆخە هەبێت، ئەوا پێویستی بە هەڵوێستێکی لەم چەشنەیە.

دەبێت مرۆڤ تێکۆشانی گەلان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا پێکەوە ببەستێت

بە قۆناغێکی گرنگدا تێدەپەڕین، شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و تورکیا و کوردستان و هەموو شوێنێکە. لەم بارودۆخەی ئێستادا دینامیکی جڤاکی، بەتایبەتی لە بواری سیاسەتی دیموکراتیک پێویستی بە چالاکی زیاتر هەیە. وەک چۆن پێویستە مرۆڤ جڤاک هۆشیار بکاتەوە و هەڵەکان دەربخات، بەهەمانشێوە مرۆڤ دەتوانێت لەگەڵ جڤاکدا کاربکات.

ئێستە لە تورکیا فاشیزم باڵادەستە. پێدەچێت پەرلەمان لەم دۆخەدا تەسلیمی ڕاستڕەوەکان بووبێت.هێزە فاشیستەکان چالاکترن. با کەس فریو نەخوات. بە هەڵوێست و تێکۆشانێکی ڕاست و دروست، بە دڵنیاییەوە دەتوانرێت ئاڕاستەی  پێشهاتەکان بگۆڕدرێت. لەوانەیە بتوانێت ڕێگری لە دەرکردنی مۆڵەت بکات، چونکە شتێکی ماتماتیکییە [لەسەر ژمارە بەندە] بەڵام لە ناو گۆرەپانی جڤاکیدا، لە شەقام و گۆڕەپانەکاندا ناتوانێت ڕێگری لە زۆر شت بکات. گرنگ ئەوەیە بە شێوەیەکی سیستماتیک کاردانەوەی جڤاکی نیشان بدرێت و بەهێز بکرێت. لە ڕاستیدا هاوپەیمانی و تێکۆشانی گەلان  دەتوانێت بەم شێوەیە پەرە بسێنێت. دەبێت تێکۆشانی گەلانی تورکیا و کوردستان بەیەکەوە ببەستینەوە. دەبێت مرۆڤ بەم شێوەیە چارەسەر بۆ کێشە ئابوورییەکان و کێشەکانی شەڕ بدۆزێتەوە. مرۆڤ دەبێت لەسەر ئەم بناغەیە چارەسەری بۆ هەموو جۆرە کێشەیەکی یاسایی بدۆزێتەوە. ئەگەر هاوپەیمانییەکە لەسەر ئەو بنەمایە پەرەی سەندبێت، بەدڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر سیاسەت دەبێت و بەم شێوەیە پێشهاتەکان دەگۆڕێت.

 ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەژین. لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە یەک رۆژدا زۆر شت دەگۆڕێت. لە گۆڕەپانی تەحریر؛ هەزاران کەس لە میسر کۆبوونەوە. چی بوو؟ لە ڕۆژهەڵات هێرش کرایە سەر ژینا ئەمینی، ئێران چی بەسەر هات؟ ناچار بوو گوێ بگرێت. واقیعێکی وا هەیە. ئێرە ڕۆژهەڵاتی ناوینە. تەڤگەری جڤاکی هەمیشە دیارە و دەبێت مرۆڤ زیاتر متمانەی پێی هەبێت. ئەوی تریان یارییەکە. داگیرکردنی گۆرەپانی سیاسی ئەرکی جڤاکە. دەوڵەت نەتەوەکان ئێستا لە ڕێگەی سیستەمی پەرلەمانی خۆیانەوە ڕێگری دەکەن لەوەی جڤاک سیاسەت بەرهەم بهێنێت. دەبێت بتوانین گۆڕەپانی سیاسی ڕاستەقینە دروست بکەین.

لەم ڕەوشەدا نوێبوونەوەیەک هەیە، قۆناغی گفتوگۆ و کۆنگرە دروست بوو، بڕیاری نوێ درا. پیرۆز بێت، کۆنگرەی خۆیان بەست. کۆنگرەیەکی خۆش بوو. حەزمان دەکرد لە هۆڵێکی گەورەتر و بە جۆش و خرۆشێکی زیاتر بەڕێوە بچێت. ئەمەش بە ئاستەنگ و قەدەغەکارییەکانی فاشیزم ڕێگری لێ کرا.

بەڵام هەدەپ لە ناو جڤاکی کوردیدا سنوردار نییە، دەبێت خۆی بکات بە پارتێکی تورکیایی، لەسەر بناغەی دەستنیشانکردنی سیاسەتی تورکیا هاوپەیمانییەکانی خۆی دروست بکات. لەگەڵ تەڤگەری ژنان، لەگەڵ تەڤگەری ئیکۆلۆژی. دەبێت حەدەک و هەدەپ بتوانن شتێکی وا هاوبەش دروست بکەن. ئەگەر ئەم تەڤگەرە لەسەر ئەم بناغەیە بێت، لەو باوەرەدام کە بە ڕۆڵی مێژووی خۆی هەڵدەستێت و سەردەکەوێت".