رۆڵەکانی سەر ئەم خاکە، پاکترین و زوڵاڵترین خوێن لە دامارەکانیاندا لە جوڵەدایە. ئەم خوێنە پاکە لە سروشتی رەنگینی کوردستان و لە پاکی دڵی دایک و باوکانی سەر ئەو خاکەوە درووست دەبێت و لە دەماری رۆڵە بوێر و نەترسەکانیاندا دەکەوێتە جوڵە. ئەو رۆڵانە، کە بۆ ئازادیی نیشتمانیان ئامادەن هەتا دوایین دڵۆپ ئەو خوێنەیان بکەنە فیدا.
سەنگەرێک لە پۆڵا لەبەرامبەر بە دوژمنانی خاکی پاکی کوردستان
جەماڵ حەسەننەژاد کاتێک لە شۆڕشگێڕانی ئەو خاکە دەڕوانێت، کە لەسەر چیاکان بۆ ئازادی ئەو نیشتمانە لە گیانیان مایە دادەنێن و بە رۆحێکی فیداییەوە لە بەرامبەر نەیارانی کوردستان شان بە شانی هاوسەنگەرەکانیان شەڕ دەکەن؛ بە خۆی دەڵێت: "من بۆچی لێرە دانیشتووم و بۆ ئەو خاکەی کە بندەستی داگیرکەرانە شەڕ ناکەم، مەگەر خوێنی من بە بایەخترە لە خوێنی ئەوان، مەگەر ئەمنیش وەک ئەوان خوێنی ئەو وەڵاتە لە دەمارەکانمدا نییە؟ کەواتە پێویستە ئەمنیش بۆ سەرچاوەی خوێنەکەم، بۆ وڵاتە داگیرکراوەکەم شەڕ بکەم." ویژدانی جەماڵ ئەو نابەرابەرییەی پەسەند نەکرد و بڕیاری دا ئەویش بچێتە ناو سروشتی کوردستان و وێڕای لاوانی شۆڕشگێڕی سەر خاکەکەی لەبەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان شەڕ بکات. جەماڵ ئەوەی دەزانی شوێنێک کە بیهەوێت ئەو تێکۆشانەی تێدا بەڕێوە ببات چیا ئازادەکانی کوردستان و ناو ریزەکانی پاڕتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە. جەماڵ کاتێک کە سەرەتا پەکەکەی ناسی پەی بەوە برد کە پارتی کرێکارانی کوردستان بزوتنەوەیەکی جیدییە و بزوتنەوەیەکی مرۆڤایەتییە بۆ تەواوی مرۆڤە ئازادیخوازەکانە؛ لەم سۆنگەیەوە لە ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو. ئەو هەستەی کە لەو کاتەدا هەیبوو کە ئیتر دەتوانێت لە سروشتی رەنگینی کوردستان و لە تەنیشت هاوڕێیانی لە بەرامبەر دوژمنی خوێنخوار لە سەنگەرێکدا تێکۆشان بکات وای لێکرد کە ناوی خۆی بکات بە سەنگەر پۆڵا و بە وێنەی سەنگەرێکی پۆڵایین لە بەرامبەر بە دوژمنانی خاکەکەی سینگی بکات بە سپێر و قەڵغان رێگە نەدات کە زیاتر لەوە مافی گەل و خاکەکەی پێشێل بکرێت.
فەلسەفەی ئاپۆچێتی بەحرێکە
کاتێک کە ناوی پەکەکە دەهاتە سەر زاری بزەیەکی نهێنی دەهاتە سەر لێوانی، کە بە باس کردن لە پەکەکە ئەو بزەیەی دەبوو بە خەندە و ئەو خەندەیە بۆ هەمیشە لەسەر لێوانی مایەندە بوو. هاوڕێ سەنگەر ئەو ژیانە نوێیەی بە ژیانێکی بێ وێنە دەدیت و هاوڕێیەتییەک کە لە پەکەکەدا دیتی ئەو هاوڕێیەتییە بوو، کە لەنێو کۆمەڵگادا هەرگیز نەیدیتبوو. ئەو هاوڕێیەتییە بوو بە هۆی ئەوەی کە هاوڕێ سەنگەر زیاتر خۆی ئاوێتەی ژیانی گەریلایەتی و هاوڕێیەتی بێ وێنەی هاوڕێیانی بکات. فیدایەتییەک کە لەلایەن هاوڕێیانییەوە دەیدیت کەسایەتییەکی فیدایی لە ئەویشدا ئاوا کرد. ورە و هێزێک کە لە گریلا دا دەیدیت و ئیدی هێدی، هێدی لە خۆشی دا بەدی دەکرد وای لێدەکرد، کە باکی بە هیچ دوژمنێک نەبێت و بە پشتبەستن بە گەلەکەی لە ژیانی شۆڕشگێڕیدا هەنگاو هەڵێنێت. هیوایەک کە لەو بزوتنەوەیە و لە گەلی کورد دا دەیدیت وای لێدەکرد کە لە سەرکەوتندا سوور بێت و بۆ مسۆگەر کردنی زیاتر خۆی پێشخات. هاوڕێ سەنگەر وەها باسی لە هەستێک دەکرد کە بەرامبەر بە پەکەکە و پەکەکەیی بوونەوە هەیبوو:" مرۆڤ دەتوانێت باس لە پەکەکە و پەکەکەیی بوون بکات، بەڵام ناتوانی بە تەواوەتی گوزارشت لەو هەستە بکەیت، کە لە ناخت دایە. ئەگەر بە ساڵانیش قسە بکەی ناتوانی گوزارشت لە مەزنی پەکەکە، ژیانی پەکەکە و راستی پەکەکە بکەی. فەلسەفەی ئاپۆچێتی بەحرێکە؛ مرۆڤ چەندەش باسی لێبکات تەنانەت ناتوانێ گوزارشت لە دڵۆپێکی ئەم بەحرە بکات. بە فەلسەفەی ئاپۆیی و ئامانجێک کە لە پێناوی دا شەڕ دەکەین، هیچ ئاستەنگییان ناناسین و لە کوێ پێویستی هەبێت لەوێ درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین. وەکوو شەهید قازی محەمەد دەفەرموون:'سەرێک لە پێناو ئازادیدا بێت، هەزار سەری بە قوربان بێت.' لەسەر ئەو بنەمایە ئێمەش تێکۆشان بەڕێوەدەبەین و خۆمان پێش دەخەین."
پەیوەست بوون بە نیشتمان و گەل لە دەنگیدا زایەڵەی دەهات
هاوڕێ سەنگەر دەنگی خۆشی ئاوێتەی چریکەی چۆلەکەکانی نێو سروشت کرد و بەدەنگە بەسۆزەکەی سروشتی کوردستانی پڕ لە نەغمەی خۆش کرد. کاتێک کە دەستی بە گۆرانی وتن دەکرد سروشتی رەنگینی کوردستانی دەهێنایە جۆش و بە دەنگی خۆشییەوە گوێی هاوڕێیانی و هەموو بوونەوەرانی ناو سروشتی نەوازشت دەکرد. لە نەغمەی دەنگی هەڤاڵ سەنگەر دا کە بە وێنەی ئاوازێکی ناوازە لە سروشتدا دەنگی دەدایەوە هەستمان بە هەموو هەست و خۆشییەکانی نێو دڵی دەکرد و پەیوەست بوون بە نیشتمان و گەل لە دەنگیدا زایەڵەی دەهات. ئەم زایەڵەیە هەموو هۆشەکانی کەمەندکێش و سەرمەستی خۆی دەکرد.
خەیاڵی ئەوە بوو کە لە کوێ دوژمن بیری لێناکاتەوە، گورزی لێبوەشێنێت
هەڤاڵ سەنگەر کەسایەتیی شۆڕشگێڕی مەزن، عەگیدی رۆژهەڵات شەهید سمکۆ سەرهەڵدانی بۆخۆی کردبوو بە بنەمای شۆڕشگێڕتی و ژیانی راست. دەیویست رێگەیەک، کە هەڤاڵ سمکۆ پێی تێ نا ببڕێت و بچێتە هەرێمەکانی دەرسیم و دەریای رەش؛ تاوەکوو بە وێنەی هەڤاڵ سمکۆ لە دڵی گەلی ئەو هەرێمانەدا لانە بکات و لە پێناو ئەو گەلەدا شەڕ بکات. خەیاڵی ئەوە بوو کە لە کوێ دوژمن بیری لێناکاتەوە کە گەریلا لەوێ هەیە گورزی لێ بوەشێنێت. دەیویست ئەوە بە دوژمنی داگیرکەر بسەلمێنێت کە پەکەکە وەهایە کە گەریلایەکی رۆژهەڵات دێت و لەگەڵ هاوسەنگەرەکانیا لەنێو هەرێمی بن دەسەڵاتی تۆدا گورزت لێ دەوەشێنێت و ئەمە بۆخۆی شەڕێکی هەرە مەزنە لە دژی ئەو دوژمنە. بەم راوەستەی خۆیەوە دەیوەست ئەمەش بسەلمێنێت کە کوردستان یەک پارچەیە و ئەو ئامادەیە لە پێناو ئازادی کوردستاندا لە هەر بەشەی کوردستاندا ئەرکی شۆڕشگێڕی راپەڕێنێت. هەڤاڵ سەنگەر بە پێشنیازی خۆی لە ساڵی ١٣٩٦ (٢٠١٧)دا تێپەڕی ئەیالەتی ئامانۆس بوو و لەوێ درێژەی بە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی خۆیدا. چوون بۆ هەرێمی ئامانۆس هەستێکی خۆشی لە ناخیدا ئاوا کرد. بەو هەستەوە رێگەی دژوار و پڕ هەوراز و نشێوی ئامانۆسی بڕی هەتا گەیشتە سروشتی رەنگینی ئامانۆس. لەوێ بەهەستی تۆڵەسەندنەوەی هەموو شەهیدانی رێگەی ئازادی و رقی بەرامبەر بە دوژمنی داگیرکەر درێژەی بە تێکۆشانی دا و بە رۆحێکی فیداییەوە لە خەباتی شۆڕشگێڕیدا ئەرکی خۆی بەجێ گەیاند.
بۆ هەتا هەتایە لە دڵی هاوسەنگەرانیدا مایەندە بوو
هەڤاڵ سەنگەر دەیزانی کە لە پەکەکەدا مردن نییە، ئاستی هەرە دوایی گریلایان بە سەرفیرازییەوە بە پلەی بەرزی شەهادەت دەگەن کە هەڤاڵ سەنگەر شەهادەتیشی وەکوو ژیانێکی نوێ دەدیت. دەیزانی کە لە پەکەکەدا لە دوای شەهادەتیش لە دڵی هاوڕێیانت و لە مێژوویەک کە لەگەڵ هاوڕێیانتدا نووسیوتە هەر زیندوو دەمێنی. هەڤاڵ سەنگەر لە ٢٠ی پوشپەڕی ١٣٩٧دا لە ئامانۆس لە ئاکامی هێرشی هەوایی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا پەیوەستی کاروانی نەمران بوو و مۆرکی خۆی لە پەرتووکی مێژووی تێکۆشانی گەلی کورد دا و بۆ هەتا هەتایە لە دڵی هاوسەنگەرانیدا مایەندە بوو و وەکوو بۆخۆشی دەیزانی هەتا یەکێکیش لە شۆڕشگێڕانی کوردستان بمێنن هەڤاڵ سەنگەر هەر ژیان دەکات.
ژ.ت