ڕۆژنامەنووس عەزیز کۆیلوئۆغلو لە سلێمانی یادکرایەوە

ڕۆژنامەنووس عەزیز کۆیلوئۆغلو کە ٢٧ ی کانوونی دووەم لە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی ڕانیەی سلێمانی شەهیدبوو، لە چلەی شەهیدبوونیدا لە سلێمانی بە مەراسیمێک یادکرایەوە.

کۆمپانیای چەتر لە مەراسیمی چلەی شەهیدبوونی ڕۆژنامەنووس عەزیز کۆیلوئۆغلودا بانگەوازی لە نوێنەری ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە کوردستان و عێراق و یەکێتی ڕۆژنامەنووسانی بێ‌سنوور کرد، دژی ئەم هێرشانە بێدەنگ نەبن و گوتی: "گەیاندنی ڕاستی مافی کۆمەڵگەیە و مافی هیچ لایەن و دەوڵەتێک نیە بە هیچ پاساوێک هێرشی تیرۆریستی بکاتە سەر ڕۆژنامەنووسان".

ئەمڕۆ لە سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و ئازادییخوازان، بە مەڕاسیمێکی شکۆدار چلەی ڕۆژنامەنووسی شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد عەزیز کۆیلوئوغڵو بەرز ڕاگیرا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای چەتر، کەمال حەمەڕەزا ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " بە تیرۆری ڕۆژنامەنووسان ناتوان دەنگی ئازادیی کپ بکەن. تیرۆری ڕۆژنامەوانان تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە کە بە ئامانجی بێدەنگ کردنی کۆمەڵگە بەرێوە دەچێت. وەک دەزانین ئێستا ڕاگەیاندن بووەتە هێزی یەکەم کە توانای ئاراستەکردنی کۆمەڵگەی هەیە، لەم پێناوەدا دەسەڵات بەردەوام بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی خۆی و بۆ ئەوەی بتوانێت کۆمەڵگە لە خشتە ببات و ‌حەقیقەت بشارێتەوە هەوڵی داوە ڕاگەیاندن دەستەمۆ بکات. بۆ ئەم مەبەستە یان ڕاگەیاندنی سێبەرساز کردووە و قەلەمەکانی کڕیوە. لەو شوێنەی نەیتوانێبتی دەنگی ڕۆژنامەوانی ئازاد کپ بکات سەری لە ڕێبازی تیرۆر و تۆقاندن داوە.

ڕۆژی ٢٧ـی مانگی چلەی ئەمساڵ لەبەر چاوی هەموو دنیا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئۆتۆمبیلێکی مەدەنی لە چوارقورنە نزیک بە ڕانیە لە ڕێگەی درۆنەوە بە ئامانج گرت کە چەند هاوڵاتی مەدەنی شەهید کەوتن، هاوکات هاورێمان عەزیز کۆیلوئۆغلو لەو هێرشەدا بە ئامانجگیرا و شەهید کەوت. هاورێ عەزیز یەک لە ئەندامانی ڕاگەیاندنی ئازاد بوو کە ماوەیەکی درێژە وەکو هاوڕێ و دۆستی ئێمە لە سێ پارچەی کوردستان باکوور-باشوور و ڕۆژئاوا لە پێناو دەربڕینی ڕاستییەکان و بە ئامانجی گەیشتن بە حەقیقەت بە شێوازێکی  مەیدانی ڕووماڵی ئەو ڕووداوانەی دەکرد کە بە سەر کۆمەڵگەی کوردستاندا.

وەک دەزانن دۆزی گەلی کورد دوای شەری جیهانی یەکەم و دابەش بوونی کوردستان بە هۆکاری پەیمانی سایکس-پیکۆ لە ژێر سیاسەتی نکۆڵی داگیرکەران هەموو ڕووداوکانی پەیوەست بە کوردستان لەوەی کە وەکوو دۆزێکی سیاسی سەیر بکرێت وەکوو تاوان مامەڵەی لە لەگەڵ کراوە. ئەمەش وای کردووە داگیرکەرانی هەموو ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەوانانەی کە بەدواداچوونیان بۆ دۆزی کورد کردووە لە چوارچێوەی تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵ بکەن و بە دەستێکی ئاواڵا و دوور لە هەموو پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و یاساکانی ڕۆژنامەوانی هێرش بکەنە سەریان.

وەک دەزانن لە ٢٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤ تیمێکی ڕۆژنامەوانی کۆمپانیاکەمان لە جادەی سەیدسادق-هەڵەبجە بە ئامانج گیران و بووە هۆی شەهیدبوونی دوو هاورێمان و برینداری چەندین کارمەندی دیکەمان.

هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دژی ڕۆژنامەوانان بە مەبەستی پەردەپۆش کردنی ئەو تاوانانەی کە دژی گەلی کورد دەدرێن هیچ کات ڕانەوستاوە، چی لە باکوور بێت یان باشوور و ڕۆژئاوا. لە١٩\١٢\٢٠٢٤ و لە جادەی گوندی سێرین نزیک بەنداوی تشرین کە ئێستا بووەتە ڕەمزی بەرخۆدانی گەل دژی داگیرکەری و چەتەکانی سەر بە تورکیا دوو هاورێی دیکەی سەر بە ڕۆژنامەوانی ئازاد، نازم داشتان و جیهان بیلگین کرانە ئامانجی هێرشی درۆنی تورکی و شەهید کەوتن.

وەکو کۆمپانیای میدیایی چەتر ئەم هێرشانە کە دەکرێنە سەر ڕاگەیاندنی ئازاد شەرمەزار دەکەن و هاوکات داوا لە نوێنەرایەتیی ڕیکخراوە نێونەتەوەییەکان لە کوردستان و عێراق و سەندیکای ڕۆژنامەوانانی بيسنوور دەکەین کە چیدی لە بەرانبەر ئەم تاوانانە بێدەنگ نەبن. هاوکات بە بیری دێنینەوە کە گەیشتن بە ڕاستییەکان مافی کۆمەڵگەیە و هیچ لایەن و دەوڵەتيک مافی ئەوەی نییە لە ژێر هەر پاساوێک بێت دژی ڕۆژنامەوانان هێرشی تیرۆر و سڕینەوە ئەنجام بدات.

لە کوتاییدا بەڵێنی خۆمان بەو هاوڕێیانەمان شەهید دووپات دەکەینەوە کە هەتا دوایی لەسەر ڕێچکەی گەیشتن بە حەقیقەت کاری ڕاگەیاندنی خۆمان بەردەوام بکەین و بە قەڵەميکی بە بڕشتر و کامێرایەکی چاو نەترسانەتر بەردەوامی بە کار و خەباتی خۆمان بدەین".