کۆبوونەوە لەگەڵ دەڤا: پێویستە هەنگاوی پێویست بۆ ئاشتی بنرێت، نەخشەڕێگا هەبێت

تونجەر باقرخان پاش کۆبوونەوەی دەم پارتی و دەڤا گوتی: "پێویستە ئیتر بانگەوازەکان بگۆڕێن بۆ هەنگاوی ڕوون" و عەلی باباجان گوتی: "بۆ ئاشتی دەبێت، نەخشەڕێگا هەبێت".

پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، لە درێژەی کۆبوونەوەکان لەگەڵ پارتە سیاسییەکان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان لە ناوەندی گشتی پارتی دەڤا لەگەڵ سەرۆکی گشتی پارتەکە عەلی باباجان کۆبوونەوە.

پاش کۆبوونەوەکە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی هاوبەش ئەنجامدرا.  

عەلی باباجان: دەبێت نەخشەڕێگا هەبێت

عەلی باباجان ڕایگەیاند چارەسەر قورسە و هێندە ئاسان نییە، بەڵام وەک پارتی دەڤا پشتگیری لە بچوکترین ئەگەری ئاشتی دەکەن، هەروەها دووپاتی کردەوە دەبێت نەخشەڕێگایەک هەبێت، گوتی: "ئێمە ئەم نەخشەڕێگایەمان نەبینیووە. پێداگری بۆ ئاشتی پێویستە. ئایا ئەم پێداگرییە لای دەسەڵات هەیە؟ ئێمە نایبینین. بۆ چارەسەر، ئیرادەی سیاسی پێویستە، بەڵام هێشتا ڕاوبۆچوونی بەڕێز ئەردۆغان لەم ڕووەوە نادیارە. هێشتا ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز نیشان نەدراوە. کاتێک پێداگری و نەخشەڕێگا و ئیرادەی سیاسی نەبێت. وەک پێشتریش گوتوومانە، ئێمە وەک گەشبینییەکی بێهودە لێی دەڕوانین".

باقرخان: بناغەیەک بۆ پێکەوەژیان پێشکەش دەکات

باقرخان تیشکی خستەسەر گرنگی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و ڕایگەیاند ئەم بانگەوازە پێکەوەژیانی یەکسانی و دیموکراتیک بۆ ٨٥ ملیۆن هاوڵاتی پێشکەش دەکات، بۆیە تێگەیشتنی درووست لە پرۆسەکە گرنگە، گوتی: "بانگەوازەکە بۆ ئەوەیە شەڕ و پێکدادانی ٥٠ ساڵە لە وڵات کۆتایی پێ بێت و ئیتر تێکۆشان بۆ ماف لەسەر زەمینەی دیموکراتیک بەڕێوەبچێت. لەم ٥٠ ساڵەدا، تورکیا زیانی گەورەی کرد لەڕووی وزە و ئابوورییەوە. کاریگەری لە تەواوی تورکیا کرد".

پێویستە هەنگاوی پێویست بنرێت

باقرخان ڕایگەیاند ئەم بانگەوازە هەموو شوێنەوارە نەرێنییەکانی ڕابردوو لادەبات و ڕێگە بۆ پێکەوەژیانی دیموکراتیکی گەلان و باوەڕەکان دەکاتەوە، گوتی: "پێویستە ئیتر هەنگاوی پێویست بنرێت. بۆیە دەبێت کۆمەڵگە خاوەنداری لەم بانگەوازە بکات. پێشتر تەنها بانگەواز لە توێژی دەسەڵات دەکرا. ئێمە گوتمان دەبێت لەمە باشتر بێت. بانگەواز دەکەین بێ دواکەوتن هەمووان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان دەربارەی ئەم بابەتە جێبەجێ بکەن".

"هەڵوێستی ئێمە دەربارەی سوریا ڕوونە"

باقرخان ڕایگەیاند هەڵوێستیان دەربارەی سوریا ڕوونە، دەبێت سوریا ببێتە کۆمارێکی دیموکراتیک، دەبێت دەسەڵات لە سوریا هەموو گەل و باوەڕەکانی سوریا لەخۆبگرێت، هەروەها کۆمەڵکوژی عەلەوییەکانی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند دەبێت دەسەڵات ڕێوشوێنی گونجاو بۆ وەستاندنی ئەم کۆمەڵکوژییانە بگرێتەبەر.

پرۆسەکە لەگەڵ بەشەکانی تری کۆمەڵگە بەڕێوەدەبەین

باقرخان جەختی کردەوە، هەڵوێستێکی ئەرێنی دەربارەی بانگەوازەکە لە تەواوی تورکیادا هەیە، کۆمەڵگەش داوای وەستاندنی خوێنڕێژی و بەرقەراربوونی دیموکراسی و یەکسانی دەکات، دووپاتی کردەوە، وەک دەم پارتی لەگەڵ بەشەکانی تری کۆمەڵگەدا ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبەن، گوتی: "بەهیوام ئەم بانگەوازە بگۆڕێت بۆ پرۆسەی ئاشتی، وە بتوانین بەم بانگەوازە ئەو ئاشتییە بەرقەرار بکەین کە تەواوی وڵات هیوای پێیەتی".