کورتولموش: پەرلەمان بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ دەکات

سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش ڕایگەیاند پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ دەکات.

سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش لەگەڵ سەرنووسەری چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن کۆبووەوە.

لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، گوتی: "بەهیوام سیاسەت لەسەر هێڵێکی هاوبەش و ماقووڵ بمێنێتەوە، دەبێت هەمووان بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان".

کورتولموش ڕایگەیاند ئەم پرۆسەیە سوودی بۆ تەواوی تورکیا دەبێت.

پەرلەمان بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ دەکات

کورتولموش ڕایگەیاند شاندی ئیمراڵی دەم پارتی بەردەوامە لە کۆبوونەوە لەگەڵ پارتەکان، پەرلەمان شوێنی چارەسەرکردنی هەموو پرسەکانە، گوتی: "پرسەکە بە هەڵوێستی هاوبەشی پارتە سیاسییەکانی پەرلەمان چارەسەر دەبێت. هەرکات پێویست بێت، ڕۆڵی خۆمان دەگێڕین و هەنگاوی ڕوون و جددی دەنێین. پەرلەمان بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ دەکات".

"دەستوور و پرۆسەی ئیمراڵی، دوو شتی جیاوازن"

کورتولموش ڕایگەیاند بەدواداچوونەکان دەربارەی دەستوور، پەیوەندی بە پرۆسەی ئیمراڵییەوە نییە، گوتی: "پێش ئەوەی یەکەم هەنگاوی پرۆسەی ئیمراڵی بنرێت، ساڵێک یان ساڵ و نیوێک پێش ئێستە، لە یەکەمی ڕۆژی ٢٨ هەم خولی پەرلەمانەوە دەستمان بەم بابەتە کرد. بۆیە ئەم دوو بابەتە لەیەک جیاوازن و نابێت تێکەڵ بەیەک بکرێن".