لە ڕۆژی پێنج شەممەوە بە سەدان هاوڵاتی مەدەنی عەلەوی لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی هەتەشە لە شارە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای سووریا کۆمەڵکوژ کران. تا دێت کاردانەوەکان لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییە لە پەرەسەندندایە. لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکاندا بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لە بەیاننامەیەکی نووسراودا ئەو کردەوە کۆمەڵکوژییەی شەرمەزار کرد.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لە سووریا چەندین نەتەوە و بیروباوەڕی جیاجیا دەژی. ڕژێمی بەعسی سووریا هەتا دواساتەکانی ڕووخانی سیاسەتی نکۆڵی دژی پێکهاتەکان بەرێوە دەبرد و دانی به مافی گەل و بیروباوەڕە جیاوازەکاندا نەدەنا. لە ماوەی شەڕی ئەم ١٤ساڵەدا، گەلانی سووریا بەو بۆنەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوت و ڕووبەڕووی وێرانکاری و کۆمەڵکوژی زۆر بوونەتەوە. ئەو شەڕ و کردەوە کۆمەڵکوژییانە هەتا ئەمڕۆ بە شێوەیەکی دڕندانە درێژەی هەیە.
هەروەها ئەو کۆمەڵکوژییانەی ئەمڕۆ لە دژی کۆمەڵگەی عەلەوی ئەنجام دەدرێن، درێژەپێدەری هەمان عەقڵیەتی پێشوون. لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هەتەشە لە دیمەشق دەسەڵاتی خۆی ڕاگەیاند. بەم گۆڕانکارییەوە، ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەددا بوون لە ماوەی چەند ڕۆژدا بە تەواوی کەوتنە ژێر دەسەڵاتی هەتەشەوە. هەروەها بە گۆڕینی ڕژێم، گەلانی سووریا خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا بەو هیوایەی شەڕ کۆتایی دێت و ئارامی دەگەڕێتەوە. بەڵام بە سەرهەڵدانی هێزێکی وەک هەتەشە، ترس و نیگەرانییەکی لە نێو گەلانی سووریادا دیسان سەری هەڵدایەوە. کۆمەڵکوژیی دژی کۆمەڵگەی عەلەوی جارێکی دیکە ترس و نیگەرانیەکانی سەلماند."
تاژێ ڕایگەیاند، چەتەکانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا دژی کۆمەڵگای ئێزدی و بەتایبەت ژنانی ئێزدی کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا و ئێستاش هەمان شت دژی کۆمەڵگای عەلەوییەکان دەکرێت و رایگەیاند: "ئەم کۆمەڵکوژییە بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە. ئەم کردەوانە هەمان کردەوەکانی چەتەکانی داعشە. ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی و بە تایبەتی ژنانی ئێزدی بە زۆر بەقووڵی هەست بەو ئازارانە دەکەین کە لەلایەن هێزە جیهادیەکانەوە بەناوی ئیسلام دژی کۆمەڵگەی عەلەوی ئەنجام دەدرێت."
لە کۆتاییدا تاژێ ئەم بانگەوازییەیی کردووە: "لەسەر ئەم بنەمایە بانگەوازی لە کۆمەڵگاکەمان، هەموو ژنان، پێکهاتە و باوەڕە جیاوازەکان و گەلانی ئازادیخواز دەکەین کە لە دژی کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە."