لە حەڵەب توندوتیژی سەر ژنان شەرمەزار کرا
ژنان لە حەلەب بە گردبوونەوەیەک توندوتیژی و کوشتی ژنانیان شەرمەزار کرد و بانگەوازییان بۆ جێبەجێکردنی یەکسانی و دادپەروەری کرد.
ژنان لە حەلەب بە گردبوونەوەیەک توندوتیژی و کوشتی ژنانیان شەرمەزار کرد و بانگەوازییان بۆ جێبەجێکردنی یەکسانی و دادپەروەری کرد.
نوێنەری بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە حەلەب لە گەڕەکی شێخمەقسود کۆبوونەوە و لە دژی توندوتیژییەکانی سەرژنان ڕاگەیاندراوێکییان خوێندەوە. ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن زەینەب عەلیکۆی ئەندامی ڕێکخراوی 'سارا بۆ تێکۆشانی لە دژی توندوتیژی سەر ژنان' خوێندرایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەکرا بەوەی بەهۆی ئەو دۆخە ناهەموارەی سووریای تێدایە، تا دێت عەقڵێتی پیاوسالاری و نەریتە پاشڤەڕۆکان کاریگەری نەرێی لەسەر دۆخی ژنان دادەنێت و ژنان بوون بە قوربانی.
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا دەستنیشان کراوە لەژێر ناوی 'شەرەف'دا هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان ئەنجام دەدرێت. هەروەها ئاماژە کرا بەوەی بەهۆی ئەم دۆخە ناهەموارەوە لەم چەند ڕۆژەی کۆتاییدا لە حەلەب کوشتنی ژنان لە لایەن عەقڵیتی پیاسالارییەوە زیاتر بووە.
ژنان جەختییان لەوەکردەوە پێویستە هەموو هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی عەقڵێتی پیاوسالاری بدرێت تا ئەوەی ڕیشەکێش بکرێت و بانگەوازییان بۆ جێبەجێ کردنی سزای دادپەروەرانە بەسەر تاوانباراندا کرد. هەروەها لە کۆتاییدا بانگەوازییان لە هەموو ژنان کرد لە دژی ئەم تاوانانە یەکبگرن و خۆیان پەروەردە بکەن.