پەروین بوڵدان: ئاشتییەکی هەمیشەیی، پێویستییەکی هەنوکەییە

پەرلەمانتاری دەم پارتی، پەروین بوڵدان لە یەکەم وتەیدا وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان، گوتی: "ئاشتییەکی هەمیشەیی، پێویستییەکی هەنوکەییە بۆ وڵاتەکەمان و هەرێمەکە".

ئەندامی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پەروین بوڵدان، دوای هەڵبژاردنی وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بۆ یەکەمجار پەرلەمانی بەڕێوەبرد. پەروین بوڵدان لە دیوانی پەرلەمان قسەی کرد.

ئۆندەر یادکرایەوە

پەروین بوڵدان، سری سورەیا ئۆندەری بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند ئۆندەر بە زیهنیەتێکی بەڕێوەبردنی دیموکراتیک و دادپەروەر و فرەیی‌پارێز جووڵاوەتەوە، گوتی: "نیشانیدا کە سیاسەت لە یاسادانان زیاترە، توانی هەمووان بە هەستێکی هاوبەش کۆبکاتەوە. وتەکانی هەردەم بۆ بنیاتنان بوو نەوەک بۆ ڕووخاندن".

بوڵدان جەختی کردەوە، ئۆندەر دەنگی هەمووانی گەیاندووەتە پەرلەمان، گوتی: "ئەو گەلی هێنایە پەرلەمان. بۆ ساڕێژکردنی برینە قووڵ و بەئازارەکانی وڵات کاری کرد. بۆیە باوەڕی زۆری بە ئاشتی هەبوو، بۆ ئاشتی هەنگاوی دەنا و لەگەڵ ئاشتییدا بوو. پەیامبەرێکی ڕەنجدەری ئاشتی بوو. من شایەتحاڵێکی نزیکی هەوڵەکانی ئەو بووم بۆ ئاشتی. هەمیشە بوێر و جدیی و ڕەنجدەر و فیداکار بوو".

پەروین بوڵدان جەختی کردەوە لەسەر درێژەدان بە ئیرادەی ئاشتی، گوتی: "ئەم ئەرکە بۆ من ئەمانەتە نەوەک پلەوپایە. خەونی ئۆندەر بۆ ئاشتی، ڕێگەی منە. بیرەوەرییەکانی ڕێگەم ڕۆشن دەکەنەوە".

'ئاشتییەکی هەمیشەیی، پێویستییەکی هەنوکەییە بۆ وڵاتەکەمان و هەرێمەکەمان'

پەروین بوڵدان ڕایگەیاند لەم قۆناغە دژوارەدا، دەبێت پەرلەمان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە وڵاتەکەمان و هەرێمەکە بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات، گوتی: "ئاشتییەکی هەمیشەیی، پێویستییەکی هەنوکەییە بۆ وڵاتەکەمان و هەرێمەکەمان. بێگومان بۆ بەردەوامیدان بە ئاشتی و سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دیموکراتیک، پەرلەمان ناونیشانی هەنگاونانە. ئێمە دەتوانین ئاشتی و کۆماری دیموکراتیک بکەینە دیاری بۆ ٨٦ ملیۆن کەس. هیچ بەربەستێک لەبەردەم ئەم خواستەدا نییە".