گەلی کورد کە لە ڕێککەوتنامەی لۆزاندا بە نەبوو دانرا و دواتر لە دەرنجامەکانی لۆزاندا سەرکووت کرا. لە دژی سەرکووتکارییەکان کە بە لۆزانەوە دەستیپێکرد، بە پێشەنگایەتی شێخ سەعید بەرخۆدان دەستیپێکرد، بەڵام ئەم بەرخۆدانە بە خوێن سەرکوت کرا. دواتر شێخ سەعید و هاوڕێیانی لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٥ لە گۆڕەپانی دەروازەی چیای ئامەد لە سێدارەدران.
هەرچەندە سەد ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام دەوڵەتی تورک دەستبەرداری سیاسەتەکانی توانەوە و قڕکردن نەبووە، هەروەها گەلی کوردیش دەستبەرداری تێکۆشانی ئازادی نەبووە. بە مەبەستی زیندوو هێشتنەوەی یاد و ئاشکراکردنی ئەوشتانەی ڕوویداوە، لە یادی سەد ساڵی بەرخۆدانی شێخ سەعیددا بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە شاری برۆکسڵی بەلجیکیا کۆنفرانسێکی دوو ڕۆژە ئەنجام دەدرێت. کۆنفرانسەکە لە ٢٨-٢٩ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت و دواتر لە ٢٩ی حوزەیران لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا ڕێپێوان و گردبوونەوە ئەنجام دەدرێت.
ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە زوبەیر ئایدار کە ئەندامە لە کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانس و گردبوونەوەکەدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
'ڕاپەڕینی شێخ سەعید بە پڕۆڤاکسیۆن دەستیپێکرد'
زوبەیر ئایدار لە سەرەتایی قسەکانییدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕاپەڕینی شێخ سەعید بە پڕۆڤاکسیۆنی دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی دەوڵەتی تورکی دەستیپێکرد و ئەوەیشی گوت کە ئامادەکارییەکانی کۆمەڵەی ئازادی هەبوون، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٥دا ڕاپەڕینەکە لە ناوچەی پیرانی ئامەد بە دەستبەسەرکردنی هەڤاڵانی شێخ سەعید تەقیەوە و دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی کۆمەڵەی ئازادی لە نێو زستاندا بگرێت هانای بۆ پڕۆڤاکسیۆنێکی وەها برد.
'بە لۆزانەوە کورد بە نەبوو هەژمارکرا'
زوبەیر ئایدار ئاماژەی بەوەدا کە ڕاپەڕینی شێخ سەعید لە دژی داننەنان بە بوونی گەلی کورد لەگەڵ پەیمانی لۆزان سەریهەڵدا و گوتی: "کورد کاردانەوەی لە بەرانبەر کۆمار کە لەسەر یەکپەرەستی بونیات نراوە هەیە. دەیانەوێت تێکۆشانێکی ڕزگاری دەستپێبکەن. دەوڵەت لە بەرانبەر ئەمەدا پەنای بۆ سیاسەتی چەوساندنەوە و لەناوبردن دەبات. دەوڵەت لە کاتی دامەزراندنیدا پاکتاوی ڕەگەزی ئەنجام دا. دەوڵەت لە ساڵی ١٩١٥دا ئەرمەنەکان، ئاشوورییەکان و کلدانەکان، لە ساڵی ١٩١٩ ڕۆمە پۆنتوسەکان، لە ساڵی ١٩٢٥یش گەلی کورد کۆمەڵکووژ کران. زۆر گرنگە باس لەوە بکرێت کە کەی و لە کوێدا ڕوویدا. لە سەدهەمین ساڵیاددا یادکردنەوەی ئەوکەسانەی کە قوربانیاندا و ئاشکراکردنی ڕووداوەکان لە چوارچێوەیەکی ئەکادیمی زۆر گرنگە. هەروەها بەم ئامانجەوە کۆنفراسنەکە ئەنجام دەدەین."
'بە ڕێککەوتی لەسێدارەدانی شێخ سەعید، پەیامێکییان بە ڕێبەر ئاپۆدا'
زوبەیر ئایدار ئاماژەی بەوەدا ئەوکەسانەی کە کۆمەڵکووژییەکەیان ئەنجام دا بۆ زیندوو هێشتنەوەی ئەو یادەش لە ساڵیادی لە سێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانییدا سزای لە سێدارەدانیان بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا سەپاند و گوتی: "هەرچەند ئاگامان نەبێ، بە بیرمان نەیەت، ئەوان هەموو شتێکیان لە بیرە. پەیامێکی سەیر و کاریگەرە کە لە ٢٩ی حوزەیراندا سزای لەسێدارەدان بەسەر سەرۆک ئاپۆدا سەپێنرا. دەیانگوت، 'وەهای لێ دەکەین. ئەوەی لەگەڵ شێخ سەعید و هەڤاڵانی کردمان لەگەڵ ئەویش دەیکەین.' دەبێت ئەمە لە بیرنەکەین و شوێنەکەی لە مێژوودا ئاشکرا بکەین."
ئایدار پاشان ئاماژەی بە ئاستی ئەکادیمی کۆنفرانسەکە کرد کە پرسەکە بە بەرفراوانی تاوتوێ دەکرێت ، وۆرک شۆپ لەسەر پێشتر چی و چی ڕوویدا ئەنجام دەدرێت و دۆخی سیاسی و کۆمەڵگەیی کوردستان تاوتوێ دەکرێت و ئەوەشی بە بیرهێنایەوە کە ڕاپەڕینی شێخ سەعید تەنها کاریگەری لەسەر باکوری کوردستان نەبووە، لە هەمانکاتدا کاریگەری لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان هەبووە.
'کۆنفرانس و گردبوونەوەکە بە ڕوانگەی نەتەوەییەوە ئامادەکراون'
زوبەیر ئایدار ئاماژەی بەوەشکرد کە لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی 'لەبیرمان نەکردوە و لەبیری ناکەین' دەدرێت، بە بیری هێنانەوەی کە گۆڕی شێخ سەعید و هەڤالانی تاوەکو ئێستا نەزانراوە، لە هەمانکاتدا داوای دادپەروەری کرد و دەڵێت؛ دەبێت کۆمیسیۆنی ڕاستەقینە بونیات بنرێت.
زوبەیر ئایدار ئەوەشی بە بیری هێنایەوە کە دوای کۆنفرانسەکە لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا ڕێپێوان و گردبوونەوە بەڕێوەدەچێت و گوتی: "ئەمە لە هەمانکاتدا مەڕاسیمی یادکردنەوەی شەهیدانە. ئەم کۆنفرانس و گردبونەوە بە ڕوانگەیەکی نیشتمانییەوە ئامادە کراون. ڕاپەڕینی کوردان بیری هاوبەشمانە و بەهامانە. دەبێت هەمووکەسێک لەم چوارچێوەیەدا نزیک ببێتەوە."
'سەرهەڵدانی پەکەکە بە دوای چارەسەرییدا دەگەڕێت'
زوبەیر ئایدار ڕایگەیاند گفتوگۆکانی پەیوەست بە چارەسەری پرسی کوردەوە لە تورکیادا پەیوەندیدار و درێژ کراوەی سەرهەڵدانەکەی شێخ سەعیدە و ئەمەی گوت: "لە باکووری کوردستان پرۆسەی دیالۆگ لە ئارادایە کە بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ١٩٢٥، بەڵام بە لێگەڕینێکی جیاوازەوە هەوڵدەدەین پرسی کورد بە دیالۆگ چارەسەر بکەین. هەموو سەرهەڵدانەکانی کورد بە لەسێدارەدان سەرکەووت کران. لە ئێستادا هەوڵدەدەین پەرە بە دیالۆگ بدەین و لە ئێستایشدا لە ئارادایە. سەرهەڵدانی پەکەکە ٥٢ ساڵە لەسەر مێزی دیالۆگ بە دوای چارەسەرییدا دەگەڕێت. هەوڵەکانمان لەم پێناوەدایە. بۆیە وانە وەرگرتن لە مێژوو زۆر گرنگە." ئایدار لە قسەکانییدا ئەم هۆشدارییەی دا: "بە مانای فڵان و ئەملاو ئەولا نییە. لەبەرئەوەی باس لەو شتانەدەکەین لە ڕابردوودا ڕوویانداوە، ئەمەش زیان ناگەیەنێت بە پرۆسەی ئێستا. یانی ناڵێین لە ئێستادا پرۆسەیەک لە ئارادایە و ڕابردوو لەبیرکەین. هەموو شتێک لە نێو حەقیقەتێکدا دیاری دەکرێت. دەبێت حەقیقەتی ئێمەیش ڕووبەڕوی ڕابردوو بکرێتەوە."
زوبەیر ئایدار لە کۆتایی قسەکانییدا بانگەوازی لە هەمووان کرد بەشداری گردبوونەوەی ٢٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ببن، کە بۆ یادی سەدساڵەی لە سێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵەکانی ئەنجام دەدرێت.