ژنانی گەنج و گەنجانی ووڵاتپارێز: "بە ڕوحی ١٤ی تەموز بەردەوام دەبین لە تێکۆشان"

گەنجانی ووڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، داوا لە ئازادیخوازن دەکەن بە روحی بەرخۆدانی ١٤ی تەموز تێبکۆشن دژ بە سیستەمی ئەشکەنجەدان".

ئێوارەی دوێنێ هەینی، کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، لە شاری کەرکوک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و تیدا بەیاننامەیەکیان ئاڕاستەی ڕایگشتی و تەواوی ئازادیخوازن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد،

لە بەیاننامەکەدا گەنجان ٤٠هەمین ساڵیادی بەرخۆدانی ١٤ی تەموزیان بەبیرهێنایەوە و بەروحی بەرخۆدان داوایان لە ئازادیخوان کرد کە دژی سیستەمی ئەشکەنجەدان بوەستنەوە، هەروەها بێ هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیان ئیدانە کرد کە بەرامبەر بە گۆشەگیری سەر ڕیبەری گەلی کورد ڕێبەر ئۆجەلان بێ هەڵویستن و بێ دەنگیان هەڵبژاردووە، گەنجان جەختیشیان کردەوە کە بەروحی بەرخۆدانی ١٤ی تەموز بەردەوام دەبن لە خەبات و تێکۆشان.

لە ١٤ی تەموز بەرخۆدانیەکی گەورە کرا

زریان کەرکوکی بەناوی گەنجانەوە بەیاننامەکەی خوێندەوە کە تیدا هاتبووە: "ئێمە وەکو کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و  ژنانی گەنجی تێکۆشەر بەڕوحی ١٤ی تەموز کە بەرخۆدانیەکی گەورە کرا، بە پێشەگایتی هەر یەک لە شەهیدان (محمد خەیری دورموش، کەمال پیر، عاکف یەڵماز، عەلی جیجەک) لە زێندانی ئامەد، هەتا کۆتا هەناسەیان بە باوەڕییەکی زۆر گەورەوە تێکۆشانیان کرد بۆ گەلەکەیان، ئەمڕۆش بەهەمان شێوە گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە شاخە سەرکەشەکانی کوردستان گیانی خویان بەخت دەکەن  لە پێناو شەرەف و کەرامەتی ئێمە و نیشتمانەکەمان بەدڵ و بەگیان دەیپارێزن"

شان بەشانی گەریلا تێبکۆشن

هەروەها لە درێژەی بەیاننامەکەی گەنجاندا هاتووە: "هەر بۆیە  بانگەواز دەکەین بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان و ئازادیخوازان و بەتایبەت بانگەوازیمان بۆ شاری کەرکوک ئەوەیە کە خاوەنداری لەگەریلا ئازادەکانی کوردستان بکەن و شان بەشانیان تێکۆشانیان بڵندتر بکەن لە دژی سیستەمی ئەشکەنجە لەسەر ڕێبەری گەلان  ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستی جدیان هەبێت".

گەنجان و ژنان لەدژی سیستەمی ئەشکەنجەدان هەڵوێستیان هەبێت

زریان کەرکوکی ڕاشیگەیاند: "ئەوە ماوەی  بیست و هەشت مانگە هێج هەواڵیک لە سەر ڕێبەر ئاپۆ  نیە، کە ماوەیەک لەمەوبەر هەواڵێک لەلایەن ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە 'سەبری ئۆک' لە بەرنامەی تایبەت ڕاگەیاند کە نامەی هەڕەشەکرد دراوە بە ڕێبەر ئاپۆ نامەکانیش بێ ناونیشانن، بانگەوازیمان بۆ گەنجان و ژنان ئەوەیە لەدژی ئەو سیستەمی ئەشکەنجەیەی کە لەلایەن دەوڵەتانی زلهێزەوە بەڕێوەدەبردێت هەڵوێستی جدیان  هەبێت".

ئەوانەی بانگەوازی مافی مرۆڤ دەکەن بێ هەڵوێستن

سەبارەت بە بێ هەڵوێستی ناوەندە نێودەوڵەتیەکان ئەو ئەندامەی گەنجانی ووڵاتپارێز ئاشکرای کرد: "ئێمە وەکو گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بێ هەڵوێستی (سی پی تی CPT) و نەتەوە یەکگرتوەکانUN  و مافی مرۆڤی ئەوروپا ئیدانە و شەرمەزار دەکەین، کە بەناوی بەرگری لە مافی مرۆڤەوە خۆیان نیشان دەدەن، بەڵام بەرامبەر بە فەیلەسوف و بیرەمەندی  گەلی کورد و گەلانی جێهان هێج هەڵویستێکیان نیە".

خیانەتی بنەماڵەی بارزانی شەرمەزار دەکەین

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئیدانەی خیانەتی بنەماڵەی بارزانی کرا کە نۆکەری بۆ داگیرکەر دەکەن، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "لەلایەکی ترەوە خیانەتی بنەماڵەی بارزانی ڕێسوا وشەرمەزار دەکەین، و دەڵێن ڕۆژێک تۆڵەی هەموو گەلی کورد لەشەخسی بنەماڵەکەتان  لە هەموو  ئەو دەوڵەتانە دەکەین کە دەستیان لە خوێنی هەر کوردێکی بەشەرف هەبووە، وە پێویستە هەر کوردێکی بەشەرەف سەربەرز بێت بەرامبەر مێژووی بڕ لە قارەمانی گەلی کورد".

چالاکیەکە بە وتنەوە دروشمەکانی "(بژی سەرۆک ئاپۆ ، بژی سەرۆک ئاپۆ ، بژی سەرۆک ئاپۆ) و "ڕێسوایی و شەرمەزاری بۆ ئەو دەوڵەتانەی  خۆیان بەدیموکراتی خواز دادەنین و بێ هەڵوێستن" کۆتایی هات.

هـ . ب