راگەیەندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەم جۆرەیە:
"مانگی کانونی یەکەم لە زۆر رووەوە بووە مانگێک کە دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیستی قڕکەر زۆر جار کۆمەڵکوژی تێدا کرد. کۆمەڵکوژی مەرەش ١٩٧٨، هێرشەکانی سەر زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ٢٠٠٠، کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی لە ساڵی ٢٠١١، کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس لە ساڵی ٢٠٢٢ چەند نمونەی ئەو کۆمەڵکوژیانەیە. جارێکی دیکە ئەو کۆمەڵکوژیانەی دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکەین، لە کەسایەتی رەنجدەران و خەباتکارانی راگەیاندنی ئازاد کە لەمدواییەدا تیرۆرکران جیهان بیلگین و نازم داشتان هەموو شەهیدانی دیموکراسی و شۆڕش بە رێز و پێزانینەوە یاد دەکەینەوە، ئەو بەڵێنە دووبارە دەکەینەوە کە بە شەهیدانمان داوە.
کۆمەڵکوژیی مەرەش
کۆمەڵکوژیی مەرەش کۆمەڵکوژیەکی بەو جۆرە بوو کە لە چوارچێوەی پلانی قڕکردنی کورداندا بۆ داماڵینی رۆژئاوای فورات لە کوردان ئەنجامدرا. دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیستی قڕکەر بۆ ئەوەی کوردان قڕبکات رۆژئاوای فوراتی وەک هێڵێکی ستراتیژیک دانا و هێرشەکانی بۆ سەر ئەو هێڵە چڕکردەوە. لەبەر ئەوەی رۆژئاوای فورات سنوری کوردستان و تورکیایە. هەربۆیە دەوڵەتی تورک هەوڵیدا لەوێوە دەستپێبکات، کوردان قڕبکات و ئەوە بە تەواوی کوردستاندا بڵاوبکاتەوە. لەبەر ئەوەش زۆر جار کۆمەڵکوژی بەسەر خەڵکە کورد-عەلەویەکەمان لەو ناچانەدا هێنا، ئازاری زۆری پێچەشتن. وەک لە کۆمەڵکوژی ساڵی ١٩٧٨ی مەرەشیشدا بینرا، خەڵکە کورد- عەلەویەکەمان ناچارکران لەو ناوچەیە کۆج بکەن و دیموگرافیای ئەو ناوچەیە گۆڕدرا. دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لەم سەردەمەشدا سیاسەتی قڕکردن پەیڕەو دەکات. هەوڵ دەدات لە تەواوی کوردستان پەرە بەوە بدات. داگیرکەری لە رۆژئاوا و پلانی نوێی داگیرکەری ئەوە نیشان دەدات کە ئەو سیاسەت و مێشکە بەردەوامە.
کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی
یەک لە رووداوەکانی دیکە کە راستی کۆمەڵکوژکاری دەوڵەتی تورک نیشان دەدات، بۆردومانکردنی گوندنشینانی رۆبۆسکییە لە رێگەی فڕۆکەی شەر و شەهیدکردنیانە بە شێوەی خوێنڕێژانە. زۆرینەی ئەوانەی شەهیدکران منداڵ بوون. ١٣ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی تێپەڕ دەبێت، بەڵام تائێستاش دەست بۆ بەرپرسیارانی ئەو کۆمەڵکوژییە نەبراوە. ئەو فڕۆکەوانانەی بۆردومانەکەیان کرد، بەرپرسانی سەربازی دەستخۆشی و پیرۆزباییان لێکردن. وەک ئەوەی لە هەموو کۆمەڵکوژییەکاندا بینرا، لە کۆمەڵکوژی رۆبۆسکیشدا جارێکی دیکە ئاشکرا بوو کە کوشتنی کوردا تاوان نییە و سیاسەتێکی دەوڵەتە.
کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس
دەوڵەتی تورکی قڕکەر لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا لە پاریس ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکەمان ئەڤین گۆیی، هونەرمەند میر پەروەر و وڵاتپارێزی کورد عەبدولرەحمان کزەلی شەهید کرد. ئەم کۆمەڵکوژییە وەک دووەم کۆمەڵکوژی پاریس لە پەڕەکانی مێژوودا نوسرایەوە. ئاشکرایە هاوشێوەی کۆمەڵکوژی یەکەم پاریس، کۆمەڵکوژی دووەمیش بە یارمەتی دەڵەتانی ئەوروپی و ڕێکخراوە هەواڵگرییەکانیان ئەنجامدرا. گەر پشتگیردانی دەوڵەتی ئەوروپی نەبووایە، ئەوا دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی ئەم کۆمەڵکوژییانە ئەنجام بدات. پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی هەردوو کۆمەڵکوژییەکان ئەو راستیە نیشان دەدات. لە کۆمەڵکوژییەکانی پاریسدا زیاتر لەهەمووان دەوڵەتی فەرەنسا لە ژێر تۆمەتباریدایە. بەڵام دەوڵەتی فەرەنسا تائێستا بۆ روونکردنەوەی لایەنەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە هیچ هەنگاوێکی نەناوە. ئەوەش دەبێتە مایەی ئەوەی گۆمانەکانی گەلەکەمان بەرامبەر بە دەوڵەتی فەرەنسا زیاتر بن. دەوڵەتی فەرەنسا بۆ ئەوەی خۆی لە ژێر باری تۆمەتباربوون رزگار بکات دەبێت بە دڵنیاییەوە لەبارەی ئەو کۆمەڵکوژیانەوە روونکردنەوە بدات. هیوا و چاوەڕوانی گەلی کورد ئەمەیە.
بەم بۆنەوە لە ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژیانەدا بانگەوازمان بۆ گەلەکەمان، دۆستانمان، هێزە شۆڕشگێڕ و دیموکراتیکەکانمان ئەمەیە؛ لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژییەکان تەنیا بە پەرەپێدان بە تێکۆشان و لەسەر ئەو بنەمایە بە پوچوڵکردنەوەی پلانەکانی دوژمنی کۆمەڵکوژکار دەتوانرێت دەستەبەر بێت. لەبەر ئەوەش دەبێت بە فراوانترکردنی تێکۆشانمان، بەرخودان لە دژی هێرشە قڕکارییە داگیرکەرییەکان گەورەتر بکەین و پلانەکانی دوژمنی کۆمەڵکوژکار لەبارببەین. بانگەوازمان بۆ هەمووان ئەوەیە کە لە سەر ئەو بنەمایە لە دژی هێرشەکانی سەر رۆژئاوا لە هەموو شوێنێک پەرە بە بەرخودان بدەن".