دەوڵەتی تورک هێشتاش شەڕ بەسەر سوریادا دەسەپێنێت

تورکیا بە شێوەیەکی تاکلایەنە شەڕی لە دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاندووە. هەردەوام هێرش دەکات، هەڕەشە دەکات. باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە هیچ جۆرێک هەڕەشە و مەترسی نییە بۆ سەر ئەوان.

لەناو سوریادا دەسەڵاتداری رژێمی بەعس کۆتاییپێهات. رژێمە دیکتاتۆر و توندوتیژەکان بە گشتی بەڕووی نەرمینواندن و چاکسازیدا داخراون. ئەو رژێمانەی لەگەل دادەبڕێن و هەبوون و مانەوەی خۆیان بە هاوکێشەکانەوە دەبەستنەوە، کاتێک ئەو هاوکێشە و هاوسەنگیانە دەگۆڕین ناتوانن لەسەر پێ خۆیان رابگرن. بەم جۆرە سوریا نمونەیەکە بۆ ئەزمونوەرگرتن. سەرباری ئەوەی حکومەتی ئەسەد بەو رادەیە لاواز و لەمەترسیدابوو بەڵام نەچووە ژێر باری گۆڕانکاری و چاکسازییەوە.

ئێستا بابەتێک کە زۆرترین مشتومڕ و پرسیاری لەسەرە ئەوەیە کە ئاخۆ سوریای نوێ بە چ شێوەیەک دەبێت. لە جێگەی رژێمی بەعس ئاخۆ رژێمێکی ئایینگەرا دادەمەزرێت یاخود چوارچێوەیەکی دیموکراتیک ساز دەکرێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە زۆر گرنگە بۆ ئایندەی سوریا. هیوادارین کە سوریایەک دابمەزرێت کە پێکهاتە باوەڕی، کولتوری و روانگە جیاجیاکان بتوانن خۆیانی تێدا رێکبخەن. سوریایەکی بەو جۆرە دەبێتە دەستکەوتێک بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەبێت هەموو هێزەکانی سوریا، رۆشنبیران و عەوداڵانی دیموکراسی لەو پێناوەدا هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ.

سوریا سەرباری شەڕێکی قورس و وێرانگەری ناوخۆییش بە شێوەیەکی دوور لە خوێنڕێژی رژێمی گۆری. دیمەشق کەوت. دیمەنەکان خوێناوی بەو جۆرە و پێکدادانی گەورە بەدیناکرێت. لە حەڵەبەوە دەستیپێکرد و بە گشتی بە بێ پێکدادان بەرەو دیمەشق چوو. ئەو ناوچانەشی راپەڕین بەو جۆرە پەنایان بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبرد. ئەوەش دەستکەوتێکی ئەرێنییە. ئەوەش بە شێویەەکی ئاشتیانە بۆ چارەسەری پرسی گەلان و هێزەکانی دیکە بنەمایەکی باشی بونیادنا. دەبێت هەموان گرنگی ئەوە بە باشی تێبگەن و بە گوێرەی ئەوە بجوڵێنەوە. ئەوە بۆ سوریا دەبێتە سەرەتایەکی زۆر باش.

لێرەدا ئەوەی هەڵە و ریزپەڕە، ئەوەیە کە دیسان بە شێوەیەکی بێباکانە دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە کوردەکان دوژمنکاری دەکات. دوای ئەوەی حەڵەب کەوت چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە بێ وەستان کوردەکانیان کردە ئامانج. شەهبا و تلرەفعەت کە زۆرینەی دانیشتوانەکانیان کۆجبەرانی عەفرین بوون و لە خێمەدا دەژیان، کرانە گۆڕەپانی هێرش. ئەو ناوچانە گەمارۆدران و پێکدادانی دژوار روویدا. هێزە کوردیەکان بۆ رێگری لە کۆمەڵکوژکردنی نوێ گەلیان لەو ناوچانە دوورخستەوە، کشانەوە بۆ منبج و تەبقا.

ئێستا لە سوریا تەنیا لەو ناوچەیە پێکدادان هەیە، ئەو چەتانەی ژێر رکێفی تورکیا منبج و تەبقایان گەمارۆداوە. و لەوێوە هێرش دەکەن. جگە لەوانە لە ناوچەکانی ناوەوە وەک تل تەمریش هێرش هەیە. ئەو هێزانەی پەیوەندییان بە سوریاوە هەیە بە گشتی بۆ وەستاندنی پێکدادانەکان بانگەواز دەکەن. لە دۆخی هەنوکەییدا جگە لە هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک هەموو هێزەکان بە گوێرەی ئەو بانگەوازانە دەجوڵێنەوە. لانیکەم بەو جۆرە دەردەکەوێت. دەوڵەتی تورک بە فەرمی ناڵێت شەڕ دەکەم، بەڵام هێزەکانی ژێر دەستی خۆی رەوانەی بەرەکانی شەڕ دەکات. لە بنەڕەتدا بە پێویستیشی نازانن کە زۆر بیشارنەوە. بە شێویەەکی ئاشکرا دەڵێن 'رێگە نادەین کە کورد ببنە خاوەن قەوارە' و هتد. لە کاتێکدا رژێمی بەعس کەوتووە، گروپە سورییەکان چ دوژمنایەتیەکیان بەرامبەر بە کوردان هەیە؟ کورد هێرشی نەکردووەتە سەر کەس. ئەو گروپانەی هێرش دەکەنە سەر منبج و تەبقا بە دوای چییەوەن؟ خواستی تورکیا بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیارە.

هەموو ئەو شتانەی ڕوودەدن تورکیا بە پەکەکەوە دەیبەستێتەوە. ئەمەش لە مانا هەرە ڕاستەکەییدا تاکتیکی شەڕی تایبەتە. گرووپەکانی سوریا بە تیرۆرست ناونابات. بەرەی نوسرە لە نێو لیستی تیرۆردایە و کەچی بە دڵخۆشییەوە پێشوازی لە پێشکەوتنەکانیان دەکەن. وەک ئەوە مامەڵەیی لەگەڵدا دەکەن وەک بڵێی سوپای تورکیا پێشڕەوی کردووە! کاتێک باسەکە دێتە سەر کورد دەڵێن 'ڕێگە نادەین بە پێشڕەویی تیرۆرستان.' بە غرورەوە بۆچوونەکانی خۆیان دەربڕن. زۆر خۆ بەزلزانن.

پەکەکە چ تاوانێکی کردووە کە هەموو کاتێک بە ئامانج دەگیرێت؟ لەو کاتەیی داعش هێرشی کرد، پەکەکە بووە پشتیوان و بەرگریی لە گەلانی ڕۆژئاوا- باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد. جگە لەمە کارێکی دیکەی نەکردووە. بۆ ئەوەی کۆبانێ نەکەوێت، ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی کرد و هەزاران گەنج وێڕایی ئاستەنگییەکانی دەوڵەتی تورک پەڕینەوە و هاوکارییان کرد لە خۆڕاگری بەرخۆدانی کۆبانێدا. گەریلاکانی پەکەکە زۆرترین قوربانییان دا. لە بەرخۆدانی کۆبانێدا هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا ڕۆڵێکی چالاکییان گێڕا. دوای ئەمەش هەموو کارەکان بە هاوکاری هاوپەیمانی ئەنجامدرا.

ئەو جێگانەی لە دەستی داعش ڕزگار دەکران، ئەنجومەنی خۆیان سازاند و خۆیان بەڕێوەدەبرد. پاراستنی هەرێمەکە و کاروبارەکان لەڕێگەی ئەم ئەنجومەنانەوە ئەنجام درا. بەم شێوەیە لە پراکتیکدا دیموکراتیکترین ئیدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا هاتە ئاراوە. هەموو گەلانی هەرێمەکە و پێکهاتەکان بە ئیرادەیەکی هیوابەخشانەوە پێکەوەژیانیان هێنایە ئاراوە. ئەم ئیدارانە لەگەڵ تورکیادا شەڕی ڕانەگەیاند. بەپێچەوانەوە هەموو کاتێک خواستی بونیادنانی پەیوەندی باش بووە. جگە لەمەش هیچ هێز و وزەیەکییان بۆ مەترسی دروستکردن بۆسەر تورکیا لە ئارادا نەبووە.

تورکیا بۆ تێکدانی هەموو شتێک بووە پسپۆر. تاکلایەنانە شەڕی لەدژی هەرێمەکە راگەیاند. هەموو کاتێک لە هێرش و هەڕەشەدایە. لەو جێگەیە شەڕێکی تاکلایەنی تورکیا لە ئارادایە. بە دڵنیاییەوە باکوور و ڕۆهەڵاتی سوریا هیچ هەڕەشە و مەترسییەکی بۆسەر تورکیا دروست نەکردووە.

ڕۆژئاوا لە جیهاندا وێنەیەکی ئەرێنی هەیە. خواستی ئازادی و دیموکراسییە و لە ئامانجەدایە. بە هۆیی تێکشاندنی داعشەوە نزیکایەتییەکی ئەرێنی لەبەرانبەردا دەگیرێتەبەر. لە جیهاندا بە شێوەیەکی ئەرێنی لە هێز و پاراستنی ژنانی ڕۆژئاوا دەڕوانرێت. تورکیا بۆئەوەی تێکۆشان لە دژی داعش ونبکات و ئەو نزیکایەتییە ئەرێنییە لەباربەرێت هەموو شتێک پەیوەستەکات بە پەکەکەوە. وەک ئەوەیی لەم وڵاتەدا ملیۆنان مرۆڤ ژیان ناکەن. لەکاتی ناوهێنانی هەرێمەکەشدا دەڵێت 'ئەو جێگانەی لە ژێر داگیرکاریی پەکەکەدایە.' لە بەرانبەر هیچ گرووپێکدا ئەمە ناڵێت بە داعشیشەوە، بەڵام کاتێک باس دەبێتە کورد هەموو شتێک بە دەربڕینی تیرۆرەوە دەبەستێتەوە.

دەڵەوتی تورک تا کۆتا ڕادە هەبوونی پەکەکە لەنێو لیستی تیرۆردا بەشێوەیەکی خراپ بەکار دەهێنێت. لە ژێر وتنی "لە دژی تیرۆر شەڕ دەکەم"دا دەیوێت شەڕ و کردەوە قێزەونەکانی لەدژی کوردان بشارێتەوە. لە ئێستاشدا لە ‌هێرشەکانی بۆ سەر سوریا و خوێنڕێژییەکانیدا هەمووی بە پەکەکەوە بەستووەتەوە. دۆخێکی سەرسوڕهێنەرە. لە ئێستادا چەتەکانیش خوێن ناڕژێنن. جیهان دەڵێت با تێپەڕاندی ئەم قۆناغە نوێیە بە بێ ڕژاندنی خوێن بەڕێوەبچێت، بەڵام تورکیا لە هەموو کوشتوبڕییەکی کوردان بەردەوامە.

لەژێر تیشکی ئەم ڕاستیانەدا ئەرکی کوردان ڕاست گواستنەوەی پێشکەوتنەکانە بۆ ڕای گشتی. دەبێت هەموو دامەزراوە میداییەکان، بازنە سیاسیەکان، هێزە شۆڕشگێڕ و دیموکراتیکەکان بە ڕوحی سەفەربەرییەوە ڕێگە نەدەن تورکیا ڕاستییەکان بشارێتەوە. ئەوانەیی خۆیان بە دیموکراسی و ئازادیخواز دەزانن، هەموو ئەوشتانە وەک ڕێنەمایی جیبەجێ بکەن و بەو پێیە مامەڵە بکەن.

سەرچاوە: رۆژنامەی رۆناهی