سەید ئەڤران سەرکەوتنە، سەرکەوتنیش سەید ئەڤرانە

هەڤاڵ سەید ئەڤرن بە رەنج و تێکۆشانی دەیان ساڵەی لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان تۆوی هیوای رۆژانی رووناکی لە هەموو شوێنێکی کوردستان چاند و راستی لە ژێر سێبەری تاریکی داگیرکەراندا دەرهێنا و ئاوێتەی سەرکەوتنی کرد.

سەید ئەڤران یاخود یاخود میراتی زیندوو و پێشەنگی قارەمانی نەریتی راگەیاندنی ئازاد و عەوداڵی راستی تا دوا هەناسەی وەفاداربوو بەرامبەر شەکاندنەوەی ئاڵای ئازادی کورد و کوردستان، شۆڕشگێڕ، تێکۆشەر و ئازادیخواز پێودانگی جوانی و واتاداری میراتی مەزڵوم دۆغان، غوربەتلی ئەرسۆز، نوژیان فرات، دەنیز فرات، قاسم ئەنگین و دەیان رێبواری راستی بوو.

هەڤاڵ سەید لە بەر ناسینی قوولی بۆ رێکخستن و بە هۆی تێگەیشتنی جەوهەری تێکۆشانی رزگاری کورد، بە هەست و بەرپرسیارێتیەکی زۆر ئەو ئەرکانەی بەجێگەیاند کە پێی سپێردرابوون. هەرگیز کێشەی تەندروستی نەیاندەتوانی بەر بە ئەرکەکانی بگرن و بە گیانی شۆڕشگێڕانی ئاپۆیی رادیکاڵ زیاتر لە ٣٠ ساڵ بە گیانبازی ژیانی خۆی بە تێکۆشانی گەورەی ئازادی گەلی کورد و سەرجەم گەلانی هەرێمەکە بەخشی. هەربۆیەش بووە یەک لە پێشەنگانی راستەقینەیە کەلەگەڵ راستیدا ئاوێتە بووە و وەک شۆڕەسوارێکی عەوداڵ، بێ دوودڵی، لە هەموو گۆڕەپانەکانی کوردستان زانست، ئەزمون و میراتی شۆڕشگێڕی خۆی بڵاوکردووەتەوە و ئەو نەوانەی ئافراندووە کە مەشخەڵەکەی بە بەرزی رادەگرن.

هەڤاڵ سەید ئەڤران بە رەنج و تێکۆشانی دەیان ساڵەی، لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان تۆوی هیوای رۆژە رووناکەکانی لە هەموو ناوچەکانی کوردستان چاند و راستی لە ژێر سێبەری داگیرکەران دەرهێنا و لەگەڵ سەرکەوتندا تێکهەڵکێش و ئاوێتەی کردن. یاخود؛ سەید ئەڤران سەرکەوتنە و سەرکەوتنیش سەید ئەڤرانە. دیالێکتییکێکی دوولایەنەی سەرکەوتنی بەو جۆرە بوو کە بە هیچ واتایەک شکستی نەدەناسی و لە قامووس و فەرهەنگی ئەودا ئەو چەمکە بوونی نەبوو. لەبەر ئەوەش بە وشیاری و پێشبینی بۆ ئایندەیەکی ئازاد، بە دەمی بە بزەوە، بە خۆشەویستی، ئەوینداری و بڕیارداری تێکۆشان و بەرخودانی دەیان رێبواری راستی لە کەسایەتی خۆیدا جێگیری کرد و گۆڕی بۆ سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو و کانیەکی هیوا و بڕوا.

سەید ئەڤران لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی رۆژئاوا، دەستبەجێ، لە ریزەکانی پێشەوە جێگەی گرت. لەو بڕوایەدابوو کە رۆشنکردنەوەی تاریکی یەک لە ئەرکە مێژووییەکانیەتی. هەربۆیەش بەو وزەیەیەوە تەنیا سەرکەوتنی دەناسی، تێکەڵ بە خەباتی دروستکردن و راهێنان بەو کادرانەبوو کە دەتوانن ساتەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز تۆمار بکەن و لە دێرکەوە تا عەفرین و حەڵەب بە هاوسەنگی بەرخودانی رۆژئاوای بۆ جیهان رووماڵ کرد و چاوەڕوانی، تامەزرۆیی و هیواکانی گەلانی رۆژئاوا، باکوور و رۆژهەڵاتی سوریای شرۆڤەکرد. هیچ بەربەست و لەمپەرێکی لەبەردەم گواستنەوەی راستی نەناسی و بێ دوودڵی تێکۆشانێکی بەڕێوەدەبرد، کە شایەنی ئەو میراتە خۆڕاگرانەبوو کە شانی دابووە بەری. ئەزمون و مێژووی تێکۆشانی ٣٠ ساڵەی خۆی هاوبەشی پێدەکرد و وەک پەپولەیەکی ئەوینداری ئازادی لەگەڵ هەموو هەناسەیەکی لەپێناو راستیدا دەسوتا. بەو هێزەی کە دەیخوڵقاند، چەرخی شۆڕشی وشیاری و ئایدۆلۆژیایی رۆژئاوای کوردستانی دەسوڕاند، عەرشی جەلاد و دڕندەکانی دەهەژاند و رووناکی دەنواند. بەو زانستەی کە لە کانیاوی پاڕادایمی رێبەر ئاپۆ تێرئاو ببوو و لەرێگەیەوە پڕچەک کرابوو، تەواوی ساتەکانی راستی دەهۆنیەوە و وەک رەنجدەرێکی دڵسۆز و پابەندی سەرکەوتن بە گیانبازییەکی بێ هاوتا پەیجوری راستی نیشان دەدا.

سەید ئەڤران بۆ دوژمنان و نەیارانی کوردان مەترسیەکی گەورە و مۆتەکەیەکی ترسناک بوو کەو خەوی لە چاویان زڕاندبوو، بەڵام بۆ عەوداڵان و موریدان راستی، مزگێنیدەر و سەرچاوەی توڕەیی گەورە لە دژی نەیار، دوژمن و داگیرکەران بوو. دەنگی بەرخودانی زیندانی ئامەد، قەستەل جندۆ، سەرێ کانی، شێخ مەقسود و ئەشرەفیەبوو. لوتکەی هاوار و لێلون، توڕەیی فورات و دیجلە، نەریتی تلێ ئەندارێ و تل خەلەف، گەریلای ناوازەی چیاکانی کوردستان، هەست، وزە و لێهاتوویی گەورەی فکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ بوو.

لە کەسایەتی سەید ئەڤراندا مرۆڤ پێداویستیەکانی گەل و گوڕ و تینی ئەو بۆ ئازادی هەست پێدەکرد. بە لێوی بەبزە و دڵە بێگەردەکەشی، مرۆڤ هێزی ئافراندنی بەدەست دەهێنا و پاڵنەری داهێنانی دەخوڵقاند.

بەو تایبەتمەندیانەی خۆی بناغەی هێز و وزەی خۆی لە بەرامبەر هەموو جۆرە قڕکردن و تواندنەوەی کولتوری داڕشت. لەلایەکەوە راستی شۆڕشی دەگێڕایەوە و لە لایەکیشەوە نەوەیەکی دروست دەکرد کە باری ئەو راستیەیان لە کۆڵ نابوو و ئاڵاکەیان بەرزکردبووەوە. هەربۆیەش؛ خاوەن رۆڵی بنچینەیی و پێشەنگایەتی بونیادنانی پێکهاتەی تێکۆشانی راگەیاندنی ١٩ی تەمووز بوو، کە لە کەسایتەی ئەودا داهاتووی چاوەڕوانکراو مسۆگەر دەبوو.  بۆیەش خاوەنی ئەو رەنجەیە کە دەیان خوێندکاری لەپاش خۆی جێهێشت کە رێچکەی شۆڕشگێڕانەی ئەو درێژە پێدەدەن و بە رەنجی خۆیشی گۆڕی بۆ نەریتی بونیادنانی کۆمەڵەی راگەیاندنی ئازاد.

خاوەنداری لە میراتی تێکۆشانی ئازادی ٣٠ ساڵەی هەڤاڵ سەید ئەڤران بە گەشتی بێ وچانی بەرەو راستی و درێژەدان بە رێگەکەی مسۆگەر دەبێت. هەڤاڵ سەید ئەو تامەزرۆییەی هەبوو کە لە پێناو پاراستنی شکۆی کورد و گەلانی ناوچەکە هەر تێکۆشانێک پێویست بکات، دەبێت ئەنجام بدرێت.

بەبۆنەی رووناککردنەوەی راستیش ئێمە لەسەر رێگەی سەید ئەڤرانەکان هیچ لەمپەر و دژوارییەک ناناسین. تەنیا بە گیانی سەرکەوتنی هەڤاڵ سەید ئەڤران، پێنوسەکەی، ئەزمون و میراتێکی بەنرخ کە لە پاش خۆی جێیهێشتووە، ئەو ئاڵایەی کە لە باپیریەوە و لەگەڵ پەکەکەشدا بە شەکاوەیی رایگرتووە، هەر لە بەرزیدا بمێنێتەوە.

هـ . ب