ئەوەی چاوەڕێدەکرا، روویدا. دادگای ئاکەپە-مەهەپە رۆژی ١٦ی ئایار سەبارەت بە دۆسیەی کۆبانێ بریاری دا و وەک پێشبینی کراوبوو، سزای قورس بەسەر بەڕێوەبەرانی هەدەپەدا سەپێندرا. ئەو ئەنجامە لەلایەن هێزەکانی سیاسەتی دیموکراتیکەوە بە ناڕەزایەتی گەورەوە پێشوازی لێکرا. لە جیهانی دەرەوەشدا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو. لەو رۆژەوە زۆر ئەو ئەنجامە مشتومری لەسەر دەکرێت. بە خۆپیشاندان و چالاکی لە تورکیا و دەرەوەی وڵات بریارە دادگای فاشیستی شەرمەزار دەکرێت. لە سەر ئەو بنەمایانە لە راستیدا، تاڕادەیەک لە سەر رووداوەکە هەموو شتێک وتراوە، بەڵام ئێمەش دەمانەوێت هەندێک شت بڵێین بەشداری لەو گفتوگۆ و مشتومڕەدا بکەین.
بەر لە هەموو شتێک ئەوە دەڵێین، دادگاییەک کە دادگای ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست بە ناوی 'دۆزی کۆبانێ'وە دەیکات دادگایەکی پوچەڵ و بێ بنەمایە. ستەمیان لە یاساکرد یاخود قفڵێکیان لە یاسادا و ئەو دۆخەیان هێنایە کایەوە. زۆر دۆسیەی پوچەڵ و بێ بنەما بوونیان هەیە کە لەلایەن فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپەوە بەڕێوەبراون. 'دۆزی کۆبانێ' یەک لەوان بوو. پشتیوانی تەیب ئەردۆغان و حکومەتی دەوڵەتی تورک بۆ داعش، لە تورکیا بووە مایەی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و بە تایبەتی کوردەکان ناڕەزایەتیان دەربری. ئەگەر لێرەدا ئەوانەی بوونە مایەی روودانی رووداوەکان دادگایی بکرێن، بەر لە هەموو شتێک دەبوایە تەیب ئەردۆغان و حکومەتەکەی دادگایی بکرانایە. بەڵام ئەمە نەکرا. وەک هەموو جارێک تاوانبار بەهێزبوو و بەم جۆرە هەوڵیدا دژبەرە سیاسیەکانی سەرکوت بکات.
لەم رووەوە ئەو وتانەی بۆ دۆزی ئاماژەبۆکراو بەکارهێنراون، تاڕادەیەک هەموویان راستن. بەر لە هەموو شتێک دۆسیەیەکی سیاسیە و بریارەکەش لە سەر ئەو بنەمایە دراوە. حکومەتی تەیب ئەردۆغان یاسای کردووە بە ئامرازێکی سیاسەت و هەوڵ دەدات دژبەرانی سیاسی خۆی سەرکوت بکات و بیانچەوسێنێتەوە. لەلایەکی دیکەوە دۆسیەی ئاماژەبۆکرا و ئەنجامەکانی جارێکی دیکە بە شێوەیەکی روون دەریخست کە بەڕێوەبەرایەتی تەیب ئەردۆغان دیکتاتۆریەتێکی فاشیستە. دۆسیەی کۆبانێ دۆسیەیەکی تۆڵەسەندنەوەیە، هەربۆیە ئەو بریارەی لە ١٦ی ئایاردا درا، بریارێکی تۆڵەسەندنەوەیە. بەو دۆز و بڕیارەوە بە ئاشکرایی خاوەنداری لە داعش کرا و تێکۆشان بەرامبەر بە داعش بە تاوان داندرا و سزای قورس بۆ ئەوە بڕایەوە. بەم جۆرە جارێکی دیکە ئەوە بینرا کە کێن ئەوانەی داعش بەڕێوەدەبەن. هێزەکانی دیموکراسی تورکیا و گەلی کورد کە تێکۆشانی گەورەیان لە دژی داعش ئەنجامدا، لە کەسایەتی نوێنەرانی سیاسییاندا سزادران. لە راستیدا ئەو سزایەی درا، نەک بۆ بەڕێوەبەرانی هەدەپە، لە کەسایەتی ئەواندا بەسەر گەلی کورد هێزەکانی دیموکراسی تورکیادا سەپێندراوە.
ئاشکرایە کە هەموو ئەوانە راستن. هەربۆیە چەندە رەخنەی لێبگیرێت و رسوا بکرێت، ئەوەندە باشە. هەروەها بە دان پێدانەنان بەو بڕیارەوە و لە دژی ئەو بڕیارە بەڕێوەبردنی تێکۆشانێکی کاریگەر، راست و پێویستە. خۆی لە خۆیدا دەبێت مرۆڤ دان بەو دۆزەدا نەنێت و لە دژی تێبکۆشێت. بە تایبەتی ئەوە بینراوە کە ئەو دۆز و بڕیارەی دراوە، پشتیوانی و خاوەندارییە لە داعش. بۆ ئەوە دەبێت مرۆڤ بۆ ئاگادارکردنەوەی گەلانی تورکیا و رای گشتی جیهان هەوڵەکانی بخاتەگەڕ.
بێگومان هەموو ئەو شتانەی لە سەر ئەو بنەمایە کراون، پێویست و گرنگن و هەموومان دەنگمان دەخەینە پاڵیان. بەڵام هەندێک شت هەیە کە ئێمە دەمانەوێت لەوەی زیاد بکەین، هەم ئەو تایبەتمەندیانە لەئارادان کە ئێمە بە تەواوەتی لێی تێنەگەیشتووین. بۆ نمونە ئەو کاتەی تیایدا دادگا بڕیاری داوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئەو دادگاییەی چەندین ساڵە بەڕێوەدەچێت، لە بەرچی لە مانگی ئایاردا لەبارەیەوە بڕیاردرا. رەنگە ئەوە وەک رێکەوتێک ببینرێت. بەڵام ئەگەر ئێمە ئەنجامدەرانی وەک تۆڵەسێنەر هەڵبسەنگێنین، ئەو کاتە دەبێت ئەوەی کردوویانە لە چوارچێوەی ئەو تۆڵەسەندنەوەیەدا هەڵبسەنگێنین. مانگی ئایار لە تێکۆشانی ئازادی کوردستان و تورکیادا، مانگێکی زۆر گرنگە. کورد و شۆڕشگێڕانی تورکیا ئەو مانگە وەک 'مانگی شەهیدان' پێناسە دەکەن. کەواتە ئەگەر مرۆڤ بریارێکی لەو جۆرە وەک هێرشێک لە دژی شەهیدان و لە هەمان کاتدا وەک هەوڵێک بۆ گۆرینی رۆژەڤ هەڵبسەنگێنین، ئەوە زۆر هەڵە نابێت.
لە ١٦ی ئایاری ١٩٩٧ بەڕێوەبەری پەدەکەی ئێستا، لە هەولێر زیاتر لە ٧٠ نەخۆش و شەڕڤانی ئازادی برینداری تیرۆرکرد. واتە ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکی نامەردانەیە کە تائێستا نمونەی نەبینراوە. لەمرۆدا ئەگەر مرۆڤ سەبارەت بە یەکبوونی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە و بەڕێوەبەرایەتی پەدەکە وریابێت، مرۆڤ ناتوانێت خۆی لە پرسیاری ئەوەی 'ئاخۆ پەدەکە ویستی بڕیارەکە لەو رۆژەدا بدرێت و فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپەش جێبەجێی کرد' رزگار بکات. هەردوو هێزەکەش وەک دوژمنی سوێندخواردووی ئازادی کوردان و دیموکراتیکبوونی تورکیا شان بە شانی یەکتر وەستاون. هەموو رۆژێک باسی لە ریشە دەرهێنان دەکەن. ئاشکرایە کە ئەوانە ناتوانن ئەوە ئەنجام بدەن.
ئێستا باس لەو تایبەتمەندیانە بکەین کە ئێمەی لێیان تێنەگەیشتووین. هەندێک کەس کە بڕیارەکەی ١٦ی ئایاریان هەڵسەنگاند، بەم جۆرە قسە دەکەن ' ئەمە پێچەوانەی نەربوونە'. ئەوەی لێی تێنەگەیشتووین ئەو پێناسەیەی 'نەرموبوون'ە. خۆی لە خۆیدا هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە لێدوانێکدا وتی کە ئەوە 'خەڵەتاندنێکە'. بەڵام خەڵەتاندنیش بێت ئەگەر بیرکردنەوە، لێکدانەوە و چاوەڕوانییەکی بەو جۆرە هەبێت دەبێت مرۆڤ بە هەندی بگرێت. بە هەرحاڵ هەندێک بە هەڵە لە هەڵسەنگاندنەکانی پەیوەست بە پرۆسەی سیاسی دوای هەڵبژاردنی ٣١ی ئادار تێگەیشتوون. نەرمبوون دۆخێکی گەڕانی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپەیە لە پەویەندییەکانی لەگەڵ جەهەپەدا بەدوایدا دەگەڕێت واتە شتێک نییە کە هێزە شۆڕشگێڕ، دیموکراتی و گەلان لە خۆ بگرێت. بە پێچەوانەوە بۆ ئەوەی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپەزیاتر هێرشی گەلی کورد و هێزە شۆڕشگێڕە دیموکراتیکەکانی تورکیا بکات، داوای پشتیوانی لە جەهەپە و هێزە هاوشێوەکانی دەکات. واتە نەرمبوون لە نێوان ئەواندا، بەمەبەستی کۆمەڵکوژی و هێرشە لە دژی هێزە دیموکراتیکەکان و کوردەکان. نابێت هەرگیز بە هەڵە لەوە تێبگەین و لێکدانەوەی هەڵە نەکەین.
ئەگەر ئەو دۆخە پشت بە دیداری بەڕێوەبەرایەتی جەهەپە و تەیب ئەردۆغان دەبەستێت و لەلایەن بەڕێوەبەری ئۆزگور ئۆزەلەوە بەڕێوەدەبرێت، کەواتە بەڕێوەبەری ئێستای جەهەپە کارێکی مەترسیدار دەکات. بەڕێوەبەری کەمال کلیچدارئۆغڵو بەردەوام شتی لەو جۆرەی دەکرد. ئەگەر بەڕێوەبەری ئۆزگور ئۆزەلیش لە هەموو دۆخێکدا کە بکەوێتە تەنگەتاویەوە و بەتایبەتی ئەگەر بۆ هێرش لە دژی کوردان و هێزە دیموکراسیەکان پشتیوانی لە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە بکات کەواتە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بەڕێوەبەری کلیچدارئۆغڵودا نابێت. دەبێت مرۆڤ بە وریاییەوە چاودێری ئەو دۆخە بکات، بە بێ ئەوەی شتەکان بە تێپەڕبوونی کات بسپێرێت راستیەکان بخاتەڕوو و رووی راستەقینەی بەڕێووەبەری ئێستای جەهەپە ئاشکرا بکات. هەڵبەت دەبێت لەسەر ئەو بنەمایەش پێشبینی و دوورنمای تێکۆشانیش بە بنەما بگرێت.
لە راستیدا تایبەتمەندییەکی دیکەش کە بە تەواوەتی لێی تێنەگەیشتووین، شۆکبوونی هێزەکانی سیاسەتی دیموکراتیکە بەرامبەر بە بریارەکەی ١٦ی ئایار. لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا، بۆ نمونە ئێمە هەرگیز نەتاساین و شۆک نەبووین. لەبەر ئەوەی دەمانزانی دۆسیەکە بێ بنەمایە، بە ئامانجی تۆڵەسەندنەوە و پشتیوانی لە داعشە. ئێمە بینیمان کە پراتیک و سیاسەتی ئاکەپە-مەهەپە بە تەواوەتی لە سەر بنەمای سیاسەتی شەڕ لە دژی هێزەکانی دیموکراسی و کوردانە. هەربۆیە بڕیارەکەش لە سەر ئەو بنەمایە دەبێت و ئەو دوژمنایەتیە ئاماژەپێدراوە، ئەقڵیەت و سیاسەتی فاشیست-قڕکەر نیشان دەدات. خۆی هەر بەو جۆرەش بوو. واتە جگەلەوە هیچ چاوەڕوانیەکمان نەبوو، بۆیە بەرامبەر بەو بریارە شۆک نەبووین. کەواتە بەشێکیش بێت، ئەگەر کەمیش بن ئەوانەی شۆک بوون دیارە چاوەڕوانیەکی جیاوازیان هەبوو. ئەگەر بەم جۆرە بێت، کەواتە لە تێگەیشتن لە فاشیزمی ئاکەپە- مەهەپەدا لەناو خەڵەتاندندا بوون. هەڵبەت ئەوەش بۆ تێکۆشان و هەڵوێست لە دژی فاشیزم لاوازی دروست دەکات.
بۆ نمونەی بەڕێوەبەرانی ئەو کاتەی هەدەپە، ئەگەر ئەو سزا قورسەیان بەسەردا نەسەپێندرایە، چی دەکرا. ئەو ئەنجامە جارێکی دیکە دەریخست کە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە چ فاشیزمێکە. ئەنجامێکی جیاواز تەنیا لە حکومەتێکی جیاواز دەوەشایەوە. ئایا هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە فیگەن یوکسەکداغ و سەلاحەدین دەمیرتاش سزای قورس نەدرانایە و وەک ئاڵتان تان و ئایهان بیلگەن بێبەری دەکران؟ ئەگەر بێ بەری بکرانایە و سزای کەم بدرانایە، چ جیاوازییەکیان لەگەڵ کەسایەتیە سیخوڕەکان هەبوایە. کەواتە دەبێت ئێمە باش بزانین کە ئێمە لە چی خەمگین دەبین، لە چی دڵخۆش دەبین. بەلای ئێمەوە ئەو سزایەی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و هاوڕێیانیان بڕاوەتەوە، مایەی شانازییە نەک خەم و پەژارە. ئەو سزایە سەربەزیەکی دیکە بە مرۆڤ دەبەخشێت. سەلماندی ئەوان لە دژی سیاسەت و ئەقڵیەتی فاشیست-قڕکەر تێکۆشاون و خۆیان بەدەستەوە نەداوە. بۆیەش ئەنجامێکی جیاواز لەوەش نەهاتە ئاراوە. ئەگەر ئەنجامەکە جیاواز بوایە ئەو کاتە هیچ شتێک لەسەر ناوی ئازادی و دیموکراسی نەدەمایەوە. هەڵبەت دەبێت لە دژی ئەو ئەنجامە تێکۆشان بکرێت، بەڵام دەبێت ئەو تێکۆشانە بە دەربرین و پشتیوانی دروست ئەنجام بدرێت. ئەو کاتەشە سەرکەوتن بە دەست دێت. لەبەر سڵاو لە هەموو ئەوانە دەکەم کە لە دژی فاشیزم خۆڕاگری دەکەن و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم!
سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا
هـ . ب