"خەبات" یان خیانەت؟
پەدەکە ئەمجارەیان لە لاپەڕەی یەکەم "خەبات"ەکەی، پەڕەیەکی دیکەی رۆژمێری ئەستووری خیانەتەکانی پڕکردەوە و بە ئاشکرا و چاوقائیمانە جاسوسی و ناپاکیەکی دیکەی تۆمار کرد.
پەدەکە ئەمجارەیان لە لاپەڕەی یەکەم "خەبات"ەکەی، پەڕەیەکی دیکەی رۆژمێری ئەستووری خیانەتەکانی پڕکردەوە و بە ئاشکرا و چاوقائیمانە جاسوسی و ناپاکیەکی دیکەی تۆمار کرد.
لە کوردستاندا ئەوەتای هەبووە دوو هێڵی خیانەت و قارەمانێتی هاوتەریبی یەکتر هەبوون. دوو رۆژمێر لە کوردستان هەبوون. یەکیان رۆژە پر لە شانازی و سەروەری و قارەمانێتیەکانیان تۆمار کردووە. ئەویتریان مۆری رەشی ناپاکی لە رۆژەکانی دراوە.
مانگی گوڵان مانگی شەهیدانە و رۆژێکی ئەم مانگە نییە شەهیدی گەورە پێشکەش بە دۆزی ئازادی و دیموکراسی نەکرابێت. سەیرە هەر لەم مانگەدا هێڵی خیانەتیش مۆری رەشی لە چەندین پەڕەی رۆژمێر داوە.
١٥ی گوڵان، یادی تیرۆرکردنی سەرکردەی دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان سلێمان موعینیە. کە لە دوای رفاند و ئەشکەنجەدان و شەهیدکردنی لەلایەن پەدەکەوە تەرمەکەی رادەستی ساواک کرایەوە.
١٦ی ئایاریش یادی کۆمەڵکوژکردنی دەیان رۆژنامەنووس، هونەرمەند، شۆڕشگێڕ و کەمئەندامە لە بەر لە ٢٧ ساڵ لە سەر دەستی پەدەکە و میت لە هەولێر شەهیدکران و تائێستاش شوێنی گۆڕەکانیان نەزانراوە.
پەدەکە وەک ئەوەی ویستبێت پەڕەیەکی دیکەی رۆژمێری ئەم مانگە بە خیانەتەکانی زیاتر چەپەڵ بکات، رۆژی ١٤ی مانگ لە رێگەی رۆژنامەی بە ناو "خەبات"ی زمانحاڵیەوە لاپەڕەیەکی دیکەی بە رۆژمێری ئەستوری خیانەت و ناپاکیەکانی زیاد کرا.
بەڵێ ١٤ی ئایار.. رێک هەمان ئەو رۆژەی سیاسەتمەدارانی کورد لە چوارچێوەی دۆزی کۆبانێدا سزای قورس دەدران.. رێک هەمان ئەو رۆژەی وەزیری دەرەوەی تورک و سەرچەتەی پێشووی میت هاکان فیدان هەڕەشەی لە سلێمانی دەکرد. هەمان رۆژ لە لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامە فەرمیەکەی پەدەکەدا لە سەری سەرەوە، هانی دەوڵەتی تورک دراوە هێرش بکاتە سەر سلێمانی.
پەدەکە ئەگەر درۆ و خیانەت و ساختەکاری لێبسەندرێتەوە هیچ ئاسەواری لە مێژوودا نامێنێتەوە، بە بانگەشەی ئەوەی "لە سلێمانی گروپی چەکدار دروست دەکرێن و دەنێردرێنە قەندیل و رۆژئاوا" هەوڵ دەدات دەوڵەتی تورک بەرەو هێرش کردنە سەر سلێمانی پەلکێش بکات.
جیا لە کرێگرتەیی و چاوساغی هەمیشەیی پەدەکە بۆ دەوڵەتی تورک، ئەوەی لە پشت ئەم هەوڵەی پەدەکەوە دەبیندرێت، درێژەی لەرز و تای ئەو حزبەیە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێ ساختەکاری، کە دەزانێت باڵۆنی فووتێکراوی لە پرۆسەیەکی دیموکراتی و یەکسانی هەڵبژاردندا فشەڵ دەبێتەوە و قەبارەی راستەقینەی دەردەکەوێت.
پەدەکە وەک زۆر جاری دی سەلماندوویەتی کەی دەسەڵاتی بکەوێتە مەترسییەوە، ئامادەی هەموو جۆرە خیانەتێک و دەستتێکەڵکردنێکە لەگەڵ دوژمنان و نەیارانی گەلەکەمان.
بۆیە ئێستاش بە چاوساغی کردن و پەلکێشکردنی دەوڵەتی تورک بۆ بەرفراوانکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەیەوێت بە بەهای رشتنی خوێنی هاووڵاتیان و داگیرکردنی کوردستان خۆی لەو شکستە چاوەڕوانکراوەی بدزێتەوە.
دیوێکی دیکەی ئەم جۆرە هەوڵانە و کۆدی پشت ئەو لاپەڕە رەشەی "خەبات"ی پەدەکە، دروستکردنی گوشارە لەسەر یەنەکە بۆ ئەوەی ئەویش بهێنێتە ژێر باری هێڵی دەوڵەتی تورک.
پەدەکە زۆر بە باشی دەزانێت ئەوەی دەیکات، لەناو خەڵکدا وەک خیانەت و ناپاکی گەورە پێناسە دەکرێت، بۆ ئەوەی لەباری قورسی ئەو خیانەتە کەم بکاتەوە، هەوڵ دەدات لایەنەکانی دیکە، بە تایبەتی یەنەکە و حکومەتی بەغداش پەلکێشی ئەو ناپاکیانەی بکات.
بەڵام ئاخۆ هیچ لایەنێک وەک پەدەکە بوونی هەیە، کە بێ سڵکردنەوە هەموو خیانەتێک بکەن؟ ئەمە ئەستەمە و گەلیش بە جۆرێک وشیاربوونەوە کە لە هیچ لایەنێکی قەبوڵ ناکەن و دواجار هێڵی خیانەت بە تەنیا دەمێنێتەوە و "خەبات"ـەکەیان بە بێزراوترین پیتەکان لە مێژوودا تۆمار دەکرێت.
هـ . ب