ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە ئۆسلۆ کۆرسێکی بۆ پیاوان و ژنان رێکخست

لە کۆرسێکی چوار رۆژەی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بۆ پیاوان و ژنان لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ، چەند بابەتێک لەوانە عەقڵیەتی رەگەزگەرایی، ڕێبازەکانی داگیرکارییە کەڵەکەبووەکان لەسەر کەسایەتی ژن و تیۆری کوشتنی پیاوێتی باسیان لێوەکرا.

لە ڕۆژانی ٢١ - ٢٤ تشرینی دووەم بە بۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و ڕێکخراوی ماڵی ژن لە ئۆسلۆ کۆرسێکی چوار ڕۆژەی ڕێکخست. ڕۆژێک بۆ پیاوان و سێ ڕۆژی دیکەی بۆ ژنان بوو.

لە کۆرسە یەک ڕۆژییەکەی پیاواندا بە بەشداری ١٥ پیاو ، باس لە پیاو، پیاوێتی، تیۆری کوشتنی پیاوێتی کرا.

لە کۆرسەکەدا بەڕێی گفتوگۆ و ڤیدیۆ بەو شیکاریی لەسەر هەڵکشانی زهنیەتی پیاوسالاریی کرا کە لە فۆرمی دەسەڵاتداریی، دەوڵەت، سەرمایەداری لە هەموو ڕووبەرەکاندا خۆنمایش دەکات. ئاماژە بە گرنگی تیۆریی کوشتنی پیاوێتی و ئەزموونی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی پیاو کرا. ئاماژە بەو زهنیەتە ڕەگەزگەرایی و جیاوازییە ڕەگەزییە کرا کە لە کەسایەتی ژن و پیاودا ڕەنگدانەوەی هەیە. پیاوان هاندران کە خۆیان لێپرسینەوە لەو زهنیەتە بکەن کە ڕەوایی خۆی لە یاساکان، ئایین و دابونەریتدا بەرهەمدێنێتەوە و زمانی دەربڕین و شێوازی پەروەردەی منداڵان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بگۆڕن. جەخت لەسەر ئەوەش کرایەوە کە کەسایەتی ئازاد و دیموکراتی تەنیا بە ڕەنج، تێکۆشان و هەوڵێکی تیۆری و پراکتیکی دەکرێت بونیادبنرێت.

لە لایەکی تر باس لە ئەزموونی تێکۆشانی ئازادی کوردستان و داهێنەری تیۆریی کوشتنی پیاوێتی کە ڕێبەر گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە کرا.

لە سێ ڕۆژی دواتر پەروەردەیەکی خۆسەر بۆ ژنان ڕێکخرا لەسەر مێژووی بزوتنەوەی ئازادی ژنی کورد، ژنۆلۆژی، ڕێبازەکانی داگیرکارییە کەڵەکەبووەکان لەسەر کەسایەتی ژن کە بە ڕێبازی میتۆلۆژی و ئایین ئەنجامدراوە و بە فەلسەفە لێپرسینەوە لەو داگیرکارییە نەکراوە و تەنانەت زانست خۆی لێ نەگەیاندووە.

لە ئەنجامی کۆرسەکەدا باس لە ڕۆڵی ژنان کرا لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و ڕۆڵیان لە گۆڕانکاری دیموکراتیانەی کۆمەڵگەدا. ژنان نیگەرانی خۆیان نەشاردەوە لەو زهنیەتە نادیموکراتیانەی کۆمەڵگەی کورد لە باشوری کوردستان و بە گشتی ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە و باسیان لەو گرنگی پەرەدان بە هیوای چارەسەر کرد لە ڕیی تێکۆشان و خۆڕێکخستنەوە.

هەر سێ رۆژەکە گفتوگۆیەکی چڕ و پڕ لە سەر توندوتیژی  کرا کە بەرهەمی عەقڵیەتی پیاوێتی کلاسیک و زاڵ و عەقڵیەتی نەریتیانەیە کە کاریگەری لەسەر ژنیش هەیە.

ئاماژە بە گرنگی پرەنسیپەکانی ئایدۆلۆژی ڕزگاری ژن کرا کە ئایدۆلۆژییەکی کۆمەڵایەتییە و ئەلتەرناتیڤە لە بەرامبەر هەموو ئایدۆلۆژیا پیاوسالار و دەسەڵاتدارەکان.

بە فراوانی باسی ژنۆلۆژی، پێویستی زانست وەک بناغەی شۆڕشی دیموکراتی و هزری کرا.

لە سەروبەندی کۆرسەکەدا بەشی هونەری و کولتووریش رێکخرا و ژنانە وزەی شاراوەی خۆیان لە هونەرەکانیاندا نیشاندا.