دەستەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی تیرۆركردن لە عێراق پێکهێنرا

دەستەیەکی لێکۆلینەوە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی تیرۆركردنی چالاکوانان لە عێراق پێکهێنرا.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکرد: "دەستەكە لە سێ دادوەر و ئەندامێكی داواكاری گشتیی پێكهاتووە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی تیرۆركردنی چالاکوانان و کەسایەتیەکان لە بەغداد و سەرجەم پارێزگاكانی دیكە دەكەن.

ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت كە دوێنێ‌ دووشەممە رۆژنامەوان و چاودێری سیاسی و  شیکەرەوەی دیاری بواری ئەمنیی، هیشام هاشمی لە بەردەم ماڵەكەی خۆی لە ناوچەی زەیونە لە بەغدادی پایتەخت لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوە تیرۆركرا.

تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی لە تیرۆركردنی هیشام هاشمی رانەگەیاندووە، بەڵام گومان لە حزبووڵای عێراقی دەکرێت بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.

ز.ش