لە کۆبانێ بە دەیان هەزار کەس لە دژی داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورک رێپێوانیان کرد

بە دەیان هەزار هاوڵاتی لە کۆبانێ لە دژی کۆمەلکوژکردنی ٣ ژنی کورد رژانە سەر شەقام و رێپێوانیان کرد و هێرشی فڕۆکەی جەنگی بێفرۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەریان رسوا و شەرمەزار کرد کە لە ئەنجامدا ٣ ژنی کورد شەهید بوون.

هاوڵاتیانی شارەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد گرد بوونەوە و دواتر دەستیان بە رێپێوان کرد. لە رێپێوانەکەدا دروشمی ئیدانەکردنی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد و ژنانی ئازادیخواز، وترانەوە.

رێپێوانەکە لە گۆڕەپانی شەهید عەگید گۆڕا بۆ میتینگ. لە میتینگەکەدا رەوشەن حاچم لەسەر ناوی بزوتنەوەی ژنانی هەرێمی فورات وتەیەکی پێشکەش کرد و دوایین هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری لە دژی ژنان، رسوا و شەرمەزار کرد و تیشکیشی خستە سەر ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکەی ٢٥ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥ی چەتەکانی داعش کە لە ئەنجامدا ٢٣٣ کەسی مەدەنی شەهید ببوون.

رەوشەن حاچم لە بەردەوامی قسەکانیدا رایگەیاند، بە هاتنی ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکەی کۆبانێ، دەوڵەتی داگیرکەری تورک جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاوبەشی ئەو کۆمەڵکوژیەی داعشە و جارێکی دیکە خانووی هاوڵاتیانی لە گوندی هەلنج بوردومان کرد.

دواتر ئایشە ئەفەندی ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە لە هەرێمی فورات لەسەر ناوی خانەوادەی شەهیدان قسەی کرد و وتی:" دەوڵەتی تورک بەو تاوانەی لە دژی گەلەکەمان ئەنجامی دەدات، دەیەوێت ناسنامەی کلتوری کوردی لەناو بەرێت و قڕی بکاتەوە."

ئایشە ئەفەندی بە ناوی دایکان و خانەوادەی شەهیدانەوە، سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەی هەر ٣ ژنە شەهیدەکەی گوندی هەلنج کرد و وتیشی:" ئێمە وەکو دایکانی شەهید بانگەوازی ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە تایبەت ئەمریکا و روسیا دەکەین کە هەڵوێستەکانیان لە بارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، بۆ دایکان ئاشکرا بکەن."

کۆنگرەی ستار:تێکۆشانی ژنان گەشتر دەکەینەوە

کۆنگرەی ستاریش لە راگەیێندراوێکدا کومەڵکوژکردنی ژنانی کوردی شەرمەزار کرد. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە:

"لە دژی هێڵی ئازادی ژنان تاوانەکانی جەنگ'ی دەوڵەتی فاشیستی تورک پەرەی سەندووە. شەوی ٢٣ی حەزیران، زەهرا بەرکەل ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی فورت و دایکە ئەمینا وەیسی و هەڤاڵێکمان بە ناوی بەدیعە مەلا خەلیل، لە گوندی هەلنجی سەر بە شار کۆبانێ لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەیەکی جەنگی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی فاشیستی تورک شەهید بوون. هاوکات لە شاری بەسرەی سەر بە دێرزور هێرشێکی دڕندانە کرایە سەر ماڵی ژنان. هەموو هاوکارانی دەوڵەتی تورک بەرپرسیارن لەو هێرشە. هەر یەک لە هێزە هاوپەیمانەکان و دەوڵەتی روسیاش بەرپرسیارن لە کوشتنی ئەو هاوڕێیانەمان. لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەین و دەڵێن، دەبێت ئەم هێرشە دڕندانانەی دەوڵەتی تورکیا بوەستێنن و نەبن بە هاوکار و هاوبەشی کۆمەڵکوژکردنی ژنانی کورد و گەلی کورد.

ئەم هێرشە دڕندانانە جارێکی دیکە بە توندی رسوا و شەرمەزار دەکەین. هاوکات بەڵێنی بەردەوامبوونی تێکۆشانی هاوڕێکانمان زەهرا، بەدیعە و دایکە ئەمینە دەدەین و هەتا زیهنیەتی قڕکەر و فاشیست لە ئارادا بێت، لە خۆڕاگریدا دەبین. ئەم هێرشانە بڕیار و گەڕان بە دوای ئازادیمان بەهێزتر دەکات و هەر شەهیدێکیش رێکخستن و تێکۆشانمان گەشتر دەکاتەوە.

بە پێشەنگایەتی رۆحی شەهید زەهرا، بەدیعە و دایکە ئەمینە ئازادی ژنان و گەلان مسۆگەر دەکەین."

ز.ش