گەلی سرین لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بانگەوازی بەرخۆدانی کرد
گەلی سرینی کانتۆنی فورات بە ئامانجی شەرمەزارکردنی کۆمەڵکووژییەکانی دەوڵەتی تورک، لە گۆڕەپانی شەهیدان کۆبوونەوە و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا.
گەلی سرینی کانتۆنی فورات بە ئامانجی شەرمەزارکردنی کۆمەڵکووژییەکانی دەوڵەتی تورک، لە گۆڕەپانی شەهیدان کۆبوونەوە و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا.
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ڕۆژی سێ شەممە (٢٨ی کانوونی دووەم) لە بازاڕی گەل لە شاری سرینی کانتۆنی فورات کۆمەڵکووژی ئەنجامدا. لە ئەنجامدا ١٢ مەدەنی شەهید بوون و ١٣ مەدەنی دیکەش بریندار بوون.
دانیشتووانی شاری سرین بۆ شەرمەزارکردنی هێرش و کۆمەڵکووژییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە گۆڕەپانی شەهیدان کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکرا کە ئامانجی دەوڵەتی تورک لەم هێرش و کۆمەڵکووژییانە، شکاندنی ئیرادەی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، پرۆژەی دیموکراتیک لە هەرێمەکە لە ناوببات، پلانی داگیرکاری ئەنجام بدات و داعش جارێکی دیکە بگەرێنێتەوە هەرێمەکە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا کە هێرش و کۆمەڵکووژی لە دژی پەیماننامە و یاسا نێونەتەوەییەکانە و بەمجۆرە بەردەوامبوو: "وەک پێکهاتەکانی شاری سرین کۆمەڵکووژییەکانی داگیرکەران شەرمەزار دەکەین، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان دەکەین و بۆ برینداران هیوای شیفای خێرا دەخواین".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەواز کرا کە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، دامەزراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، دامەزراوە یاسایی و مرۆییەکان بێدەنگی بشکێنن و بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵکووژییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەرگرن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەوازی دامەزراندنی کۆمیتەیەک بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە کۆمەڵکووژییەکان و لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی کرا و ئەم پەیامانە درا: "ئەم هێرشە ئیرادەی گەلی بەرخۆدەر ناشکێنێت، بەڵام بڕیاردانی فراوانکردنی تێکۆشان و بەرخۆدان و یەکگرتنمان زیاتر دەکات، تاوەکو ئامانجی شۆرش بگەیەنینە سەرکەوتن و کۆتایی بە داگیرکار و تیرۆر دەهێنین".