'دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی ئاشکرا یاساکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی پێشێل دەکات'

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی فورات هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە دەبنە هۆکاری کۆمەڵکووژی خەڵکی مەدەنی شەرمەزار کرد و بانگەوازی لێپرسینەوەی کرد.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی فورات بۆ شەرمەزارکردنی هێرش و کۆمەڵکووژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هەرێمەکە، بەیاننامەیەکی خوێندەوە.

بەیاننامەکە لەبەردەم بینای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە شاری کۆبانێ بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری خوێندرایەوە.

 لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "سوپای تورکی داگیرکەر لە هێرشەکانی لە دژی گەل و هێزەکانمان بەردەوامە. بە شێوەیەکی ئاشکرا یاسای مرۆیی و نێونەتەوەیی پێشێل دەکات. دوو ڕۆژ لەمەوبەر بە فرۆکەی بێفرۆکەوان لە ناوەندی شاری سرینی کانتۆنی فورات تاوان و کۆمەڵکووژی لە دژی خەڵکی هەرێمەکە ئەنجامدا. لە ئەنجامدا ١٢ هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون کە ٢ کەسیان منداڵ بوون و ١٣ کەسی دیکە بریندار بوون. دوێنێ لە ناوەندی شاری کۆبانێ ماڵێکی بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا دوو هاوڵاتی مەدەنی بە ناوی ئازاد محەمەد و شێرۆ مەشید شەهید بوون".

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەو کۆمەڵکوژییانە بەهۆی شکستی چەتەکانی سوپای نیشتیمانی سووریا (SNA) ئەنجامدراون کە نەیانتوانیوە لە بەرەی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق پێشڕەوی بکەن. لە ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و کۆنسەی ئاسایش و ڕێکخراوە یاساییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە لەبەر تاوان و کۆمەڵکووژییەکان لە دژی خەڵکی مەدەنی لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بکەن. هەروەها بانگەوازی کراوە دۆسێیەی تاوانەکان لە دادگای نێونەتەوەیی پێشکەش بکرێت. هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا بانگەوازی لە کۆنسەی ئاسایش کراوە بە خێرایی دەستوەردان بکات و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک داگیرکەر ڕابگرێت.

 لە ڕاگەیەندراوەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا گوتیان: گەلی باکوور  و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بری تەواوی جیهان شەڕی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانیان کرد، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە، بۆیە دەبێت هێرش و کۆمەڵکوژی دژی ئەم گەلە ڕابگیرێت".

 لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەواز لە هەموو هێزە نیشتمانییە دیموکراسیەکان لە سوریا کرا کە هەڵوێستی خۆیان لە دژی داگیرکاری تورک و هێرشە بەردەوامەکانی نیشان بدەن و وەڵامی بانگەوازی مەسەدە بۆ دیالۆگ بۆ چارەسەری سیاسی بدەنەوە. ڕاگەیەندراوە کە دیالۆگ ڕێگای کۆتایی هێنانە بە داگیرکاری تورک"