بە دیمەن

کایسی: ئیرادەمان تەسلیمی قەیوم ناکەین

هاوسەرۆکی شارەوانی سێرت محەمەد کایسی گوتی: "بە تایبەت بانگەواز لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەین بەرخۆدان بکەن و تێبکۆشن. ڕۆژ ڕۆژی خاوەندارێتی لە ئیرادە و شارەوانییەکەمانە".

هاوسەرۆکی شارەوانی سێرت سۆفیا ئاڵگەش لە لایەن دادگای سزای قورسی ٥هەمین لە ئامەد بە ٦ ساڵ و ٣ مانگ سزای زیندانی کردنی سەپێنرا. لە دوای سزای سوفیا ئاڵگەش، شارەوانی سێرت دەستی بەسەرداگیرا و لە شوێنی هاوسەرۆکی شارەوانی سۆفیا ئاڵگەش و محەمەد کایسی، پارێزگاری سێرت کەمال کزڵکایا وەک قەیوم دانرا.

هاوسەرۆکی شارەوانی سێرت محەمەد کایسی پەیوەست بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە لە سێرت بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و گوتی: "هەمووتان گەواهیدەربن کە ٦ ساڵ و ٣ مانگ سزای زیندانی کردن بەسەر هاوسەرۆکی شارەوانی سوفیا ئاڵگەش سەپێنراوە. ئیدی متمانەمان بە دادگا نییە، بە ئارەزووی خۆی سزا دادەنێت. لە دوای سزادانی هاوسەرۆکی شارەوانییمان لە پێش شارەوانی دەستمان بە ئێشکگری کرد. وەک ئەوەی وڵاتێک داگیربکەن کاتژمێر ٦:٠٠ بەیانی هاتنەسەر شارەوانییەکەمان و قەیومیان سەپاند".

گەلی کورد کودەتای قەیوم قبوڵ ناکات

کایسی ئاماژەی بەوەکرد کە دەسەڵات حسابی بۆ ئیرادەی گەلی سێرت نەکرد و گوتی: "قەیوم بۆ ئێمە بە واتای دزی و تالانی دێت. قەیومەکان بە هیچ شێوەیەک خزمەتی گەل ناکەن. ئەم گەلە ڕەنجێکی مەزنیداوە و خاوەندارێتی لە شارەوانی کردوە، بەڵام ئەو بە شێوەیەکی بێ ئەخلاقانە، حساب بۆ ئیرادەی گەل ناکات. ئەمە بێ یاساییە. با باشبزانن سێ جاری دیکەش قەیوم بسپێنن ئەم گەلە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە قبوڵ ناکات. گەلی سێرت سەری لەبەردەم ئەوان نەوی نەکرد، وە سەریش نەوی ناکات. چی دەبێت باببێت بە دزی سەرناکەون. لەبەر ئەوەی گەلی کورد کودەتای قەیوم قبوڵ ناکات. گەلی سێرت ئیرادەی خۆی ڕادەستی ئێمە کرد، ئەوان ناتوانن لەبەردەم ئەم ئیرادە خۆیان ڕاگرن".

کاتی خاوەندارێتی کردن لە ئیرادەیە

کایسی بانگەوازی لە پارتە سیاسییەکان، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد کە بە بەرخۆدان وەڵامی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە بدەنەوە و گوتی: "تاوەکو دوا دڵۆپی خوێنمان خاوەندارێتی لە ئیرادەی خۆمان دەکەین. شارەوانی بۆ ئەوان جێناهێڵین. ئەم کارە نایاساییە و نایاسایی قبوڵ ناکەین. بە تایبەت بانگەواز لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەین بەرخۆدان بکەن و تێبکۆشن. ڕۆژ ڕۆژی خاوەندارێتی لە ئیرادە و شارەوانییەکەمانە".