حەسەن کۆچەر: شەڕی ئێمە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق نییە

یاریدەدەری هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری حەسەن کۆچەر ئاماژەی بەوەدا ئەوان دیالۆگ و چارەسەرییان دەوێت و وتی: "شەڕی ئێمە لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا نیە. وێڕای ئەمەش هەرچەندە هێرشکردن هەبێت، ئەوا وەڵامی توندترمان دەبێت."

لەبارەی هێرشەکانی حکومەتی دیمەشق و چەتەکانیەوە بۆ سەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، یاریدەدەری هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری خۆسەر حەسەن کۆچەر بۆ ئاژانسمان قسەیکرد.

یاریدەدەری هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری حەسەن کۆچەر لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا دەوڵەتی تورک هاندەر و پشتیوانی هێرشە چەکدارییەکانی چەتەکانە بۆسەر دێرەزور، کە لەئەنجامدا چەندین مەدەنی گیانیان لەدەستدا.

درێژەی چاوپێکەوتنەکەی کۆچەر بەم شێوەیە؛

'خواستیان دروستکردنی شەڕی نێوان کورد و عەرەبە'

کۆچەر لەسەرەتای قسەکاندا باسی لەوەکرد ئەو ڕێکەوتنانەی کە دەوڵەتی تورک لەگەڵ هەندێک لە دەوڵەتانی عەرەبیدا بەستوویەتی، هێرشکردنە بۆ سەر یەكێتی نێوان کورد و عەرەب و بۆیە پێویستە لە دژی هێرشەکانی بوەستینەوە و وتی: "پێویستە شۆڕشی گەلی خۆمان و سیستەمی دیموکراتیکی بپارێزین. لە دەرنجامی ئەو هێرشانەدا چەندین مەدەنی شەهیدی مەدەنی لێکەوتەوە، وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازین. هێرشەکانی سەر دێرەزور لە ساڵی پارەوە دەستیپێکردووە و لەمساڵیشدا بەردەوام بوو. ئامانجی ئەم هێرشانە نانەوەی بشێوەیە لە نێوان پێکهاتەی کورد و عەرەب لە هەرێمەکدا ئەمەش مەرامی دروستکردی ناسەقامگیرییە لە هەموو بەش و پێگەکانی کۆمەڵگەی هەرێمەکە. لەم ڕووەوە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە پێناو پارێزگاری لە گەلانی هەرێمەکە وەڵامی پێویستی هەبوو."

'هێرشەکان دەچێتە خزمەتی دەوڵەتی تورکەوە'

لە بەردەوامی قسەکانیدا کۆچەر ئاماژەی بە هێرشەکانی حکومەتی دیمەشق کرد و وتی: "بێگومان ئەم هێرشانە بە هیچ شێوەک خزمەت بە حکومەتی شام ناکات، هەمووی دەچێتە خزمەتی دەوڵەتی تورکەوە. ئەو کۆمەڵکوژییەی سەر دێرەزور دەرخەری ئەوەیە کە حکومەتی دیمەشق لە خزمەتی گەلی سوریادا نیە. بۆیە لەم ڕووەوە حکومەتی دیمەشق بووە بە خزمەتکاری ئامانجەکانی دەوڵەتانی دەرەوە بە تایبەت دەوڵەتی تورک کە ئامانجی دروستکردنی ئاڵۆزی بەرفراوانە لە سوریادا. هەروەها ئەو ڕێکەتنانەی لەگەڵ سوریا و عێراقدا کردووەیەتی هەمووی بۆ کۆتایهێنانە بەدەستەکەوتەکانی گەلی کورد."

'زیندووکردنەوەی نیو-عوسمانیگەری ئامانجی دەوڵەتی تورکە'

لە بەردەوامی قسەکانیدا کۆچەر باسی لە ئامانجە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کرد بەوەی بۆ پێکهێنانی نیو-عوسمانییە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "لەشکرکێشی دەوڵەتی تورک بۆ ناو خاکی سوریا، تەنها مەبەست بۆ لەناوبردنی کورد نیە بەڵکو بۆ لەناوبردنی هەموو گەلانی هەرێمەکەیە. لە سەردەمی عوسمانیەکاندا ٢١ عەرەب لە ٦ی ئازاردا لە سێدارەدران، بۆیە ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی شەهیدانی عەرەب ناودەبرێت. هەموو ئەم قڕکردنانەش بۆ یەک ئامانجە، ئەویش زیندوکردنەوەی عوسمانی نوێیە. لە عێراق و سوریادا داگیرکارییەکانی دەستپێکردووە. لەبری ئەوەی ئەو دەوڵەتانەی لەدژی ئەم داگیرکارییە بوەستنەوە، بەداخەوە دەبینین دەچنە ڕێکەوتنامەوە لەگەڵ  دەوەڵەتی تورکدا. ئەم ڕێکەوتننامانە بە کوشتدانی گەلە بەدەستی دەوڵەت.

هێرشەکانی سەر دێرەزوریش لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەتننامانەدایە، ڕەنگە بەناوی چەتەکانەوە ئەم هێرشانە کرابێت، بەڵام لە بنەمادا ئامانجی ڕێکەوتننامەکانە. بەم هێرشانەش مەرامی دروستکردنی بشوێییە لە نێوان گەلی کورد و عەرەبدا لە هەرێمەکەدا. بۆیە هەڵوێستی گەلەکەمان، بە تایبەت گەلی عەرەب هەڵوێستییان بەرامبەر هێرشەکان دەربڕی. کە لە ڕاستیدا هەڵوێستێکی پێرۆزە. ئەمەش یەکگرتووی نێوان گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەرخات."

'کەس ناتوانێت دەستکەوتەکانمان لەباربەرێت'

لە کۆتایی قسەکانیدا کۆچەر جەختی لەوەکردەوە هەموو ئامانجی بەڕێوەبەری خۆسەر بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانە و وتی: "لە تێکۆشانمان بەردەوام دەبین، زیاتر یەکگرتووی نێوان کورد و عەرەب پەرەپێدەدەین. هەموو ڕێکەتنەکانی دەوڵەتی تورک بۆ تێکدانی نێوان گەلی کورد و عەرەبە بۆیە پێویستە زۆر باش ڕاوەستە لەسەری بکەین. وەک ئەوەی لە پێشودا کراوە، ویستوومانە لەگەڵ حکومەتی شام، دەوڵەتی سوریادا لە گفتوگۆدابین، چونکە شەڕی ئێمە شەڕی حکومەتی شام نیە. بەڵام گەر بەردەوامی بە هێرشەکانیان بدەن ئەوە وەڵامی توندترمان دەبێت. ئەوەی لە دێرەزور ئەنجامدا پاراستنی ڕەوا بوو. وەک سیستەمی بەڕێوەبەری پارێزگاری لە خۆمان دەکەین. هیچ کەسێک ناتوانێت دەستکەوتەکانمان لەباربەرێت."