هێزێکی سەربازی دەوڵەتی تورک ڕەوانەی ئیدلب و دەوروبەری کران

چەند کاروانێکی سەربازی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر پەڕینەوە بۆ بارەگا سەربازییەکانی ئیدلب و گوندەکانی دەروبەری.

کاروانێکی سەربازیی لە دەروازەی سنووری عەین بەیزاوە ڕەوانەی سووریا کراون. لەسەر ڕێگەی گشتی M4ەوە لە ڕۆژئاوای ئیدلبەوە دەربازی بارەگا سەربازییەکانی سەهل ئەل غاب بووە. زانراوە کاروانە سەربازییەکە لە ٢٠ ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکهاتووە و لە ناویاندا زرێپۆش، بارهەڵگر و کەرەستەی لۆجستیی و سەربازیی تێدایە.

ناوەندی مافی مرۆڤی سووریاش ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە دەروازەی باب هەوا هێزێکی زۆر کە ژمارەیان زیاتر لە ٧٥ زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییە ڕەوانەی بارەگاکانی لە گوندەکانی سنووری ئیدلب لە سووریا کرد.

ناوەندی چاودێریی مافی مرۆڤی سووریا (SOHR)، لە بارەی ڕەوانەکردنی هێزێکی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سنووری ئیدلبی سووریا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی ناوەندەکەدا هاتووە، کاروانێکی سەربازیی تورکیا لە دەروازەی 'باب هەوا'وە گەیشتوون بە بارەگا سەربازییەکانی تورکیا لە ئیدلب.

ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو کاروانە پێکدێت لە زیاتر ٧٥ ئۆتۆمبێلی سەربازیی، زرێپۆش، بارهەڵگر و کەرەستەی لۆجستیی و سەربازیی.

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی ANHA، کاروانێکی سەربازی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەڕێگەی دەروازەی سنووریی عەین بەیزاوە بۆ خاڵە سەربازییەکانی سەر ڕێگای ئێم ٤ لە ڕۆژئاوای ئیدلب و سەهل غاب گوازراونەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسەکە، کاروانەکەی سوپای داگیرکەری تورک پێکهاتووە لە ٢٠ ئۆتۆمبێل بە ئامێری سەربازیی و لۆجستیی و پێداویستی پزیشکیی و سەربازیی.

ئەمە لەکاتێکدایە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند، بەم نزیکانە ڕووسیا، تورکیا، دیمەشق و ئێران کۆبوونەوەیەکی دیکە لە ئاستانە ئەنجام دەدەن بۆ تاوتوێکردنی لێک نزیکبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق.

دەوڵەتی تورک دەیەوێت ڕووسیا و ئێران و دیمەشق ڕازی بکات هەوڵی ئاساییکردنەوە بدەن بەبێ ئەوەی تورکیا ناچار بکەن لە خاکی سووریا بکشێتەوە.