گرووپێکی دەم پارتی گەیشتنە باشووری کوردستان

گرووپێک لە شاندی دەم پارتی بە مەبەستی بەشدارییکردن لە مەراسیمەکەی گەریلا، کە بڕیارە سبەینێ لە سنووری سلێمانی بەڕێوەبچێت، گەیشتنە باشووری کوردستان.

گرووپێک لە شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە مەبەستی بەشداربوون لە مەراسیمەکەی گەریلادا کە سبەی لە سنووری سلێمانی ئەنجام دەدرێت، گەیشتنە فڕۆکەخانەی هەولێر.

گرووپەکە لە هەریەک لە ئەحمەد تورک، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین، ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی، میدحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی، جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، ساروخان ئۆلوچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی، مەرال بەشتاش دانش، هاوسەرۆکی هەدەکە و چەندین کەسایەتییەکی دیکە پێکدێن.

گرووپەکە لەلایەن فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی هەولێر پێشوازییان لێکرا.

هەروەها موراد شەن، نوێنەری دەم پارتی لە باشووری کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، کە بەشێکی دیکەی بەشداربووان گەیشتوونەتە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە باشووری کوردستان.

شاندەکانی باکووری کوردستان، بەمەبەستی بەشدارییکردن لە مەراسیمی لەناوبردنی چەک لەلایەن گەریلاوە، کە بڕیارە سبەینێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەبچێت، ڕوویان لە باشووری کوردستان کردووە.