پەرلەمانتاران: پەیامەکە ڕێگەخۆشکەرە بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک

پەرلەمانتارانی دەم پارتی مەراڵ دانش بەشتاش و توشتو تیریاکی لەبارەی پەیامە ڤیدیۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆوە قسەیان کرد و وتیان، "بەدیهاتنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی بناغەی دیموکراتیک بەم پەیامە زیاتر کاریگەر بوو."

لە چوارچێوەی 'پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ـدا کە بۆ چارەسەریی پرسی کورد و دیموکراتیکبوون دەستیپێکردووە، رووداوی مێژوویی ڕوودەدەن. دوای بانگەوازەکەی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ، لە گرتووخانەی ئیمڕالییەوە دووەم بانگەواز بۆ ڕای گشتیی بڵاوکرایەوە. لەکاتی بانگەوازەکەدا حامیلی یەڵدرم، عومەر حەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش، ئەرگین ئاتابەی، زەکی بایهان و مەحمود یامالاکیش ئامادەبوون.

ڕێبەر ئاپۆ لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پەکەکە کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداری هێناوە و بانگەوازی 'چوونە ناو دیموکراسی' لە تورکیا کرد. ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بە دانانی کۆمیسیۆن لە پەرلەمان کرد و ڕایگەیاند کە پێویستە هەمووان بە پێشنیار و ڕەخنەکانیان بەشداریی لە پڕۆسەکەدا بکەن.

پەرلەمانتارانی دەم پارتی ڕایانگەیاند کە پەیامەکە مێژووییە و پێویستە لەلایەنی پراکتیکییەوە کاری بەپەلە ئەنجام بدرێت و کۆمیسیۆن لە پەرلەمان دەستبەجێ دابمەزرێت.

هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) و پەرلەمانتاری ئەرزرۆمی دەم پارتی مەراڵ دانش بەشتاش ڕایانگەیاند کە پەیامەکە مێژووییە، نەک تەنها بۆ تورکیا بەڵکو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرانسەری جیهان گرنگە و دەنگدەداتەوە.

بەشتاش گوتی، "بەر لە هەر شتێک گەلێک مانادارە کە ئێمە فکر، پێشنیار و نەخشەڕێیەکەیمان لە خۆیەوە گوێ لێبوو. لەگەڵ ئەم پەیامە هەستیاریی ناوچەکە کاریگەرتر دەبێت" و پڕۆسەکەیان وەکو پێشکەوتنێکی مایەی دڵخۆشی پێناسەکرد.

بەشتاش ئاماژەی بەوە کرد، چوونە ناو پڕۆسەی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی بناغەی دیموکراتیک بەم پەیامە کاریگەرتر دەبێت و باسی لەوە کرد، ئەمە داهاتوو ڕووناک دەکاتەوە. بەشتاش ڕایگەیاند، بانگەوازەکە هەڵگری بڕیارداری و ئیرادەیەکی بەهێزە و پەیامێکی بەهێز دەداتە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە.

'کاتی ئەوە هاتووە کە باوەڕی لە پراکتیکدا نیشانبدرێت'

بەشتاش ئاماژەی بە گرنگیی دامەزراندنی کۆمسیۆن لە پەرلەمان کرد و ڕایگەیاند، هەنگاوەکان بۆ پڕۆسەی چارەسەری پێویستە بێ مەرج و لە پراکتیکدا بنرێن."

لە کۆتایی قسەکانیدا بەشتاش داوای لە گەلانی تورکیا کرد و وتی، " ئێمە ئەمڕۆ زیاتر لە دوێنێ لە پێشین. دەتوانین داهاتوومان بەیەکەوە بونیات بنێین. بە یەکگرتوویی دەتوانین ئاشتی بەدیبهێنین، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بەیەکەوە دابمەزرێنین و هەلومەرجی ژیانێکی یەکسان بەیەوە بئافرێنین. ڕێگا کراوەیە. ئێستا کاتی گەورەکردنی تێکۆشانە، زیادکردنی هەوڵدانە و بەجێهێنانی باوەڕیی لە پراکتیکدایە."

'کەوتوینەتە کاتێکی واوە کە کێشە لەسەر زەمینەی سیاسەتی دیموکراتیک گفتۆگۆ بکرێت'

هەروەها پەرلەمانتاری ئێلحی دەم پارتی توشتو تیریاکی ئاماژەی بەوە کرد، بە سەردانی شاندی ئیمڕالی پڕۆسەکە چووەتە قۆناغێکی نوێوە.

تیریاکی ئاماژەی بەوە کرد، دوای ٢٦ ساڵ تەماشاکردنی دیمەنی ڤیدیۆیی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتیی ناوچەکە مێژووییە و وتی، "لەدوای شەڕەوە ئیتر هاتووینەتە قۆناغێکەوە کە کێشەکان لەسەر زەمینەی سیاسەتی دیموکراتیک قسەیان لەسەر بکرێت."

تیریاکی ڕایگەیاند، بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی ئاشتی پێویستە دەسەڵاتی سیاسی ئەرکی خۆی بەجێبێنێت و ئاماژەی بەوە کرد، پەکەکە کۆتایی بە هەموو تێکۆشانێکی چەکداریی لەژێر ناوی خۆی هێنا و گوتی، " پێویستە بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی کە بە پاساوی پڕوپاگەندە یاخود ئەندامێتیی پەکەکە گیراون و هێشتا لە زیندانن، ڕێوشوێنی گونجاو بدۆزرێتەوە."

'ئێمە ئومێدمان بەم ئاستەی ئێستا هەیە'

تیریاکی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە بۆ گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە بۆ وڵات زەمینەیەکی یاسایی دابمەزرێنرێت، بۆ گەڕانەوەی دەیان هەزار کەس لە ئاوارەیی دەرفەت بڕەخسێنرێت.

تیریاکی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە پرسی کورد بەگوێرەی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و یاسای گەردوونی، لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان، بە ڕێگای دیموکراتیک چارەسەر بکرێت و وتی، "ئێمە ئومێدمان بە قۆناغی هەنووکەیی پڕۆسەکە هەیە. بێگومان کێشە هەن کە پێویستە چارەسەر بکرێن و ئومێدمان لەدەست نادەین. داواکاریی لە پێشینەمان ئەوەیە کە ئاشتی و ئارامی بۆ گەلان بێتە ئاراوە."