'چارەسەرکردنی پرسی کورد مەرجی دیموکراتیزەبوونی تورکیایە'

سەزای تەمەلی، باسی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە جەهەپە کرد و وتی، "دیموکراتیکبوونی تورکیا بێ چارەسەرکردنی پرسی کورد ڕوونادات و تێهەڵکێشی یەکترن."

لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەدواوە ١٥ سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە گیراون کە لەنێویاندا سەرۆک شارەوانی گەورە شاری ئەستەنبوڵ ئەکرەم ئیمامۆغڵویش هەیە. وەزارەتی ناوخۆ قەیومی بەسەر دوو شارەوانییدا سەپاند. پەرلەمانتارانی  جەهەپە لە ١٠ شارەوانی نوێنەریان هەڵبژارد، دواتر ئەو شارەوانیانە بەر ئاکەپە کەوت.

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تونجای باکرهان ئەم ئۆپەراسیۆنانەی بە توندی ئیدانە کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە لەو شارەوانیانەی کە قەیومیان بەسەردا سەپێندراوە، بەهۆی سەپاندنی قەیومەوە گەندەڵی و دزیی گەورەی لێکەوتووتەوە.

سەرۆک فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەزای تەمەلی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنەکانەوە ڕایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنانە کە لە ١٩ـی ئادارەوە بەردەوامییان هەیە، لەنێو گەلدا دوودڵی و بێهیوایی دروستکردووە. تەمەلی باسی لەوە کرد، هیواکان بۆ ئاشتی، کە لە ١ـی تشرینی یەکەمدا دەستیپێکرد و بە ڕاگەیاندراوەکانی ڕێبەر ئاپۆ کە لە ٢٧ـی شوبات بەهێزبوو، بەم ئۆپەراسیۆنانە هەوڵدەدرێت تێکبدرێت.

'پرۆسەکە پێویستی بە ڕێکاری یاسایی و دیموکراسی هەیە'

تەمەلی ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆسەکە بەبێ دیموکراسیبوون ناتوانێت بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت و ڕایگەیاند، دەسەڵات پرسەکەی بە "تیرۆرزم" و "چەکدانان" سنووردارکردووە و وتی، "ئەم مامەڵەیە کێشەیەکی سیاسیی جددی بەرهەمدێنێت." تەمەلی ئاماژەی بەوە کرد، دەم پارتی لە سەرەتاوە هەڵوێستێکی روونی لەسەر ئەم بابەتە هەبوو و هۆشداری دایە دەسەڵات.

سەزای تەمەلی باسی لەوە کرد، تێکۆشانی چەکداری کۆتایی هاتووە، بەڵام تێکۆشان بۆ چارەسەرییەکی دیموکراتیکی پرسی کورد بەردەوامی هەیە و ئاماژەی بەوە کرد، هەنگاوی یەکەم بەرەو چارەسەریی دادگایەکی سەربەخۆ، کۆتاییهێنان بە زیندانیکردنی سیاسی و لابردنی سیستەمی قەیومە.

سەزای تەمەلی ڕوونیشکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان لەدژی سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە "ڕێککەوتنەکانی شار" و هەدەکە وەکو هێمای تاوان نیشاندراون و گوتی ئەمە قبووڵ ناکرێت. تەمەلی باسی لەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنەکان لەژێر ناوی گەندەڵیدا ئەنجامدراون و گوتی، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی کاریگەر و جددی بوونی نییە.