لە کەمپی هۆڵ قەسەدە لە دژی شانەکانی داعش ئۆپەراسیۆنی ئەنجامدا
هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(قەسەدە) لە دژی شانەکانی داعش لە کەمپی هۆڵ لە باشووری حەسەکە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی بەرفراوانی ئەنجامدا. لە ئەنجامدا دوو سەرچەتەی داعش دەستگیرکران.
هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(قەسەدە) لە دژی شانەکانی داعش لە کەمپی هۆڵ لە باشووری حەسەکە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی بەرفراوانی ئەنجامدا. لە ئەنجامدا دوو سەرچەتەی داعش دەستگیرکران.
ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی (TOL) سەر بە قەسەدە بە پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی لە کەمپی هۆڵ دژی شانەکانی چەتەکانی داعش ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان ئەنجامداوە.
لە درێژەی ڕگەیەندراوەکەدا ئەم زانیاریانە بڵاو کراوەتەوە: "دوای تەواوکردنی کاری چاودێری، بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیارییەکان، هێزەکانمان تیرۆریستان محەمەد سافی ئەلئەوال (ئەبو ئەلبرا) و عەبدولڕەزاق مەحموود سەلام (ئەبو عەبدولڕەحمان)یان دەستنیشان کرد و دەستگیریان کرد.
تیرۆریست مەحموود کە بە ئەمیری سەربازی چەتەکانی داعش لە کەمپەکە دەناسرا، چالاکی تیرۆریستی ئەنجام دەدا و هاوکات لە گواستنەوەی خەڵک و چەک بۆ ناو و دەرەوەی کەمپەکە دەستی هەبوو. ئەو چەتەکەی دیکەیش بەناوی عەبدولڕەزاق بە کەسێکی ئایینی ڕێکخراوی تیرۆریستی لە ناو کەمپەکە دەناسرا، ئەرکی پەرەوەردەکردنی منداڵان لەبواری ئایینی و ئایدیۆلۆژییەوە بوو."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێزەکانی ئۆپەراسیۆن، سێ ئامێری پەیوەندیان دۆزیوەتەوە و دەستیان بەسەردا گرتووە کە تیرۆریستان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ سەرکردەکانیان لە ناوچە داگیرکراوەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەکاریان دەهێنا.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، قەسەدە ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لەدژی شانەکانی چەتەکانی داعش و هەرکەسێک بەنیازی تێکدانی ئاسایشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بێت، لەناوی دەبەن.