عەبدولقادر گولەچ سەرۆکی نووسینگەی پارێزەرانی ئامەد قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)کرد و ڕایگەیاند، بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی فەرمی پڕۆسەیەکی نوێ دەستی پێکردووە.
گولەچ ئاماژەی بەوەکرد کە بانگەوازی ٢٧ی شوبات بەم بانگەوازییەوە باشتر ڕوون بووەو و وتی: "بۆ یەکەمجار لە ماوەی ٢٦ ساڵدا بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ سکرتێڕەکانی لەپێش کامێرادا دەرکەوت و بۆ ڕوونکردنەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ٢٧ی شوبات و خێراکردنی پرۆسەی چەک دانان. ئەم ڕاگەیەندراوە مێژووییەی بڵاو کردەوە. ئەم ڕاگەیەندراوە وەک ڕاگەیەندراوی ٢٧ی شوبات مێژوییە."
عەبدولقادر گولەچ ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سیاسەتی دیموکراتیک لەمەودوا بە هێزەوە بەرەو پێشەوە دەچێت.
گولەچ ڕایگەیاند، دەستبەردان لە تێکۆشانی چەکداری لەلایەن پەکەکەوە لەناو کۆمەڵگەدا لە ئاستێکی بەرزدا قبوڵکراوە و وتی: "مەبەستم نە تەنها گەلی کوردە، مەبەستم کۆمەڵگەی تورکیا و گەلانی تورکیایە."
گولەچ ئاماژەی بەوەشدا کە دوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، پڕۆسەی جێبەجێکردنی دەستی پێکرد و وتی: "لە ڕوانگەی منەوە دوای ئەم راگەیاندنە کۆمەڵگە پاڵپشتییەکی بەهێزتر و جددیتر لە پرۆسەکە دەکات."
عەبدولقادر گولەچ لەبەردەوامی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئیتر لە پەرلەمان کۆمیسیۆنێک پێکبهێندرێت و وتی: "تەنها بە بانگەوازیەک هەموو شتێک چاک ناکرێت، بەڵام سیاسەتمەداران، ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان و ئوپۆزسیۆن دەرفەتیان لە بەردەستە دەتوانن بە شێوەیەکی چالاکانە لە سیاسەتدا بەشداری بکەن. ئەمەش بۆ بە کۆمەڵایەتیکردنی پرۆسەکە و جێگیربوونی ئاشتی، هەروەها بەشداربوونی گەل و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێش و ئازارەکانی ڕابردوودا هیوا گەشتر دەکات. پەیامێکی گرنگە، هەروەها بۆ کۆتاییهێنان بە سەردەمی تێکۆشانی چەکداری، بۆ دروستکردنی دەرفەتی یاسایی و سیاسەتی دیموکراتیک، دەرفەتێکی بەهێز دەڕەخسێنێت."