پەیەدە: دەوڵەتی تورک بناغەی داگیرکەری ئامادە دەکات

پەیەدە هێرشەکەی تەقسیم شەرمەزار دەکات و ڕایگەیاند، "حکومەتی شەڕی تایبەتی تورک بنەمای هێرش و داگیرکەری نوێ ئامادە دەکات".

ئەنجومەنی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) سەبارەت بە ڕاگەیاندنەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە هێزەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەک بەرپرسیاری تەقینەوەکەی تەقسیمی ئەستەنبوڵ لەقەڵەم دەدەن، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوەکەی پەیەدە بەم شێوەیەیە:

"بەرلە هەموو شتێک ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین کە لە گۆڕەپانی تەقسیم لە ئەستەنبوڵ دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامدرا و بە کردەوەیەکی تاوانکاری بەرامبەر خەڵکی بێتاوان دەیبینین".

دەوڵەتی تورک کە ڕۆژانە خەڵکی سڤیل و منداڵ و ژن و بەساڵاچووان، لە ناوچەکەمان لەبەرچاوی جیهان دەکوژێت، دەیەوێت بە ئەنقەست بەرپرسیارێتی ئەو کارە دڕندانەیە بخاتە سەر شانی هێزەکانمان و پەنجەی تاوانباری بۆ ئێمە رادەکێشێت، بۆ ئەوەی هێرشەکانی بەم شێوەیە ئەنجام بدات، پاساو دەهێنێتەوە. هەروەها دەیەوێت زەمینە بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر ناوچەکانمان ئامادە بکات. ئەوەی میدیای دەوڵەتی تورک بڵاوی دەکاتەوە، یارییەکە لەلایەن میتی تورکەوە دروستکراوە، ئامانجی یاریەکە ناشرینکردنی وێنای هێزەکانی سوریای دیموکراتە، کە بەهێزترین ڕێکخراوی تیرۆریستی توندڕەوی جیهانی تێکشکاند. مەبەست لەم کردەوەیە لەلایەن میتی تورکەوە؛ هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتی جیهان، پاساوهێنانەوەیە بۆ هەوڵێکی نویێ داگیرکەر. ئەم جۆرە هەوڵانە تازە نین، چونکە دەوڵەتی تورک زۆر جار تاوانی دژی گەل و هێزە دیموکراسیەکانی تورک ئەنجام داوە.

داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین نەکەونە ناو ئەم تەڵە قێزەونەی دەوڵەتی تورک. چونکە حکومەتی تورک شەڕێکی تایبەت بۆ پەردەپۆشکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی ئازادیخوازان و تاوانەکانی بەرامبەر گەلی کورد بەڕێوەدەبات.

هەروەها داوا لە خەڵکی تورکیا دەکەین کە لە بەرانبەر بانگەشە درۆییەکانی میتی تورک هوشیار بن و باوەڕ بە درۆکانی نەکەن. وەک گەل دەبێت یەکڕیز بین لە دژی فاشیزمی حکومەتی باخچەلی و ئەردۆغان، چونکە ئەوان دەیانەوێت دوژمنایەتی لەنێوان گەلاندا دروست بکرێت. بۆیەش دەبێت پێکەوە لە دژی شەڕی تایبەت و دەروونی دەوڵەتی تورک بوەستین.

جارێکی تر ئەم کردەوە دڕندەیەیە شەرمەزار دەکەین و لە خوای گەورە داواکارین سەبوری بە کەسوکاری قوربانیان بدات. هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین”.

ف.ق