لە حەلەب هەزاران کەس دژی پیلانگێڕیی ڕێپێوانیان کرد
لە حەلەب هەزاران کەس پیلانگێڕیی ٩ ی تشرینی یەکەم دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بە ڕێپێوانێکی جەماوەری شەرمەزارکرد.
لە حەلەب هەزاران کەس پیلانگێڕیی ٩ ی تشرینی یەکەم دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بە ڕێپێوانێکی جەماوەری شەرمەزارکرد.
بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ٢٦ هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ٩ ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دەستی پێ کرد، لە حەلەب ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا.
هەزاران دانیشتووی گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوودی حەلەب فرۆشگاکانیان داخست و بەشداری ڕێپێوانەکە بوون، بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و سیستەمی ئەشکەنجە و قڕکردنی ئیمراڵی.
بەشداربووان پانکارتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" و "پیلانگێڕیی تێکدەشکێنین" و "یەکسانی و برایەتی گەلان سەردەکەون" و وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرزکردەوە و لەبەردەم هۆڵی ٨ ی ئادار دەستیان بە ڕێپێوان کرد.
لەبەردەم ناوەندی چاند و هونەری جەمیل هۆرۆ لە گەڕەکی ئەشرەفیە، ڕێپێوان گۆڕا بۆ گردبوونەوە، پاش خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدان، هاوسەرۆکی مەجلیسی گشتی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە هێڤین سلێمان و بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕێکخستنی پەیەدە وڵات مەمۆ قسەیان کرد.
هێڤین سلێمان ڕایگەیاند ئیرادەی گەلان بووەتە قەڵغان بەرامبەر هەوڵی فاشیستەکان بۆ لەناوبردنی ڕامانەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
هێڤین جەختی کردەوە دەوڵەتانی سەرمایەداری بە هاوکاری پەدەکە لەڕێگەی بەدیلگرتنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ویستیان کۆتایی بە تێکۆشان بهێنن، بەڵام پاش ٢٦ ساڵ ئامانجی پیلانگێڕان بەدی نەهات.
هێڤین ئاماژەی بەوە کرد، دەسکەوتەکانی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرهەمی ڕامانەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە.
لای خۆیەوە، وڵات مەمۆ ڕایگەیاند چارەسەری پرسی کورد لە ئیمراڵییە، بە ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پرسی کورد و تەواوی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین چارەسەر دەبێت.