لە کۆبانێ ڕێپێوانی درێژ دەستی پێ کرد

تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و یەکێتیی ژنانی گەنج بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی "ڕێپێوانی درێژ"یان دەست پێ کرد.

چالاکیەکان دژی گۆشەگیری

تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و یەکێتیی ژنانی گەنج بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ ی تشرینی یەکەم لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، "ڕێپێوانی درێژ"یان دەست پێ کرد.

دەیان دانیشتووی شاری چەلەبیە و ئەندامانی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و یەکێتیی ژنانی گەنج بەشداری ڕێپێوانەکە بوون. وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵای تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ بەرزکرایەوە.

ئەندامی مەجلیسی گەنجانی پەیەدەی کانتۆنی فورات، لاوین عەلی پیلانگێڕیی و هێزە پیلانگێڕەکانی شەرمەزار کرد و گوتی: "گۆشەگیری سەر ڕێبەرێتی گەیشتە ئاستی قڕکردن و ئەشکەنجە و لەناوبردن، دەیانەوێت لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا فیکری ئازاد و پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک لەناوببەن".

لەسەر ناوی مەجلیسی شاری چەلەبیە ئەمینە محەمەد ڕایگەیاند تا ئازادیی جەستەیی ڕێبەر گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێدەکۆشن.

لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "بژی بەرخۆدانی گەریلا" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.

ڕێپێوانەکە لە چەلەبییە دەستی پێ کرد و ٣ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە کۆبانێ کۆتایی دێت.