قەسەدە ٢ چەتەی داعشی دەستگیرکرد
قەسەدە دوو چەتەی داعشی لە گوندەواری حەسەکە دەستگیرکرد، کە لە هەرێمە داگیرکراوەکانی ژێردەستی دەوڵەتی تورکەوە بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی هاتبوونە هەرێمەکە.
قەسەدە دوو چەتەی داعشی لە گوندەواری حەسەکە دەستگیرکرد، کە لە هەرێمە داگیرکراوەکانی ژێردەستی دەوڵەتی تورکەوە بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی هاتبوونە هەرێمەکە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەستگیرکردنی چەتەکانی داعشی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: "تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سەر بە هێزەکانمان، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دوێنێ، یەکشەممە دوو ئۆپەراسیۆنی ئەمنی هاوئاهەنگیان لە گوندەواری حەسەکە ئەنجامدا، بە ئامانجی دەستگیرکردنی دوو تیرۆریستی شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش".
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، ئۆپەراسیۆنی یەکەم لە گوندی عەریشە لە گوندەواری حەسەکە ئەنجامدراوە و شوێنی مانەوەی چەتەیەک بە ناوی "محەمەد محەمەد" گەمارۆدرا کە خەڵکی گوندی مەرعیەی دەیرەزۆرە و توانراوە دەستگیر بکرێت.
ئۆپەراسیۆنی دووەم لە گوندی "ابیض" لە حەسەکە ئەنجامدراوە و توانراوە چەتەیەک بە ناوی "حوسێن موسا" دەستگیربکرێت کە خەڵکی هەمان گوندە.
قەسەدە ڕایگەیاند هێزەکانیان و دەزگا هەواڵگرییەکانیان چاودێری جووڵەی چەتەکانیان کردووە، کاتێک لە هەرێمە داگیرکراوەکانی ژێردەستی دەوڵەتی تورکەوە هاتبوونەوە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی، بەتایبەت تەقاندنەوەی ماتۆڕسکیلی بۆمبڕێژکراو لە شاری حەسەکە.
هەروەها ڕایگەیاند هەرێمەکانی ژێردەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ چەتە و سەرچەتەکانی داعش، دەڵێت: "لەوێ چەندین سەرچەتەی داعش کوژراوە".