رووداوەکانی پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد
لە سوریا، پاش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، پێشهاتە گەرمەکان بەردەوامن.
لە سوریا، پاش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، پێشهاتە گەرمەکان بەردەوامن.
لە سوریا لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە ڕژێمی ٥١ساڵەی بەعس کۆتایی هات. کەناڵی تەحر یرشام (هەتەشە) بڵاویکردەوە کە چوونە ناو دیمەشق و کۆنترۆڵی شارەکەیان بەدەستهێناوە. ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ڕەنگە بەشار ئەسەد "بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە وڵات هەڵاتبێت. لە هەمان کاتدا لە هەر چوار بەشی وڵاتەوە گەل ئاهەنگی کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئەسەدیان گێڕا و ڕژانە شەقامەکان.
'٢هەزار سەربازی دیمەشق بەرەو عێراق هەڵهاتوون'
وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە، ٢ هەزار سەربازی هێزەکانی ڕژێمی دیمەشق خۆیان ڕادەستی هێزە عێراقیەکان کردووە و بە ڕەزامەندی حکومەت، سەربازەکان وەرگیراون.
'گەشتە ئاسمانییەکانی دیمەشق و هەولێر راگیران'
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی هەولێر ڕایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکان بەرەو دیمەشق ڕاگیراون. بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە بەبیری هێنایەوە ڕاوەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوەیە.
بەهای لیرەی سوریا دابەزینێکی زۆری بەخۆیەوە بینی
دوای ڕووخانی ڕژێمی دیمەشق، بەهای لیرەی سووری تا ڕادەیەکی زۆر شکا. لیرەی سوری بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەڕێژەی ٤٢% دابەزی. دوای ڕووخانی ڕژێم، یەک دۆلار بوو بە ٢٢ هەزار لیرەی سووری.
ترامپ: چیتر ڕووسیا پەیوەندی بە سوریا نەمێنێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکاش لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکسدا لێدوانێکی دا و ڕایگەیاند، ئەسەد نەماوە، لە وڵاتەکەی هەڵاتووە. چیتر ڕووسیا بە سەرکردایەتی پوتین نایپارێزێت. ترەمپ ڕایگەیاند؛ ئێستا سەرنجی ڕووسیا لەسەر ئۆکرانیایە و وتی: "ئێستا ڕووسیا و ئێران لە دۆخێکی لاوازدان؛ یەکێکیان بەهۆی ئۆکرانیاوە ئابووری خراپە، ئەوی دیکەیان بەهۆی ئیسرائیل و سەرکەوتنی لە شەڕەکەدا. ترەمپ ئاماژەی بە پوتین سەرۆکی ڕووسیا کردووە و وتویەتی: "من ڤلادیمێر پوتین بە باشی دەناسم، ئێستا کاتی جموجوڵە. ڕەنگە چین یارمەتی بدات. جیهان چاوەڕێی دەکات."