بە خوێنی ٣٦٣ گەریلا و شەڕڤان، ئێزیدییەكان لە پاكتاوكردن ڕزگاركران

ڕۆژی سێی ئابی هەموو ساڵێك یادەوەرییەكی تاڵە لە بیر و هزری ئیزیییەكان و كۆمەڵگای مرۆڤیایەتییدا.

لەو ڕۆژەدا چارەنووسی هەزاران خانەوادەی ئیزیدی درایە دەست قەدەرێكی نادیار و وەك نێچیرێك خرایە بەردەم دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆرستیی.

١٢ هەزار پێشمەرگەی پەدەكە بەبێ تەقە بەناو كۆڵان و شەقامەكانی شەنگالدا ئیزیدییەكانیان جێهێشت و تەنانەت پێیان نەوتن خۆتان ڕزگار بكەن.

هێزەكانی هەپەگە و یەپەگە و پەیەژە چۆن ئێزیدییەكانیان لە پاكتاوكرد پاراست و دەرگای ڕۆژئاوایان بۆ واڵاكردن و ڕێرەوی مرۆییان بۆ كردنەوە؟

چەند ڕۆژێك پێش هێرشی داعش بۆسەر شەنگال، هێزەكانی پەدەكە خەڵكی ناوچەكە چەك دەكەن بەو بیانووەی ئەوان لەوێن و دەیانپارێزن.

ئێزیدییەكان لە دوو ناوچەی سەرەكیی لە عێراق نیشتەجێن ئەوانیش شارۆچكەی شێخان لە باكووری موسڵ و شارۆچكەی شەنگال لە سنووری عێراق و سوریا و ژمارەیان لە نێوان ٥٠٠ تا ٧٠٠ هەزار كەسدایە.

ئیزیدییەكان بە بەردەوامیی ڕووبەڕووی ستەم و كۆمەڵكوژیی بوونەتەوە، بەپێی بەڵگە مێژووییەكان ٧٣ جار ڕوبەڕووی هەڵمەتی پاكتاوكردن و لەناوبردن بوونەتەوە، كە خۆیان بە فەرمان ناوی دەبەن.

دواهەمین فەرمان، ئەو هێرشەبوو، كە داعش ساڵی ٢٠١٤ كردییە سەر شەنگال و ناوچەكانی دەورەوبەری، هەزاران ژنی ئێزیدی كران بە كەنیزەك و بەرەو موسڵ و سوریا بران و دانیشتوانەكەی ئاوارەی پارێزگاكانی هەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان بوون.

بەرەبەیانی ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ دوای ئەوەی دڵنیادبوونەوە لەوەی داعش هێرش دەكاتە سەرشەنگال، هێزەكانی پەدەكە كە پێكهاتبوون لە ١٢ هەزار چەكدار لە سەنگەرەكانی پێشەوە كشانەوە و تا نزیك كاتژمێر ١٠ ناوچەكەیان بە تەواویی چۆڵكرد.

دوای ئەوەی هێزەكانی پەدەكە لە ناوچەكەدا نەمان، داعش بەبێ هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەك سەنگەرەكانی پێشمەگەی تێپەڕاند و گەیشتە ناو شەنگال.

هێرشەكەی داعش هێندە لەناكاوبوو، ئێزیدییەكان نەیانتوانی هەموویان بچنە دەرەوەی شارۆچكەكە و بەشێكی كەمیان كە چەكیان پێبوو بەرگرییان كردوو بەشێكیشان بە دیل گیران و نزیكەی ٤٠٠ هەزار كەسیان بەرەو چیای شەنگال ڕۆشتن.

هێزەكانی گەریلا دەمودەست بۆ بەهاناوەچوونی ئێزیدییەكان دەیانەوێت بچنە شەنگال، بەڵام هێزەكانی پەدەكە ڕێگەیان  پێنادەن و دوای هەوڵێكی زۆر خۆیان دەگەیەننە چیای شەنگال و ڕێڕەوێك بۆ ئیزیدییكان دەكەنەوە بۆ گەیشتنیان بە چیاكە.

هەر لەوكاتەدا هێزەكانی یەپەگە و یەپەژە لە ڕۆژئاواوە دەگەنە چیای شەنگال و هاوشانی هێزەكانی گەریلا بەر بە هێرشی داعش دەگرن بۆسەر چیای شەنگال.

بە خوێنی ٣٦٣ گەریلا و شەڕڤان، ئێزیدییەكان لە پاكتاوكردن ڕزگاركران

لەو ڕۆژەدا ئەگەر بەرگری نەبەردانەی هێزەكانی هەپەگە و یەپەگە و یەپەژە نەبوایە، دوور نەبوو ئەو ٤٠٠ هەزار ئێزیدییەی ڕوویان لە چیای شەنگال كردبوو عەقڵ و عام بكرانایە و چیاكە بە خوێنی ئێزیدییەكان سور بكرایە.

لە هەشت ڕۆژی بەرخۆدان و بەرگریی لە ئێزیدییەكانی چیای شەنگال، گەریلاکانی هەپەگە، یەژاستار و شەڕڤانانی یەگەپە و یەپەژە توانییان ڕێگەیەك بۆ گەیاندنی ئێزدییەكان لە چیای شەنگالەوە تا ڕۆژئاوای کوردستان دروست بکەن.

لەكاتی كردنەوەی ڕێگەكەدا و لە ڕووبەڕووبونەوەی داعش و گەریلا و شەڕڤاناندا زیاتر لە ٣٧ گەریلا و شەڕڤان شەهیدبوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ڕاگەیاندنی یەبەشە وە بە ڕۆژنیوزدراون، لە داستانی بەرگرییكردن لە ئێزدییەكان، ٣٦٣ گەریلا و شەڕەڤانی یەبەشە و یەبەژە و یەپەگە و یەیەپەژە شەهیدبوون.

بەپێی ڕێکخراوە پەیوەندیدارە عێراقییەکان لە ٨٠ شوێندا خەڵک کۆمەڵکوژ کران و تەنیا لە چەند ڕۆژێکدا دوو هەزار ٢٩٣ کەس کۆمەڵکوژ کراون.

بەپێی ئاماری ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ،  شەش هەزار و ٣٧٣ کەس ڕفێندراون، كە سێ هەزار و ٥٠٤ ژن و دوو هەزار و ٨٦٩ پیاو بوون و ٢٢٠ كەس بێسەرو شوێنن.

تا ئێستا چارەنووسی دوو هەزار ٨٨٠ کەس، کەهەزار و ٣٠٤ کەسیان ڕەگەزی مێ و هەزار ٥٧٦ کەسی ڕەگەزی نێر لە ڕفێندراوەکان نادیارە.

ئەو منداڵانەی بێ باوك بوون هەزار و ٧٥٩ كەسن و ئەوانەی بێ دایك بوون ٤٠٧ كەسن، ئەوانەی بێ دایك و باوك بوون دوو هەزار و ٧٤٥ منداڵن.

هەروەها، ٣١٠ هەزار ئێزدی لە شوێن و زێدی خۆیان ئاوارە بوون و ١٠٠ هەزار کەسیان بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە.

هاوکات دوو هەزار و ٧٤٥ منداڵیش بوونە بە قوربانیی ئەو تاوانە دڕندانەیە

ف.ق