ئارێز عەبدوڵا: بێدەنگ بوون لە بەرامبەر داگیرکاریی تورکیا خیانەتی نشتیمانیە!

ئارێز عەبدولا ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، هێڕشەکانی تورکیا بۆ دوا رۆژی خودی ئەم هەرێمە بێدەنگە، مەترسیدارە و بێدەنگ بوون لێی خیانەتی نشتیمانیە.

ئارێز عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نشتیمانی کوردستان دەربارەی هێڕش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا لە تۆری کۆمەڵایەتی فیسبووک بە نوسراوێک ڕاوبۆچونی  خۆی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات:" قەرارەی هەرێم بۆ گەلی کوردستان هێندە گرنگە دەبێت هەموومان وەک بیلبیلەی چاو بیپارێزین، بەڵام پاراستنی ئەو قەوارەیە تەنیا بە پێی پێویستیی و حەز و نزا ناکرێت، بەڵکو دەبێت حکومەت و لایەنە سیاسیەکان هەموو رێکارە پێویستەکان بگرنەبەر".

"پلانەکانی تورکیا هێندە زەقن شرۆڤەی ناوێت"

هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات:" ئێمە باش لە سیاسەت و ستراتیجیەتی دەوڵەتی تورک تێدەگەین، پیلان و کردارەکانیشی لەناو خودی تورکیا و لە رۆژئاڤا و باشور هێندە زەقن شرۆڤەی ناوێت. لەبەر ئەوەی تا ئێستاش بۆی چۆتەسەر رۆژ لە دوای رۆژ پیلان و پلانەکانی لە دژی مافە رەواکانمان گەورەتر و چڕتر دەکاتەوە"..

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە درێژەی بابەتەکەیدا دەڵێت، چەندین ساڵە لە زەوی و ئاسمانەوە بۆردومانی ناوچە سنورییەکان دەکات و بەو هۆیەشەوە وێڕای شەهید و بریندار بوونی سەدان هاوڵاتی سڤیل، دەیان گوندیشی خاپور و وێران کردووە، بەڵام هێرش و پەلامارەکانی ئەمجارەی هەر تەنیا سەربازی نین، بەڵکو مەرامێکی سیاسی گەورەتریشی لە پشتەوەیە.

ئارێز عەبدوڵا دەڵیت تورکیا بۆ ئەوی مەرامەکانی جێبەجێ بکات ئەو کارانەی کردووە:

- بە هەر شێوەیەک و هەر هۆکارێک بێت ئەمریکای بێ دەنگ کردوە

- لە گەڵ ئێران هەماهەنگی هەیە

-  بارودۆخی نالەباری عێراقی قۆستۆتەوە

-  ئەگەر بە ڕێککەوتن بێت یان نا، حکومەتی هەرێمی بێ دەنگ کردووە.

لە درێژەی بابەتەکەیدا عەبدولا ئاماژەی بەوەش کردووە کە، داگیرکاری و پەلەمارەکانی تورکیا ئەگەر لە لایەک پێشێلکردنی یاسا نێودەڵەتیەکان و سەروەری خاکی عێراق و هەرێم بێت، لە لایەکی دیکەوە بۆ دوارۆژی خودی ئەم هەرێمە بێدەنگە مەترسیدارە، چونکە- :

- مانەوەی هێزەکانی تورکیا دەبێتە دومەڵێکی شێرپەنجەیی لە سەر جەستەی هەرێم.

- بێدەنگ بوونی حکومەتی هەرێم لە ئاست ئەو داگیرکاری و پێشێلکاریانەی تورکیا هانی حکومەتی عێراق دەدات کە هێزەکانی بەرەو ناو هەرێم و ناوچە سنورییەکان بجولێنێت.

-ئێستا لە ناوەندە سیاسی راگەیاندنەکانی عێراق دەنگێکی گەورە دەبیسترێت کە دەڵێن: بۆچی حکومەتی هەرێم رێگە بە سوپای داگیرکەری تورکیا دەدات، بەڵام رێگە بە سوپای نیشتیمانی عێراقی نادات؟!

"هەبوونی سوپای تورکیا لەسەر خاکی هەرێم مەترسیدارە"

لە کۆتایی بۆچونەکانیدا ئارێز عەبدولا دەلێت:" کەواتە هەبوونی هێزەکانی تورکیا لەسەر خاکی کوردستان مەترسیدارە و لە دوا رۆژیشدا ئەگەر لە لایەن عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە  ناچاریش بە پاشەکشەکردن بکرێت، ئەوا بەبێ گەڕانەوەی هێزەکانی عێراق ناوچەکە چۆلناکات و گەرەترین بیانوشی داوەتە دەست ئەو عێراقەی کە دوای خەبات و قوربانیدانی سەد ساڵەی گەلەکمان ئەم هەرێمەمان لێ بەدەستهێناوە، ئەمڕۆش ئەو بە نوێژی نیوەڕۆ ستراتیجیەتی هەڵوەشاندنەوە جێبەجێ دەکت.

عوبدولا لە کۆتایی بابەتەکەیدا دەڵێت، بە دڵنیاییەوە پێشێلکاری و سیاسەتە دوژمنکارانەی تورکیا ئایندەی قەوارەی هەڕێم بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەبات، بۆیە بێدەنگ بوون لێی لە خیانەتی نیشتیمانی بترازێ هیچی تر نییە.

ز.ش