راگەیاندراوی پەکەکە لەسەر دۆزی پاڵمە: بڕیارماندا راستەوخۆی بەشداری و چاودێری بکەین

کۆمیتەى دیپلۆماسیی پەکەکە لەبارەى داخستنی دۆسیەى لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی پێشووتری سوید رایگەیاند "ئێمە بڕیارماندا بەشداری رووداوەکە ببین و راستەوخۆ چاودێریی رووداوەکە بکەین".

کۆمیتەى دیپلۆماسیی پەکەکە لەبارەى داخستنی دۆسیەى لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ئۆلاف پاڵمە لە دواى ٣٤ ساڵ، راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى پەکەکەد هاتووە "داخستنی دۆسیەى لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی سوید، کە لە ٢٨ی شوباتی ١٩٨٦دا کوژرا، بۆ بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان رووداوێکى گرنگ بوو، بەڵام لەبەر ئەوەى بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان تاوانبارکران بەو کوشتنە و لەبەر ئەوەى ئەو تاوانبارکردنانە هێشتا لانەبراون، قبوڵ ناکرێت. چونکە بەهۆی ئەو رووداوەوە بزووتنەوەکەمان پەکەکە و لە کەسایەتیی پەکەکە دا گەلی کوردیش تاوانبارکرا و تەریککران. دواى ئەوەى رووداوێکى لەو شێوەیە داخرا نە لە پەکەکە و گەلی کورد داواى لێبوردن کرا و نە لە دژی تیرۆریزەکردنی پەکەکە بەهۆی ئەو تاوانبارکردنەوە دەوڵەتى سوید دەستی بە هەوڵێکى ئەرێنی کردووە. بە ناوی پەکەکەوە و لەبەر ئەوەى ئێمە تاوەکو ئێستا لەو چاوەڕوانییەدا بووین، تەنها سەیری گفتوگۆکانمان لەوبارەیەوە دەکرد و چاوەڕێ بووین، کە دادپەروەری بچەسپێت. لەبەر ئەوەش ئێمە راستەوخۆ دەستبەکار نەبووین، بەڵام لەبەر ئەوەى گفتوگۆکان خەریکە لە چوارچێوەی خۆیان دەچنە دەرەوە و ناهەقیی ٣٤ ساڵان بەهۆی ئەو رووداوی کوشتنەوە بەسەر بزووتنەوەکەمان و گەلەکەماندا سەپێندراوە راست نەکراوەتەوە، ئێمە بڕیارماندا بەشداری رووداوەکە ببین و راستەوخۆ چاودێریی بکەین.

تاوانبارکردن، ناشیرینکردن، تیرۆریزەکردن و تەریککردنی کوردان و پەکەکەی بزووتنەوەى ئازادییەکەى ٣٤ ساڵە بەردەوامە. بۆیە رووداوێکى ئەوەندە ئاسان نییە، کە قبوڵ بکرێت و سەری دابپۆشرێت.  بەهۆی ئەو تاوانبارکردنەوە کە ئێستا ئاشکرابووە بێ بنەمایە، تاوەکو لە گەلی کورد داواى لێبوردن نەکرێت، تاوەکو سوید و یەکێتی ئەوروپا ئەو تاوانبارکردنەی پەکەکە بە 'تیرۆریست' کۆتایی پێنەهێنن، تاوەکو پەکەکە لە 'لیستی گروپە تیرۆریستییەکاندا' دەرنەهێنرێت، ئێمە بە ناوی پەکەکەوە لە رووی سیاسییەوە چاودێریی ئەو رووداوە دەکەین. بێگومان دەبێت گەلی سویدیش قبوڵی نەکات، کە دۆسیەى کوشتنێکى لەو شێوەیە دابخرێت، چونکە ئەوە گەورەترین چەواشەکاری و ناهەقییە بەرامبەریان".

'بەرپرسیاریی کوشتنەکەیان خستە ئەستۆی کورد، کە پاڵمە زۆر خۆشی دەویستن'

کۆمیتەى دیپلۆماسیی پەکەکە ئەوەى بە بیرهێنایەوە، گەلی کورد وەک هەموو گەلانی تری بندەست، پاڵمەیان بە سەرکردەیەک دەزانی، کە  ئامێزی بۆ بندەستان و کوردان کردووەتەوە و پارێزگاری لە مافەکانیان دەکات. لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە "وەک رێبەرمان عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٦دا لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا وتی 'پاڵمە وتبووی 'داوام لێدەکەن بەرامبەر بە پەکەکە بوەستمە، بۆ من لە بەرامبەریان بوەستمەوە'، پاڵمە مرۆڤێکى ئاوا هێژا بوو. پاڵمە سەرۆک وەزیرانێک بوو، کە تورکیا بەهۆی کودەتاى سەربازیی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ بووە ئەشکەنجەخانەیەک، بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر کوردان لە کۆمسیۆنی مافەکانى مرۆڤی ئەوروپا سکاڵای تۆمار کردبوو. کاتێک ئۆلاف پاڵمە لە ساڵی ١٩٨٢ دا و سەرلەنوێ بۆ سەرۆک وەزیرانی سوید هەڵبژێردرایەوە، کوردان دەیانوت 'ئیدی پارێزەرێکمان هەیە، کە پارێزگاریمان لێدەکات' سەرکردەیەک، کە کوردان ئەویان بەو شێوەیە دەناسی و لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی دا بە بەهێزی بەرگری لە مافی کوردان دەکرد، بۆ پەکەکە و کورد هەستن هێرش بکەنە سەر کەسێکى لەو شێوەیە؟ بەڵام باجی ئەو کوشتنە بەسەر کورددا بڕا، کە پاڵمە زۆر خۆشی دەویستن".

لە راگەیاندراوەکەدا باسی ئەوە کراوە، لە ٣ی ئاداری ١٩٨٦ دا بە ناوی پەکەکەوە راگەیاندراوێک بڵاوکرایەوە و کوشتنی پاڵمەی بە پیلانگێڕییەکى نێونەتەوەیی ناساندبوو.

'داخستنی رووداوەکە قبوڵ ناکرێت'

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "سەرباری ئەوەی هەڵوێستمان بەرامبەر بەو کوشتنە بەو رادەیە روون بوو، هەوڵیاندا بیخەنە ئەستۆی ئێمە و تێکۆشانی ئازادیی مافدارانەی گەلەکەمان تەریکبخەن. ئەوە دەزگایەکى دەوڵەتى تورک بوو و دەزگا سیخوڕی و هەواڵگرییەکانى وڵاتانی رۆژئایان خستە ناو ئەو دەزگایە. تاوەکو ئەو لایەنەی رووداوەکە روون نەکرێتەوە و ئەو تاوانبارکردنەى تیرۆر، کە بەسەر کورداندا سەپێنراوە لانەبرێت، قبوڵ ناکرێت کە رووداوەکە بەپێی دەستووری بنەڕەتیی سویدەوە دابخرێت".

'ئێمە چاودێری رووداوەکە دەبین'

کۆمیتەى دیپلۆماسیی پەکەکە رایگەیاند، ئەوەى چاوەڕێی دەکەن ئەوەیە؛ هەنگاوی فەرمی و حقوقی هەڵبگیرێن و ئەو نزیکایەتى و رەفتارەی دژ بە کوردان و پەکەکە ئەنجامدراون راست بکرێنەوە. ئێمە لە ئێستا بەدواوە چاودێریی ئەوە دەکەین.

بە ناوی پەکەکەوە ئێمە جارێکیتر کوشتنی ئۆلاف پاڵمە ئیدانە دەکەین و داوا لە بەرپرسانی سوید دەکەین، کە راستییەکان ئاشکرا بکەن. ئێمە ئامادەین کە بۆ روونکردنەوەى کوشتنی سەرکردەیەکى دۆستی کورد و بندەستان تێبکۆشین. ئێمە دواى ئەو رووداوە دەکەوین تاوەکو ئاشکراکردنی رووداوەکە درێژە بە تێکۆشانەکەمان دەدەین".

ژ.ت