سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نوعمان کورتولموش لە چوارچێوەی دیدارەکانی تایبەت بە دەستوری نوێ سەردانی پارتی دیموکراسی و گەلان (دەم پارتی)ی کرد. دیدارەکە کاتژمێر ١٢:٠٠ لە ناو بینای پەرلەمان دەستیپێکرد و ماوەی نیو کاتژمێر بەردەوام بوو. هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی تونجەر باقرخان و تولای حاتەمئۆغیولاری و هەروەها سەرۆکانی فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچیگیت و سەزایی تەمەلی بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.
لەدوای کۆبوونەوەکە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی سازکرا و تیایدا کورتوڵموش باسی لەوەکرد، لە چوارچێوەی کارەکانی هەمواری دەستور لە رۆژی سێ شەممەوە دەستیان بە دیدار کردوە و لە دووەم رۆژدا سەردانی دەم پارتییان کردووە. وتیشی، "ئەمرۆ لە گەڵ سێ فراکسیۆنی ناو پەرلەمان کۆدەبینەوە. سەرەتا سەردانی دەم پارتیمان کرد. روانینی خۆمان و داواکارییەکانمان بۆ ئەوان خستەڕوو. دوای ئەوەی لەگەڵ بەڕێزان هاوسەرۆکانی گشتی و سەرۆکەکانی فراکسیۆنەکە دیدارمان کرد سەبارەت بەوە دواتر روانینی خۆیان بۆ رای گشتی ئاسکرا دەکەن. هیوادارین کە کارەکانی پەیوەست بە هەمواری دەستور بە بەشداری زۆرینەی پارتەکانی ناو پەرلەمان بەڕێوەبچێت و تێپەڕێندرێت. ئێمە دواتر و پاش کۆبوونەوە لەگەڵ هەر سێ فراکسیۆنەکە، بە راگەیەندراوێک وردەکاری دیدارەکانی ئەمڕۆ ئاشکرا دەکەین".
لای خۆیەوە هاوسەرۆکی دەم پارتی تولای حاتەمئۆغیولاری رایگەیاند، " ئێمەش وەک دەم پارتی بڕوامان وایە کە پێویستمان بە دەستورێکی دیموکراتیک هەیە. روانین ئێمە لەبارەی گۆرینی دەستوری ١٢ی ئەیلول و داڕشتنی دەستورێکی دیموکراتیک دەزانرێت. دەبێت رێگەکەی بۆ هەموار و خاوێن بکرێت. بەلامانەوە زۆر گرنگە پرۆسەی سەرکوتی هەنوکەیی کۆتایی پێبهێندرێت، خاڵەکانی دەستوری هەمیشەیی و بڕیارەکانی دادگای دەستوری هەمیشەیی جێبەجێ بکرێن.
ئێمە ئەوەمان خستەڕوو، کە توندوتیژیەکەی دوێنێ یەکی ئایار ئەنجام درا بە نەرێنی و رەتکراوە دەبینین و بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەمواری دەستوری هەمیشەیی لە وەها کەش و بارودۆخێکدا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە. بێ گومان ئەمڕۆ بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە پرۆسەی داڕشتنی دەستوری هەمیشەیی لە سەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسانی هەموو گەل و ئایینەکان لە پانتاییەکی بەرفراوانی پەیمانی کۆمەڵایەتی دەستپێبکەین. تورکیا بە قەیرانی قووڵ و هەژاریدا تێپەڕ دەبێت.
وەک هەموو پارتەکان بەرپرسیارێتیەکمان هەیە کە پرۆسەکە بە جۆرێک کە ئەو کێشە هەنوکەییە بەپەلە و ترسناکە نەشارێتەوە، بەرەوپێش ببرێت".
هـ . ب