" پرۆژەی ئاکەپە و ئەردۆغان ئامانج لێی لەناوبردنی هەموو کوردە"

چاودێرێکی سیاسی دەلێت: ئەم هێرشەی تورکیا ئامانج لێی تەنها پەکەکە نیە بەلکو ئەمە پەلەمارە بۆسەر تەواوی حزبەکانی باشوری کوردستان.

شەوی ١٤ لەسەر ١٥ی ئەم مانگە فڕۆکە جەنگیەکانی ڕژێمی توركیای داگیرکەر، هەر یەکە لە كەمپی مەخمور، قەزای شەنگال و برادۆست، قەندیل، باڵەیان و چەندین ناوچەی دیکەی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیایان بۆردومان کرد بۆردومانەکە کاتژمێر ٠٠:٠٠ بە کاتی باشوری کوردستان دەستی پێکردوە و زیاتر لە کاتژمێرێک بەردەوام بووە و تێیدا ٢٦ فڕۆکەی جەنگی لە جۆری ئیف ١٦بەشداربوون لە هێرشەکەدا.
 

پرۆژەی تورکیا و ئاکەپە ئامانج لی لەناوبردنی هەموو کوردە

سەبارەت بەو هێرشەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان و بۆردوومان کردنی چەند ناوچەیەکی (سڤیل)نشین بەبیانوی بوونی پەکەکە لەو ناوچەیە، لەتیف فاتیح فەرەج نوسەر و رۆشنبیر و چاودێری سیاسی، بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئەم پەلەمارەی دەوڵەتی تورک کەناوی ناوە(چنگی هەڵۆ)پەیوەندی بەیەک حزبەوە نیە و تەنها پەیوەندی بە پەکەکەوە نیە بەلکو ئەو پرۆژەیەی تورکیا و ئاکەپە ئامانج لی لەنابردنی هەموو کوردە، چونکە ئاکەپە دەستبەرداری گفتوگۆ و ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کوردان بووە لە باکوری کوردستان لەئیستاشدا ئاکەپە رۆڵێکی زۆر خراپ دەگێرێت."

شەقامی تورکی توڕە کردووە

سەبارەت بە فراونکردنی هێرشەکانی ئاکەپە و دەوڵەتی تورک لەم کاتەدا، لەتیف فاتیح فەرەج بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئەم پەلەمار و هێرشەی ئیستا بۆیە لەم کاتەدا دەستی پێکردووە ئاکەپە و ئەردۆغان لەدۆخێکی خراپدان چونکە ئەردۆغان و حزبەکەی تووشی درۆیەکی گەورە بوونەوەتەوە کە میدیا و شەقامی تورکی توڕە کردووە ئەوەیش ئاشکرابوونی کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦ لەزاری جێگری بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئاکەپە کە ئەو کودەتایە کودەتایەکی ساختەبوو ئەردۆگان ئەنجامیداوە بۆ نیشاندانی ئەردۆغان وەکو پاڵەوان."

بۆ پەرچدانەوەی هەموو ئەمانە ئاکەپە دەستی بەو هێرشانە کردووە

سەبارەت بە هۆکاری ئەنجامدانی ئەو هێرشانە ئەو چاودێرە سیاسیە ڕایگەیاند: ''هۆکارێکی دیکەی هێرشەکانی تورکیا بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە تورکیا کەوتۆتە بارودۆخێکی خراپی ئابورییەوە، ئەنجامدانی ئەو پەلەمار و هێرشانە لەم کاتەدا دەگەرێتەوە بۆ ئەوە لە ئیستادا لە باکوری کوردستان و تورکیا بەگژاچوونەوەیەکی گەورە لەلایەن هەدەپە و ئازادیخوازن هەیە لە دژی ئەو ستەمەی لەلایەن ئاکەپەوە دەکرێت، بۆ پەرچدانەوەی هەموو ئەمانە ئاکەپە دەستی بەو هێرشانە کردووە."

ئەم هێرشە بۆسەر تەواوی حزبەکانی باشوری کوردستانە

سەبارەت بە مەترسی سەر حزبەکانی باشوری کوردستان لەو هێرشانەی تورکیا، لەتیف فاتیح فەرەج بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئامانجی ئەم هێرشانە زۆر لە پەکەکە گەورەترە چونکە ئاکەپە بە ئاشکرا ئەلێن ئەگەر کورد لە هەرشوێنێک بێت لەناوی دەبەین هەروەها دەلێن ئەو کوردە بەختەوەرە کە مردووە، ئەم پەلەمارانەی تورکیا پێش ئەوەی پەلەمار بێت بۆ پەکەکە، پەلەمارە بۆ تەواوی حزبەکانی باشوری کوردستان و خودی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتەکەی."

عێراق بە نهێنی ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە

سەبارەت بە رێگری نەکردنی عێراق لەم هێرشانە ئەو چاودێری سیاسیە ووتی: "عێراق بەرپرسە لە نەپاراستنی سەرەوەری خاکەکەی، هەر چەندە حکومەتی عێراقی ئیدانەی ئەو هێرشەی کردووە بەڵام بەبڕوای من عێراق بە نهێنی ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە چونکە لە چەند رۆژی رابردوو بەرپرسی هەواڵگری تورکیا(میت) هەروەها وەزیری بەرگری تورکیا سەردانی بەغدایان کردبوو بە نهێنی."

هیچ ئومێدێکمان نیە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی هەبێت

سەبارەت بەهۆکاری بێ دەنگ بوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم هێرش و پەلەمارانەی دەوڵەتی تورک، لەتیف فاتیح فەرەج ووتی: "سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی لێ چاوروان ناکرێ چونکە بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەروەت و سامنی ئەم ووڵاتەی خستۆتە بەردەم دوژمانی گەلەکەمان، بۆیە هیچ ئومێدێکمان نیە لەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ جموجۆل و هەڵوێستێکی هەبێت لەسەر ئەم هێرشانە."

بەشیکن لە بەشداربوون لەو پرۆسەی هێرشکردنە

سەبارەت بە هەڵوێست دەربرینی کەسانی ئازادیخواز و رۆشنبیرانی باشوری دژ بەم هێرشانەی سەر گەلی کورد، لەتیف فاتیح فەرەج ووتی: "پێویستە خەلکانی ئازادیخواز بزانن ئەگەر ئەمرۆ ئەو هێرشانە لە شەنگال و مەخمور و قەندیلە سبەی دەوڵەتی تورک لە هەولێر و چەمچەماڵ و سلێمانیە هاووڵاتیانی کورد شەهید تیرۆر دەکات، ئەرکێکی ئەخلاقی بوو لەسەر پەرڵەمانی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کە سەردانی مەخمور و شەنگالیان بکردایە بەسەر نەکردنەوەیان بەشێکە لە بەشداربوون لەو پرۆسەی هێرشکردنە."

ف.ق