لاهور شێخ جەنگی: لەسەر هێرشەکانیان، نیگەرانی یەکێتیمان گەیاندە تورکیا

ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ هاکان کەرەچای کۆنسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی کرد و نیگەرانی یەکێتی پێ ڕاگەیاندووە لەسەر هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ماوەی چەند ڕۆژێکە لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە، لەو ماوەیەدا چەند چالاکیەکی سیاسی و جەماوەری ئەنجامداوە، هاوکات کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان کردوە لە هەولێر.

ئەمرۆ لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک و لە لاپەڕەی فەرمی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، کە پێشوازی کردووە لە هاکان کەرەچای کۆنسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان.

هاوکات هاوسەرۆکی یەکێتی ڕاشیگەیاندوە لەو دیدارە لەگەڵ کۆنسوڵی تورکیا نیگەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان گەیاندووەتە کۆنسوڵی تورکیا لە بەر لەشکرکێشی و ئەو هێرشانەی کە تورکیا دەیکاتە سەر هەرێمی کوردستان. کە یەكێکیان هێرشەکەی سەر کونەماسی بوو کە ناوچەیەکی گەشتیاری و سەیرانگایە و دوورە لە چالاکی سیاسی و سەربازی.

ز.ش