گەلی مەخموور 'قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن'یان شەرمەزار کرد

گەلی پەنابەرانی کەمپی مەخموور، 'قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن' لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گۆشەگیریی ڕەهای سەر بەڕێزیان و هەڤاڵانی شەرمەزار کرد.

گەلی پەنابەرانی کەمپی مەخموور بە توندی گۆشەگیری و قەدەغەکردنی نوێی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کرد و داوای چاوپێکەوتنی بەپەلەیان کرد.

دوێنێ ڕاگەیەندرا کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش کە ماوەی ٣٨ مانگە هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخیان لە زیندانی ئیمرالی بەدەست نەگەیشتووە، ماوەی ٣ مانگی داهاتووش چاوپێکەوتنیان قەدەغە کراوە.

گەلی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخموور) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەم بڕیارە نایاساییەیان شەرمەزار کرد. ڕاگەیاندنەکە لە لایەن کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی مەخموور بە گردبوونەوەی دانیشتوانی کەمپەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد.

پاشان بەناوی ئامادەبووانەوە، عەلی بلەهی، هاوسەرۆکی دیوانی مەجلیسی گەل، لێدوانێکی دا و پێش هەموو شتێک بەتوندی بڕیاری قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنەکانی لە ئیمرالی شەرمەزار کرد و وتی: " ئێمە بە ڕق و کینەوە ئەم بریارە نایاساییە شەرمەزار دەکەین، ٢٥ ساڵە ڕێبەر ئاپۆ بە هەموو ڕێگا و شێوازێکی نامرۆڤانە ئەشکەنجە دەدرێت. ئەشکەنجەدانەکە سیستماتیکە."

ڕێبەر ئاپۆ بەرخۆدانێکی مێژوویی لە دژی ئەم ئەشکەنجەدانە بەڕێوە دەبات. زۆر جار ویستوویانە تیرۆری بکەن، زۆر جاریش ویستوویانە  ژەهراوی بکەن. ئەمانە ڕوون وئاشکرایە و بەداخەوە سی پی تی لەم بوارەوە بێدەنگە. بەرپرسەکانیان دەردەکەون و دەڵێن، گۆشەگیری نییە، مادام نییە، بۆ ناتوانین زانیاری لە ڕێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانی وەربگرین؟ ئەمە ڕاست نییە و پێویستە دەستبەجێ زانیاری لە ڕێبەر ئاپۆ وەربگرین.

سی پی تی سەردانی تورکیای کردووە، بەڵام ڕاپۆرتەکانی ئاشکرا نەکردووە و ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە. ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی ناڕەوا ونامرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئێستا بەناوی 'سزای دیسپلین'، چاوپێکەوتنەوەکان قەدەغە دەکرێن و سی پی تی بە پلەی یەکەم بەرپرسیارە. هێرشەکانی سەر ڕێبەر ئاپۆ لە دژی ئێمە ئەنجام دەدرێن. ئەوان ناتوانن ئێمە لە ڕێبەر ئاپۆ داببڕن."

ڕاگەیاندنەکە بە دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ"، "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی ئیمرالی" کۆتایی هات.