کاڵکان: ئێمە پابەندین بە رۆحی پرۆتۆکۆڵەکەى ساڵی ١٩٨٢ەوە – بەشی دووەم -

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە رایگەیاند، بە رۆح، جەوهەر و پێوەرەکانى پرۆتۆکۆڵی ١٩٨٢-٨٣ەوە پابەندن. راشیگەیاند، دەکرێت ئەوە ببێتە بناغە بۆ پەیمانى کۆنگرەى نەتەوەیی و ئەگەر هەنگاوێک بنرێت بە ٢ هەنگاو وەڵام دەدەنەوە.

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەرێوەبەری پارتی کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) لەبارەى پەیامە تەلەفونییەکەى رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا. ئۆجالان دواى ٢١ ساڵ بۆ یەکەمجار توانیبوی لە رێگەى تەلەفونەوە لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برایدا قسە بکات.

ئاژانسی هەواڵی فورات: ڕێبەری گەلی کورد وتی،"پەدەکە و یەنەکە خاوەن ئەو بۆچوونەن کە دەڵێن، ئێمە لەدژی پەکەکە شەڕ بکەین، لەبەرانبەریدا دەوڵەتمان دەدەنێ. ئەوە قبوڵناکرێت و نابێت."هەموو دەوڵەتەکان و هێزەکان لەدژی ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ وەستانەوە. ئێستاش وەک ئەوەیە بە شێوەیەکی شاراوە لەگەڵ پەدەکە ڕێککەوتبن. وشەی ڕێککەوتن زۆر بەکاردەهێنرێت. ئایا کێ و بۆچی بەڵێنی دەوڵەت بە پەدەکە دراوە؟ هوشیاریەکەی ڕێبەر ئاپۆ پێویستە چۆن شیبکرێتەوە؟

دوران کاڵکان: سەرکەوتنی پەدەکە و یەنەکە لەسەر شەڕی دژی پەکەکە و لەسەر لەناوبردنی پەکەکە بێگۆمان قبوڵناکرێت. سەرکەوتنی پێچەوانە ڕاستە. ڕاست نییە، کە ڕێکخستنێکی کورد لە دژی ڕێکخستنێکی تری کورد شەڕ بکات و بەو شێوەیە سەربکەوێت. خۆی ناگاتە ئامانجیش. کوردستان پارچە کراوە و فشاری قڕکردنی لەسەرە. ئەگەر مافێک بەدەستبهێنرێت، ئەوا بە تێکۆشان لەدژی هێزە داگیرکەر و قڕکەرەکان دەبێت. ئەگەر شەڕێک بکرێت، پێویستە شەڕ لەدژی هێزەکانی دوژمنی داگیرکەر و قڕکەر بکرێت. لەبەرئەوەش کۆمەڵگای کوردی قبوڵی ناکات کە پارت و ڕێکخستنێکی دوژمنی قڕکەر و داگیرکەر لە لایەک دانێن و شەڕی یەکتری بکەن.

خۆی ئاستی کاری یەکێتیی نەتەوەیی کە بە پێشەنگایەتی کەنەکە لە ماوەی ٥-٦ مانگی ڕابردوودا ئەنجامدران لەبەرچاوە. ئەو داواکارییە لە هەموو پارچەکانی کوردستان پشتگیری بەدەستهێناوە. گەلی کورد، ڕۆشنبیر، ژن، گەنج، کرێکار، رەنجدەران و هەموو گەلی کورد لە دەوری یەکێتی نەتەوەیی کۆبوونەتەوە. ئاشکرایە کە لە ئاستێکی بەرزدا هەست، ڕوح و بۆچوونی یەکێتی نەتەوەیی بەرەو پێشەوە چووە. بۆیە شەڕی نێوان پارتە کوردیەکان بێگۆمان لە لایەن کۆمەڵگاوە قبوڵناکرێت.

لە لایەکی تەوە بەشی دووەمین قسەکانی ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگ و بەواتان. شەڕی پەدەکە و یەنەکە لەدژی پەکەکە لە هەموو پارچەکان لە لایەن کۆمەڵگا، ژن و گەنجانی کوردەوە قبوڵناکرێت. لە شەڕێکی بەم شێوەیەدا پەدەکە و یەنەکە هیچ ئەنجامێک بەدەستناهێنن. خۆی تا ئێستاش دەستکەوتەکانیان لەسایەی هێز و بەرخۆدانی پەکەکە بەدەستهێناوە. ئاشکرایە کە ئەم دۆخە بە دەستوەردانی هەندێک لایەنی ترە. ڕێبەر ئاپۆ سەرنج دەداتە سەر ئەوە  و دەڵێت،"ئێوە لەدژی پەکەکە شەڕ بکەن، ڕێگا نادەن ئێوە دەوڵەتی کوردی دروست بکەن. کۆمەڵگای کوردی ئەوە قبوڵ ناکات. ئەو دۆخە بەم شێوەیەیە کە ئەوانەی داوای شەڕی دژی پەکەکە دەکەن، شتێکی بەو شێوەیەیان پێنادەن.' ئەمە زۆر گرنگە. هەموویان یاری و هەڵخەڵەتاندنن. بۆ ئەوەی شەڕ و ناکۆکی بخەنە ناو پارتە کوردیەکان دۆخێکی بەم شێوەیە دروست دەکەن و قسەی لەسەر دەکەن. وەک ئەوەی لە وڵامی پرسیارەکەی پێشتر دا ئاماژەمان پیدا، ئەو هێزانەی کە لە یەکێتی دیموکراتی و نەتەوەیی کورد دەترسن، بۆ ئەوە ئەم هێزە پارچە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لەدژی یەکتری بەشەڕکردنیان بدەن و لاوازیان بکەن، ئەم کارە دەکەن. وەک تر دەوڵەتێک کە پێیان بدرێت بوونی نییە.

لەم دواییانەدا فشاری سەر پەکەکە زۆرتر بوون، لە لایەکی تر هەندێک قسەی وا بڵاودەکەنەوە کە گوایە لە باشووری کوردستان دەوڵەتێکی جیاواز دروست دەکەن. ئێمەش شتی وامان بیستووە. ئەوە نە بە شەڕی دژی پەکەکە، بەڵکو بە پشتگیری هێزی پەکەکە دەبێت، ئەو کاتە واتای ئەو قسەیە هەیە. بەڵام بە شێوەیەکی تر ناتوانرێت ئەو کارە بکرێت. ئەو هێزانە بە شەڕی دژی پەکەکە ناتوانن شتێک بەدەستبهێنن. بە پێچەوانەوە، بە تێکۆشان و هەبوونی پەکەکە خۆیان گەیاندووەتە ئەم ئاستە. هەموو پێشکەوتنەکانی باشووری کوردستان خۆیان بەمە دەسپێرن.

ڕێفراندۆمی ٢٠١٧مان بیر دێتەوە. کورد پشتگیری لێکرد، پەکەکەش پشتگیری لێکرد، بەڵام ئەوانەی کە ڕێفراندۆمیان ئەنجامدا، ڕووی خۆیان گەڕاندەوە. لە هەموو کەسێک زیاتر فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە لەدژی ئەنجامی ڕیفراندۆم وەستانەوە. ئەو لایەنانەی کە هانی ڕیفراندۆمیان دەدا، ئەوانیان بە تەنها بەجێهێشت. کارەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی ٢٠١٣یان تێکدا. کۆنگرەکە لەسەروبەندی ئەنجامداندابوو. بەهۆی هەڵویستی پەدەکە و هەندێک پارتی تری کورد لەناکاودا پرش و بڵاوبووەوە. دواتر بیستمان کە هەندێک هێز و لایەن کە ڕاویژکاری سەرۆکایەتی پەدەکەن، بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی جیاواز لە باشووری کوردستان هەوڵەکانی کۆنگرەی نەتەوەییان تێکدا کە یەکێتی کوردی دروست دەکرد. ئەوەیان بە شێوەیەکی ئاشکرا وت. پێویست ناکات ناوەکانیان ئاشکرا بکەم، بەڵام ئەمە شیکردنەوەیەک نییە، زانیاریەکی ڕاستە. ئەگەر ئێمە بیر لە دۆخی ئەو کاتە بکەینەوە دەبینین کە ئەوەندەی نەمابوو کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەربکەوێت. سەرەتا نەمانزانی کێ ئەوەی کرد، بەڵام دواتر زانیمان کێ و بۆچی کرا. گوایە، ئەگەر کۆنگرەی نەتەوەیی بە بەشداری هەموو پارچەکان ئەنجامبدرایە، باشووری کوردستان نەدەبوو بە دەوڵەت، بۆ دروستکردنی دەوڵێکی جیاواز لە باشووری کوردستان کۆنگرەی نەتەوەییان پڕش و بڵاوکرد. بەم شێوەیە کاریگەرییان لەسەر پەدەکە و هێزەکانی تر دروستکرد. باشە ئەنجامەکەی چیبوو؟ ئەوانەی کۆنگرەی نەتەوەییان پرش و بڵاوکردەوە، چییان پێشکەش بە پەدەکە و یەنەکە کرد؟ هیچ شتێکیان پێنەدان. نە دوای ساڵی ٢٠١٣ و نە دوای ساڵی ٢٠١٧ هیچیان نەدا. بە پێچەوانەوە کەرکوکیان لەدەستچوو. ئەم دۆخە لەبەرچاوە. هەندێک لایەن قسە دەکەن، بەڵام هەمووی یاریەکی سیاسییە، کە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئامادەیان دەکەن. بە کەڵکی کورد نایەن، بە پێچەوانەوە زیانی بۆ کورد هەیە. ئایا ئەو شتەی لە کوردستان پێشکەوتن دروست دەکات، بە کەڵکی کورد دێت چیە؟ یەکەم: یەکێتیی نێوان کوردە. دووەم: تێکۆشانە بۆ ئازادی و دیموکراسی. کورد جگە لەوە ناتوانێت هیچ دەستکەوتێک بەدەست بهێنێت. بەر لەهەموو شتێک پێویستە ئەمە بزانرێت.

لە ئێستادا ڕێککەوتنێک هەیە یان نە؟ لەگەڵ کێ و چۆن ڕێککەوتن دەکرێت، لەگەڵ کێ مامەڵە دەکەن؟ بێگومان ئێمە نایزانین. بەڵام  دەگوترێت، کە لە باشووری کوردستان دەوڵەتێکی جیاواز دروست دەکرێت. وەک کە وتم، ئەوانەی لە ساڵی ٢٠١٣ دا کۆنگرەی نەتەوەییان تێکدا، لە ساڵی ٢٠١٧ دا ڕیفراندۆمیان تێکدا، هەمان ئەو هێزانەن کە ئێستا ئەو شتە دووبارە دەکەنەوە. ئەو هێزانەش دەناسرێن. دەزانرێن کە هەندێک هێزی ئەمریکا و ئیسرائیل و لایەنەکانی ترن. ئەو هێزانە بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەهێزبوونی پێشکەوتنەکانی دیموکراسی و ئازادی لە پارچەکانی کوردستان بگرن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە چارەسەریی کێشەی کورد بگرن، ئەم کارانە دەکەن. لەبەرئەوەش ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بکرێت، ئەگەر کوردستانێکی دیموکرات و ئازاد دروست ببێت، بە واتای تورکیایەکی دیموکرات، عێراقێکی دیموکرات، ئێرانێکی دیموکرات و سوریایەکی دیموکرات دێت و لە ئەنجامدا ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی دیموکرات دروست دەبێت.

دیارە ئەو هێز و لایەنانەی کە سیاسەتی خۆیان بە بەرژەوەندی دەسپێرن لەم پێشکەوتنە دەترسن و نیگەرانن. بەهۆی ئەوەی پێشکەوتنێکی بەو شێوەیە پلانەکانی ئەوان تێک دەدات.

بە هەندێک بەڵێن دەیانەوێت پێشکەوتنی یەکگرتن و یەکێتی بزوتنەوەی دیموکراسی و ئازادی کوردستان ئاستەنگ بکەن، کە ئەم بزووتنەوەیە کێشەی کورد چارەسەر دەکات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراتیک دەکات. ئاشکرایە کە جارێکیتر سیاسەتی 'پارچە بکە و بەڕێوەی ببە' یان دەستپێکردووەتەوە. بە شێوەیەکی شاراوە دەستیان بەو یاریانە کردووەتەوە. هەوڵ دەدەن یاری بە کورد بکەن و هەڵیانخەڵەتێنن. پێویستە هەموو کەسێک ئەوە بزانێت و بە باشی لێی تێبگات.

لە باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کورد قڕدەکرێن، بەڵام لە باشوور دەوڵەتێکی کوردی دروست دەکرێت! بڕوابوون بە بۆچوونێکی بەو شێوەیە ئایا چ واتایەک دەگەیەنێت؟ ئایا بە ڕاستی بۆچوونێکی بەو شێوەیە بڕواپێکراوە؟ ئایا شتێکی بەو شێوەیە دەبێت؟ ئایا ئەم جیهانە قبوڵی دەکات کە لە باشووری کوردستان دەوڵەتێک دروست بکرێت؟ باشە ئەو کاتە بۆچی کورد لە باکووری بەم ڕادەیە دەبنە ئامانجی هێرشی قڕکردن؟ ئایا ئەمە نابینرێت، ئەوە ئاشکرا نییە؟ لێرەدا شتێک کە لێی تێنەگەین هەیە؟ ئایا مرۆڤ دەتوانێت بۆ گێڕانەوەی ئەم دۆخە بڵێت، 'کوردی باشووریان زۆر خۆش دەوێت، بەڵام کوردانی تریان خۆش ناوێت؟ نەخێر، سیاسەتی ئەوان لەبارەی کوردەوە بەم شێوەیەیە: هەوڵ دەدەن لە ناو کورداندا شەڕ دروست بکەن، کورد لاواز بکەن، بەم شێوەیە ڕێگری لە سەرکەوتنی بزووتنەوەی دیموکراسی و ئازادی کورد بکەن. ئەگەرنا شتێک کە پێشکەشی کوردی بکەن نییە. کورد هەموو شتێک بە هێزی خۆی، بە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی و پێکەوە دەتوانێت بەدەستبهێنێت و قازانج بکات. پێشتریش بەم شێوەیە بوو، ئێستاش بەم شێوەیەیە، لە داهاتووشدا بەم شێوەیە دەبێت.

بۆیە کەس شتێک نادات، خۆی شتێک نادرێت. هەموو کەسێک بیر لە بەرژەوەندی خۆی دەکاتەوە. چ شتێک لە بەرژەوەندی ئەواندا بێت بەو پێیە دەجووڵێنەوە. کەس بیر لە کورد ناکاتەوە. ئەگەر بیریان لە کورد بکردایەتەوە، هەموو ڕۆژێک کورد دەکوژرێت، کەسێک دەنگی لێوەدەهات. دەوڵەتی تورک لە عەفرین، لە سەرێکانی، لە گرێ سپی داگیرکەری و کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدات، ئایا هێزێک هەیە کە لەبەرانبەری بووەستێتەوە؟ نەخێر، بە پێچەوانەوە، زیاتر پەیوەندی بە دەوڵەتی تورکەوە دەکەن، زیاتر پشتگیری لە ئاکەپە و مەهەپە دەکەن، لەناو دۆخی شەڕدا زیاتر بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی بەدەستدەهێنن. پێویستە ئەوە ببینرێت. پێویستە ئیتر هەموو کەسێک باش تێبگات، چاوەڕێی ئەوە نەبێت 'هەندێک کەس شتمان دەدەنێ'. پێویستە کوردان ببینن کە هەموو شتێک بە یەکێتی و تێکۆشان بەدەستدەهێنرێت، ئەوە باش تێبگەن و بڕوایان پێی هەبێت. مێژوو کە بە ئازار پڕە ئەم ڕاستیە ڕادەخاتە بەرچاو. بۆیە پێویستە مرۆڤ وانەیەکی مێژوویی وەربگرێت و لەسەر ئەو بناغەیە ئەمڕۆ و سبەێنی بجووڵێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فورات: لە چاوپێکەوتنەکەدا عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ڕایگەیاندبوو، 'پێویستی کورد بە شەڕ و خوێن نییە، پێویستی بە ئاشتی و یەکێتی هەیە و گرنگترین پەیامیشم ئەمەیە'. ڕیبەری ئۆجالان لەگەڵ ئەوەی ٤٠ ساڵە بۆ دروستبوونی یەکێتی تێدەکۆشێت، بەڵام بۆچی یەکێتی دروست نابێت؟ ڕێگریەکانی بەردەم یەکێتی نەتەوەیی چین؟

دوران کاڵکان: ڕێبەر ئاپۆ ڕوحی یەکێتیی نەتەوەیی، هزر و رێکخستنبوونەکەی و بزوتنەوەیەکی دروست کردووە، لەسەر ئەم بناغەیە لە چوار پارچەی کوردستان کاریگەری لەسەر کۆمەڵگای کوردی دروست کردووە و ئاستێکی بەهێزی یەکێتی، هزر و ڕێکخستنبوونی دروست کردووە. بۆ دروستکردن و بەرەوپێشەوەبردنی ڕێبەرتی نەتەوەیی ئاستێکی زۆر بەرزی پێشکەش کردووە. بەو هزرە لە چوار پارجەی کوردستان بە تێکۆشانی گەنجان و ژنان و شەهیدان، لەسەر ئاستی گەریلابوون، نەتەوەبوونی دیموکراتیکی خوڵقاندووە. پێویستە ئەمە ببینرێت.

پێویستە ببینرێت کە ڕێبەر ئاپۆ ئاستێکی گرنگی ڕێبەرتی نەتەوەیی دروست کرد، ڕوح، هەست و هزری نەتەوەیی هێناوەتە ئاستێکی بەرز، لە ڕووی ڕێکخستنبوون و چالاکیەکاندا لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدا گەنجان، ژنان، ڕەنجدەران و کرێکارانی کوردی لە دەوری یەکتری کۆکردووەتەوە، لە هەر چوار کوردستان بزوتنەوەی نەتەوەیی ئازادی و دیموکراتی دروست کردووە. لەسەر ئەم بناغەیە پرسیاری 'لەگەڵ ئەوەی چڵ ساڵە تێدەکۆشێت، بۆچی یەکێتی نەتەوەیی دروست نەبووە و بەرەو پێشەوە ناچیت' جێگای خۆی ناگرێت. ئاستێکی بەرزی نەتەوەیی هەیە کە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە پێشەنگایەتی دەکەن. لە ڕووی ڕوح، هەست و هزریدا وەک ڕێکخستنبوون و چالاکیدا ئەو شتە ئەنجامدراوە. بەسەرهاتی پەکەکە و ئەو شتانەی ناو گەریلاکانی پەکەکەدا ئەنجامدراون، بەڵگەی زەقی ئەو ڕاستیەن. ئەو شتانەی لە دەرەوەی وڵات ئەنجامدەدرێت، بەڵگەی ئاشکرایی ئەم شتنە. لە دەرەوەی وڵات کوردانی چوار پارچەی کوردستان لە هەموو مەزهەبم زاراوەی کردی لە ئاستێکی بەرزدا ژیان و ڕوحی یەکێتی نەتەوەییان دروست کردووە. پێویستە ئەم راستیە ببینرێت. پێویستە مرۆب بەها و واتای ئەو شتانە بزانێت.

بەڵام ئێمە ئەم پرسە بەم شێوەیە تێدەگەین، نەک ئەوەی لە ڕوویی یەکێتی نەتەوەییدا هیچ پێشکەوتنێک دروست نەبووە: لەبەرئەوەی یەکێتی و هەبوونێکی تەواو دروست نەبووە، یەکێتیەک کە هەموو کەسێک خۆی تێدا دەبینێتەوە دروست بووە، بۆچی ئەوە ڕوویدا؟ ڕاستیەکی بەو شێوەیە هەیە کە تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوو لە مێژووی کوردستاندا گەشەدانی گەورەی خوڵقاندووە و بووەتە دۆخێکی رەها. پێویستە ئەوە ببینرێت و تێگەیشتن لەسەری هەبێت. بەڵام سیاسەتی کورد ئەمڕۆ ئەم شتانەی نەهێناوەتە ئاستێکی بەرز کە یەکێتیەکی بەو شێوەیە لە کۆنگرەیەکی دیموکراتیکی نەتەوەییدا خۆی دەبینێتەوە.

لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٨٠ و بەمکاوە پرسی کۆنگرەی دیموکراتیکی نەتەوەیی لە ڕۆژەڤدایە. لەو کاتەشدا گفتوگۆی لەسەردەکرا و دواتر جار جار دەبینرا، هەندێک جار لەبەرچاو ون دەبوو، بەڵام بە هەموو شێوەیەک لە ناو سیاسەتی کورددا جێی خۆی گرت. لە دە ساڵی ڕابردوودا لە ئاستێکی بەرزدا لە ڕۆژەڤدا بوو. ئەمڕۆش لە ئاستێکی بەرزدا لە ڕۆژەڤدایە.

ئایا بۆچی یەکێتیەک دروست نەبوو و ئایا دروست نابێت؟ پێویستە وڵامی ئەم پرسیارانە بدرێتەوە. ڕێبەر ئاپۆ لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٠ کاتی دروستکردنی کەنەکە ویستی یەکێتیەک دروست بکات. ویستی هەموو سیاستی کورد لە ناو کەنەکەدا کۆبکاتەوە، تەڤگەری ئازادی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بتوانێت چارەسەریەکی ئازادیخواز و دیموکرات دروست بکات. بە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی هێرشیان کردە سەر ئەم شتانە، ویستیان ڕێگری لەم شتانە بکەن و ئاستەنگی بکەن. بە سیستمی ئیمڕالی هەوڵیاندا هەموو هزر و ئامانجەکان لەناوببەن. ڕێبەر ئاپۆ لەدژی ئەم شتانە تێکۆشانی کرد. پارتەکەمان و گەلەکەمان راستی رێبەرتی باش دەزانن و تێکۆشانیان کرد.

مرۆڤ سەرنج بداتە سەر بیر و هەستیاری نەتەوەیی لە چوار پارچەی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات ئاستێکی گرنگ هەیە. بە پێشەنگایەتی پەکەکە یەکێتیەکی دیموکراتیکی نەتەوەیی دروست بووە. هەندێک پارت وڕێکخستنی کوردی هەوڵ دەدەن سیاست و ڕێکخستن و بەرپرسیاری خۆیان بەرەوپێشەوە ببەن. پێویستە ئەم یەکێتیە لە دەوری کۆنگرەی نەتەوەیی ئەنجامبدرێت. بۆچوونی بزوتنەوەیەکان بەم شێوەیەیە. بۆ ئەوەی شتێکی بەو شێوەیەش ئەنجامبدرێتم ئێمە کار دەکەین.

لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئێمە زۆر بەرەو پێشەوە چووین بەڵام هەندێک لە هێزەکان ڕێگای یەکێتیان گرت. ئێستاش پێویستیەکی گەورە هەیە، بەڵام هەندێک هێزی بەرژەوەندیخواز ڕێگری دەکەن. لە ڕاستیدا کۆمەڵگا یەکگرتووە. لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات ئاستی یەکێتی نەتەوەیی لەسەدا نەودوپێنج دروست بووە. ئەوە ئاستێکی زۆر باشە و زۆر گرنگە. لەگەڵ ئەوەی فێڵ و تەڵەکەبازی زۆریش دەکرێت، بەڵام رێگریکردن لە شەڕی ناوخۆیی و هاوکاری پارتی و ڕێکخستنەکان کە پشت بەو یەکێتی و هەستیارە دەبەستێت لەناو کۆمەڵگادا هەیە. پێویستە پارتی و ڕێکخستنەکان یەکێتی سیاسی دیموکراتی دروست بکەن. ئەوەش بە کۆنگرەی نەتەوەیی دیموکراتیک دەبێت. پێویستە هەموو پارت و ڕێکخستنەکان لە ناو ئەم خەباتەدا جێ خۆیان بگرن، بتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بکەن و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن. کۆنگرەی نەتەوەیی پێویستە نەبێتە زەیمینێک بۆ پارت و ڕێکخستنەکان کە یەکتری لاواز بکەن. بە پێچەوانەوە پێویستە زەمینێک دروست بکەن کە هەموو پارتەکان سەربکەون و خۆیان بەرەو پێشەوە ببەن.

بە پێی بۆچوونمان پێویستە کۆنگرەی نەتەوەیی بەم شێوەیە بێت. ئەم پلاتفۆرمە بۆ هەموو لایەک باشە. ئێمە وەک پەکەکە دەمانەوێت لە سەر ئەم بناغەیە بەشداری بکەین. بەڵام ئێمە ڕامانگەیاند کە هەندێک لایەن دەبنە ڕێگر، بەشداری ناکەن. لە ناو کۆمەڵگادا هەستیاریەک دروست بوو. لەسەر پارت و سیاسەتی کورد پێویستە فشار دروست بکرێت. دەبێت بگوترێت سیاسەتی یەکێتی نەتەوەیی ئەوان چییە؟ کێ لەگەڵدایە و کێ لەگەڵیدا نییە؟ کێ بەشداری یەکێتیەکە نابێت و هۆکارەکانی چین؟ پێویستە ئەم پرسیارانە بکرێت. پێویستە ئەم پرسیارانە بە پەدەکە و یەنەکە و هەموو پارتە کوردیەکان بکرێت.

ئێمە وەک پەکەکە بۆ یەکێتی نەتەوەیی ئامادەین. ئێمە بە ڕوون و ئاشکرا ئەوە دەڵێتن، بەڵێن دەدەین بە پێی ئەو هەنگاوە سیاسەت بکەین. لەو ڕووەوە با کەس نیگەران نەبێت، ئێمە کەس هەڵناخەڵەتێنین. ئێمە لەدڵەوە ئامادەین. ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕایگەیاند کە پەیمان و داواکاری ئاشکرای ئەوەیە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٠دا ئامانجی ئەوەبوو کە یەکێتیەکی بەم شێوەیە دروست بکرێت و ئەوەش وەک سیستمێک بەڕێوەببات. بۆیە پیلانگێڕی بەرنابەر ئەنجامدرا. ئێستاش بۆ هەمان شت کار دەکات و بانگەوازی دەکات. بە بۆچوونی  ئێمە ئەوە زۆر واتادار و گرنگە. بەڵام پێویستە مرۆڤ سەرنج بداتە سەر ئەوەی کە پارتەکان یەکناگرن. کۆنگرەی نەتەوەیی بە بەشداری پارت و ڕێکخستنەکان ئەنجامدەدرێت. لە سیاسەتی ئێستای کورددا هێرش هەیە. لەناو ئەو هێزانەدا کە نوێنەرایەتی سیاسەت دەکەن، لە ناو پارت و گروپ و ڕێکخستنەکاندا هێرش هەیە. واتە یەکێتیەکە بە کەڵکی ئەوان نایەت، یان لەژێر کاریگەری هەندێک لایەندان کە ڕێگری لە یەکێتی کورد دەکەن و نایانەوێت کورد یەکبگرێت. با هیچ کەسێک هۆکارێکی تر نەهێنێتەوە. با کەس نەڵێت پەکەکە لەبەردەم یەکێتی ئاستەنگە، دۆخی پراکتیکی ئەو درۆیانە ئاشکرا دەکات. دۆخە راستەقینەکە ئاشکرایە. پێویستە هەموو لایەنەکان وەک ئێمە هەڵوێستیان ئاشکرا بکەن. پێویستە ئێمە لەدژی دۆخی هەندێک لایەن کە ئاستەنگی دروست دەکەن هەڵوێست دەرببڕین. لایەنە دەرەکیەکان کە لە یەکێتی، ئازادی، دیموکراسی و چارەسەری دۆخی کورد دەترسن و نایانەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکرات ببێت، لەبەردەم یەکێتی نەتەوەیی ئاستەنگن. ئەوانەی سوود لە دۆزی کورد وەردەگرن و بۆ دۆزی کورد چارەسەر نەبێت، دەیانەوێت سیاسەتی کورد پارچە بکەن. هەندێک پارت و ڕێکخستنیش لەژێر کاریگەری ئەواندان. ڕێککەوتن وبەرژەوەندیان پێکەوە هەیە.

دەتوانم ئەم شتانە بڵێم: بەڕێوەبەرایەتی پەدەکە و یەنەکە ئەگەر یەکێتی دیموکراتی نەتەوەیی بە بناغە وەربگرن، بە چاوەی پلاتفۆرمی سەرکەوتنی پارتە کوردیەکان سەیری کۆنگرەی نەتەوەیی بکەن، ئەو کاتە کورد یەکێتی و کۆنگرەی نەتەوەیی دروست دەکات. گرنگ ئەمەیە ئیرادەکە ببینرێت، پێشکەوتن و بەرژەوەندی پارتی خۆیان لەم شتەدا ببینن. کۆنگرەی نەتەوەیی کورد پێویستە ببێتە پلاتفۆرمی هەموو پارت و ڕێکخستنە کوردیەکان و سەربکەوێت. بۆ ئەوەش پێویستە هەژموون و سیاسەتی دیموکراتی ببێتە بناغە. ئەگەر ئەو دۆخە دروست ببێت، هەموو ئاستەنگیەکان دەڕەوێنەوە و لە ناو مانگێکدا لە بەرزترین ئاستدا یەکێتی دیموکراتی نەتەوەیی کورد دروست دەبێت.

ئاژانسی هەواڵی فورات: باسی پرۆتۆکۆڵێک دەکرێت، کە لە ساڵی ١٩٨٢ دا لەگەڵ ئیدریس بارزانی واژۆکراوە. ئۆجالانیش پێشتر باسی ئەوەیکردبوو. وەک دەزانرێت لە ساڵی ١٩٨٣دا مەسعود بارزانی ئەو پرۆتۆکۆڵەى واژۆکردبوو. ٤٠ ساڵ بەسەر ئەو پرۆتۆکۆڵەدا تێپەڕیوە، باشە ئەو پرۆتۆکۆڵە لەسەر چی بوو؟ گەلۆ دەتوانرێت ئەو پرۆتۆکۆڵە بۆ ئەمڕۆش نوێ بکرێتەوە؟

دوران کاڵکان: پرۆتۆکۆڵی ١٩٨٢، کە رێبەر ئاپۆ باسی دەکات، بەڵگەیەکى هاوپەیمانیی دیموکراتیک و نەتەوەییە، کە لە ١١ خاڵ پێکدێت. پرۆتۆکۆڵەکە لەبەردەستە و لە میدیاکانیشدا بڵاوکرایەوە. هیچ شتێک بۆ شاردنەوە لە گۆڕێدا نییە. هەڤاڵی شەهید محەمەد قەرەسونگور هەوڵێکى زۆریدا لە نێوان پەکەکە و پەدەکەدا ئەو هاوپەیمانییە بەدی بێت. بە بۆنەى ٣٧هەمین ساڵیادی شەهیدبوونیەوە بە رێزیەوە یادی دەکەمەوە. لە ساڵانی ١٩٨١ و ١٩٨٢ یەکێک لە بەرپرسانی حیزبەکەمان بوو بۆ خەباتی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان. فەرماندەیی بەرخودانی حیلوان و سێوەرەگیشی کردبوو. یەکەمین ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی حیزبەکەمان بوو. بەرپرسی سەربازیی کۆمیتەى ناوەندی بوو. لەبەر ئەوەى خەباتی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان خەباتی سەربازی بوون، هەر لە سەرەتاوە لە ناو ئەو خەباتەدا بوو. هەموو رێکخستنەکانى رۆژهەڵات و باشووری کوردستانی دەناسی و لەگەڵ بەڕێوەبەرانی هەموو رێکخستنەکاندا دانیشتبوو و پەیوەندیی دروستکردبوو. پەیوەندیی پەکەکەى لەگەڵ رێکخستنەکانى کورد بونیاتنا. ئەو پەیوەندییە بووە هۆی هەندێک پرۆتۆکۆڵ و رێککەوتن و بەڵێنی زارەکى و نووسراو. لەو رێککەوتنانەدا هاوپەیمانیی پەدەکە و پەکەکە روویدا. بۆ ئەوەش زۆر هەوڵیدا. چەندجار لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان و لوبناندا رۆیشت و هات. ئەنجامی ئەو چاوپێکەوتنانەى بە رێبەر ئاپۆ راگەیاند. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٢دا ئەو پرۆتۆکۆڵەى لێبەرهەم هات. لە ساڵی ١٩٨٣ دا رێبەر ئاپۆ و سەرۆکی گشتیی پەدەکە مەسعود بارزانى پرۆتۆکۆڵەکەیان واژۆ کرد. لەو سەردەمەدا ئێمە لەگەڵ رێکخستنەکانى تری کورد و تورک دا لە پەیوەندیدا بووین و پرۆتۆکۆڵی تری هاوشێوەمان واژۆکرد. لە تورکیا لەگەڵ ٨ رێکخستنی تورکدا 'بەرەی بەرخودانی یەکگرتوانە لە دژی فاشیزم'مان بونیاتنا. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ رێکخستنە فەلەستینییەکانیش پەیوەندی و هاوپەیمانیمان هەبوو.

هاوپەیمانیی نێوان پەکەکە و پەدەکەیش لەسەر ئەو بنەمایە بوو و گرینگ بوو. لەگەڵ بەڕێوەبەریی یەنەکەشدا هەندێک چاوپێکەوتنى گرنگ ئەنجامدرابوون، هەمان پەیوەندی و هاوپەیمانیش لەگەڵ یەنەکەشدا ئەنجامدرابوو. پەیوەندیی نێوان ئێمە و پەدەکە و یەنەکە لەسەر بنەمای عەقڵییەتى دۆستانە و سوودی دوولایەنە و یەکێتیی دیموکراتیک و نەتەوەیی بوو. لەسەر ئەو بنەمایە نەبوو، کە رێکخستن لە بەرامبەر یەکتردا پشتیوانیان لێ بکات. ئێمە لە دژی رێکخستنێکى تر لەگەڵ رێکخستنێکى تر دانەنیشتین، ئەوە روونە و هەر خۆی هەموو لایەنەکان دەیزانن.

ئەگەر ئێمە باسی ئەو پرۆتۆکۆڵە دەکەین، ئیمە ئەمڕۆش دەتوانین ئەو خاڵانە واژۆ بکەین. ئەگەر بەڕێوەبەریی پەدەکە قبوڵیان بێت ئیمە دیسانەوە دەتوانین واژۆی بکەینەوە. ئەوانە خاڵ و پرەنسیپی گرنگن. لەسەر چوارچێوەى دیموکراتیک و نەتەوەیی بوو. لە پرۆتۆکۆڵەدا باسی یەکێتیى چوارپارچە، یەکگرتنی رێکخستنەکان، پێشخستنی دیموکراتیک و نەتەوەیى کوردان، چارەسەریی دۆزی کورد لە هەر چوار پارچەى کوردستانی کرابوو. لەبەر ئەوەى ماوەیەکى زۆری بەسەردا تێپەڕیوە و ٤٠ ساڵ لەوە پێش بووە، دەبێت کە هەندێک چەمکی بەکارهاتوو تیایدا گۆڕابن، چونکە دونیاش گۆڕاوە، کوردستان گۆڕاوە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕاوە و لەسەر ئەو بنەمایە هەندێک خاڵ هەیە، کە دەکرێت بگۆڕدرێن. جگە لەو شتانە بۆ بەهێزکردن و پێشخستنی یەکێتیی دیموکراتیکی نەتەوەیی کوردان هیچ فیکرێکى تیادا نییە، کە ئێمە ئەمڕۆ رەتی بکەینەوە. پرۆتۆکۆڵێکى گرنگ، واتادار و بەهێز بوو. لە خاڵی ٩ی رێککەوتنەکەدا باسی چۆنیەتیی پەیوەندیی حیزب و رێکخستنە کوردییەکان لەگەڵ یەکتر دەکات، لەبارەی چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە هەموو شتێک بە روونی دەخاتەڕوو. هەم پەکەکە و هەمیش بەڕێوەبەری پەدەکە ئەو شتەیان قبوڵ کردبوو. ئەو بەڕێوەبەرییەى ئەو شتەى قبوڵکردبوو و واژۆی کردبوو ئەمڕۆش لەسەر کار و ئەرکی خۆیانن. دەبێت ئێمە بەرپرسیاریانە بجوڵێینەوە. دەبێت ئێمە بپرسین 'گەلۆ پەیوەندیی پەکەکە و پەدەکە لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێوەدەچێت، قەیران و کێشەکان لە نێوانیاندا بەپێی خاڵی ٩هەمین چارەسەر دەکرێن یان نا'. بەڵام کاتێک ئێمە سەرنجی دەخەیەنە سەر ئەوە دەبینرێت، کە بەو شێوەیە نییە.

من دەتوانم لەبارەى ئەو هاوپەیمانییەوە بڵێم، کە پەکەکە و پەدەکەش بەهێز بوون. لە ساڵانی ١٩٨٣ ، ١٩٨٤ و ١٩٨٥ ئەو دوو حیزبە بەهێز بوون. پەدەکە دواى ساڵی ١٩٧٥ زۆر لاواز بوو بوو. بۆ ئەوەى بێتەوە سەر خۆ، بگەڕێتەوە کوردستان و ببێتەوە بە جوڵەیەکى پێشمەرگانە، من لەو بڕوایەدام ئێمە هێزێکى زۆرمان بە پەدەکە دا. پەکەکەش لە باکووری کوردستان بۆ ئەوەى لە دژی رژێمی سەربازیی فاشیستی ١٢ی ئەیلول ئامادەکاریی بەرخودانى گەریلایی دەکرد. لەسەر ئەساسی ئەو گەشەسەندنانە هەڵمەتى گەریلایی ١٥ی تەباخ (ئاب) خوڵقا. ئەو گەشەسەندنەى ئەمڕۆ کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووناک دەکاتەوە لەسەر ئەو بنەمایە دروستبووە. ئەو دۆخە سوودی بۆ هەر دوو حیزبەکە هەبوو و کۆمەڵگەى کوردان سەرکەوت. رۆح، هەست، بیربوون و یەکێتیی نەتەوەیی کوردان سەرکەوت. بزووتنەوەکانی ئازادی و دیموکراسیی کوردان، دەستکەوتی بەهێز و گەورەیان بەدەستهێنا. بەڵام کاتێک تێکۆشانی ئازادیی کوردان بەرەو پێشچوو، لە باکووری کوردستان گەریلاکان کاریگەری و بەردەوامی و بەهێزیی خۆی سەلماند، بوونە هێزێکی گەورەی تێکۆشان و ئەوە دەرکەوت، کە بزووتنەوەى ئازادی لە کوردستان پێشدەکەوێت و چارەسەریی دۆزی کوردان دەسەپێنرێت، لەو کاتەدا ئەو هێزانەى کە کێشەى کوردیان دروستکردبوو و سوودیان لێ دەبینی دەستبەکار بوون. یەکەم هەنگاویان پارچەکردنی پەیوەندی و هاوپەیمانیی نێوان پەکەکە و پەدەکە بوو. ئەوەیان ئەنجامدا. لەو کاتەدا رووی پەدەکەیان بەرەو تورکیا وەرسوڕاند و پەیوەندییان لەگەڵ تورکیادا بۆ دروستکرد. لە ناو ناتۆدا هەندێک لایەن ئەو شتانەیان کرد و هێزەکانى وەک ئەمریکا و هی تریشیان لە ناودا بوو. ئەو هێزانەى کە پەکەکە شەڕی لە دژیان دەکرد، پەدەکەیان بردە لای خۆیان و هاوپەیمانی و پەیوەندیی نێوان پەکەکە و پەدەکەیان پارچەکرد. دەبێت راستییەکە بەو شێوەیە ببینرێت. بە کورتی ئێمە ئێستاش پابەندین بە رۆح و ناوەرۆکی ئەو پرۆتۆکۆڵەوە. ئاستی بەرەوپێشبردنی ئەو پرۆتۆکۆڵە لە ناو بزووتنەوەکەمادا هەیە.

ف.ق / ژ.ت