لە کۆبانێ تەرمی دوو شەهید بەخاکسپێردران

بەسەدان دانیشتووانی هەرێمی فورات بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی شەهید ئالان بەخدک و فێمێ دۆنخز روویان لە گۆڕستانی شەهید دیجلەی باشوری شاری کۆبانێ کرد.

بە سەدان کەس لە دەزگا مەدەنی و دەزگاکانی سەر بە بەڕیوەبەری خۆسەری هەرێمی فورات بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی ئالان بەخدک (محەمەد محەمەد) ئەندامی تەڤدەم کە ٩ی نیسان لە شەنگال شەهید بوو و تەرمی فێمێ دۆنخز (سلۆ محەمەد) ئەندامی جەبهە ئەلئەکراد کە ٢٢ی نیسان لە منبج لەسەر ئەرکەکەی شەهید بوو، کۆبوونەوە و تەرمی هەردوو شەهید لە گۆڕستانی شەهید دیجلە لە باشوری کۆباێ بەخاکسپێردران.

دوای خولەکیک رێزگرتن لیفییە سلێمان ئەندامی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە ناوچەی شێران قسەی کرد. لیفییە رایگەیاند کە ئەرکیان ئەوەیە ئاڵای شەهیدان هەڵگرن و بەردەوامی بە رێچکەیان بدەن و وتی، " ئێمە خاوەن ئیرادە و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆیین، ئێمە خاوەنی شەهیدانین کە گیانیان بەخت کردووە و دوژمن لەناو دەبەین. ئێمە لە سایەی شەهیدانمان بە تەئکیدی سەردەکەوین. بەڵێن دەدەین کە رێگەیان تاوەکو ئازادی بەردەوامی پێبدەین."

محەمەد عەلی ئەندامی بەڕێوەبەری جەبهە ئەلئەکرادی هەرێمی فوراتیش قسەی کرد و بەڵێنی بەردەوامیدان بە رێگەی شەهیدانیدا.

ساڵح نوح ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)ش قسەی کرد و باسی ئەوەی کرد کە شەهیدان بۆ خوڵقاندنی ژیانێکی شەرەفمەندانە گیانیان فیدا کردووە و وتی، " ئێمە خاوەن شانسێکی گەورەین کە رێبەر ئاپۆ لەم قۆناغەدا دەرکەوتووە. رێبەر ئاپۆ دەڵێت، ئەو شوێنەی هزری منی لێبێت، من لەوێم. پێویستە ئێمەش خاوەنداری لە هزر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ و شەهیدان بکەین."

لەسەر ناوی خانەوادەی شەهید وڵات شێخۆ قسەی کرد. شێخۆ باسی ئەوەی کرد کە تاوەکو کۆتایی بەردەوامی بە رێچکەی شەهیدان دەدەن.

دواتر ناسنامەی شەهیدان خوێندرایەوە و رادەستی خانەوادەکانیان کرایەوە. تەرمی هەردوو شەهید بە وتنەوەی دروشم و هەلهەلەلێدان بەخاکسپێردران.

ف.ق